ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بە کۆی دەنگ بڕیاری دا بڕی کەمترین مووچەی مانگانەی کرێکارانی خانەنشینی کەرتی تایبەت دیاری بکات، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی مافی کرێکاران و هاوتاکردنی ئیمتیازاتەکانیان.
بەپێی بڕیارە نوێیەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی 500,000 (هەزار دینار وەک کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ ئەو کرێکارانە دیاری کرا کە لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن و خاوەنی دەستەبەری کۆمەڵایەتین. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە پێشتر داواکارییەکی زۆر هەبوو بۆ چاکسازی لە یاسای کار و خانەنشینی بۆ ئەوەی جیاوازییەکانی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت کەم بکرێنەوە.
بۆ خستنەبواری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، ئەنجوومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی (کار و کاروباری کۆمەڵایەتی) و وەزارەتی (دارایی و ئابووری) ڕاسپاردووە، کە بە زووترین کات ڕێنماییە پێویستەکان و میکانیزمی ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەربکەن. ئامانج لەم هەنگاوە دابینکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆ ئەو تیکۆشەرانەی کە ساڵانێکی درێژ لە پڕۆژە و کۆمپانیا تایبەتەکاندا خزمەتیان کردووە.
شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن، کە دیاریکردنی ئەم بڕە مووچەیە (500 هەزار دینار) هاندەرێکی گەورە دەبێت بۆ گەنجان تاوەکو بە دڵنیاییەکی زیاترەوە ڕوو لە کەرتی تایبەت بکەن و تەنها چاویان لە دامەزراندنی حكومی نەبێت. ئەمە نەک هەر بارگرانی سەر کەرتی گشتی کەم دەکاتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی گەشەکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێم لە ڕێگەی بەهێزکردنی هێزی کار لە بازاڕدا.
ئەم بڕیارە وەک دەستکەوتێکی گرنگ بۆ سەندیکاکانی کرێکاران و توێژی کەمدرامەت هەژمار دەکرێت، کە لەمەودوا لە کاتی خانەنشینبووندا خاوەنی بژێوییەکی جێگیرتر دەبن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.