فازڵ میرانی سەردانی بنکەیەکی دەنگدانی کرد لە پارێزگای هەولێر، بەهۆی کێشەی خوێندنەوەی پەنجەمۆرەوە نەیتوانی دەنگ بدات، دوای چەند خولەکێک دواتر چارەسەری کێشەکە کرا و توانی دەنگ بدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2021 فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە پڕۆسەی دەنگدان سەردانی بنکەیەکی دەنگدانی کرد، بەڵام بەهۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرەوە نەیتوانی دەنگ بدات، دواتر کێشەکەیان بۆ چارەسەر کرد.
فازڵ میرانی لە لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، بەهۆی هەبوونی کێشە لە ئامێری دەنگدان نەمتوانی دەنگ بدەم، هەروەها ئاماژەی بە کێشەی گەڕانەوەی ناوی دەنگدەرە ئاوارەکانی شنگالیش کرد و گوتی نزیکەی 10هەزار دەنگدەر بەهۆی نەگەڕانەوەی ناویان نەیانتوانی دەنگ بدەن، لە درێژەی قسەکانیشدا فازڵ میرانی هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ هۆکارێکی سیاسی.
فازڵ میرانی ڕایگەیاند، ئەگەر بەم شێوەیە گرفت لە ئامێرەکانی دەنگدان هەبێت، ئەوا کاریگەری بەسەر ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران دەبێت.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای چەند خولەکێک دوای لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکە فازڵ میرانی ئاگادار کرایەوە دووبارە بگەڕێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، دوای گەڕانەوەی توانی دەنگ بدات.
فازڵ میرانی لە لێدوانەکەیدا داواشی لە هاووڵاتییان کرد بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدان بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.