Erbil 31°C دووشەممە 21 ئەیلوول 10:24

نێچیرڤان بارزانی پيرۆزبايى له‌ یەکێتیی زانایانى ئايينيى ئيسلامى كوردستان ده‌كات

100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی 56ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: مامۆستایانی ئایینی، ڕۆڵێکی باڵا دەگێڕن لە چەسپاندنی میانڕەوی، لێبوردەیی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان.

دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

لە پەنجا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی، سەرکردایەتی و تەواوی مامۆستایان و زانایانی ئایینیی پیرۆزی ئیسلام لە هەرێمی کوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

مێژووی خه‌باتى زانایانی ئایینی و یەکێتییەکەیان لە قۆناغی خەباتی ڕزگاریخوازی و لە سەردەمی شۆڕشدا، شانبەشانی پێشمەرگە و ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، بە پێزانین و ڕێزێکی زۆرەوە هەڵدەسەنگێنین. لەم یادە شکۆدارەدا، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی زانایانی ئایینی و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان دەنێرین کە گیانی خۆیان لەپێناو نیشتماندا بەخشی.

مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی، هەمیشە کۆڵەکەی پاراستنی بەها مرۆیی و نیشتمانییەکان بوون و ڕۆڵێکی باڵا دەگێڕن لە چەسپاندنی میانڕەوی، لێبوردەیی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان، هەروەها لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا. هه‌ر له‌م ياده‌دا جه‌خت دەکەینەوە کە کوردستان وەک هەمیشە بە لانکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەمێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/9/21
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.