Erbil 31°C سێشەممە 04 ئاب 02:58

نێچیرڤان بارزانی و ئەحمەد شەرع  لە دیمەشق کۆبوونەوە

100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیمەشق لەگەڵ سەرۆک کۆماری سووریا کۆبووەوە و ڕایگەیاند، پشتیوانیی خۆمان بۆ سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو دووبارە کردەوە کە تيایدا مافی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان پارێزراو بێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ دیمەشق  و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای پەیامەکەیدا نووسیویەتی: خۆشحاڵ بووم کە ئەمڕۆ بە بانگهێشتى ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، سەردانی دیمەشقم کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە: "دوای ساڵانێکی زۆر لە نەهامەتی و ناخۆشی، ئێستا سووریا دەرفەتێکی مێژوویی لەبەرده‌مدايه‌ بۆ بووژانەوە، ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندن. متمانەی تەواوم بە ڕوانگەی ئەحمەد ئەلشەرع دەربڕی و جەختم لەوە کردەوە کە بە سەرکردایەتیی جه‌نابيان، سووریا دەتوانێت بەرەو سەقامگیریی زیاتر، خۆشگوزەرانی و داهاتوویەکی گەشتر بۆ سەرجەم پێكهاتەکانی گەلەکەی هەنگاو بنێت".

لە پەیامەکەیدا هاتووە: "پشتیوانیی خۆمان بۆ سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو دووبارە کردەوە کە تيایدا مافی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان پارێزراو بێت. هاوکات جەختمان لە گرنگیی ڕۆڵی ئەرێنیی سووریا لە پێشخستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەدا، کردەوە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە: "وەک دراوسێ، سووریا و عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەنی گەلێک بەرژەوەندیی هاوبەشن و زەمینەیەکی زۆر و لەبار هەیە بۆ فراوانکردنی هاوکاریی ئابووريی نێوانيان لەپێناو بەرژەوەندیی گەلەکانماندا".
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.