Erbil 6°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 00:36

​​​​​​​ هه‌ندرێن خۆشناو خه‌ڵاتی یه‌که‌می کاریکاتێریی له‌ کڕواتیا پێبه‌خشرا

کوردستان TV
100%

هونه‌رمه‌ند هه‌ندرێن خۆشناو، كه‌ شێوه‌كار و كاریكاتێریستێكی كورده‌، له‌ دایكبووی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌م رۆژانه‌دا له‌ وڵاتی كرواتیا خه‌ڵاتی یه‌كه‌می جه‌ماوه‌ریی له‌ فێستیڤاڵێكی كاریكاتێریی پێبه‌خشرا، هه‌ندرێن خۆشناو كه‌ كاریكاتێریستێكی پێشه‌نگه‌ له‌ بواری كاریكاتێر و كارتۆندا له‌ باشوری كوردستان، یه‌كه‌م پێشانگای تایبه‌تی كاریكاتێری خۆی له‌ ساڵی 1986 له‌ هه‌ولێر كردۆته‌وه‌، له‌و ساته‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ كاركردن له‌م بواره‌دا، و له‌ زۆربه‌ی رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی كوردستانیشدا كاریكردووه‌ و به‌رهه‌مه‌كانی بڵاوكردۆته‌وه‌، له‌دوای  ساڵی 2000 یشه‌وه‌ به‌رده‌وام به‌شداری له‌ پێشانگا هاوبه‌ش و فێستیڤاڵه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا ده‌كات، و چه‌ندین جار خه‌ڵات و بڕوانامه‌ و رێزلێنانی پێبه‌خشراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ دوایین چالاكی نێوده‌وڵه‌تی خۆی هه‌ندرێن خۆشناو بۆمان دوا و گوتی: ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین فێستیڤاڵی كارتۆنیيه‌ كه‌ له‌ زه‌گربی پایته‌ختی وڵاتی كرواتیا، له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری كولتوری ترێشنێڤكاوه‌ سازبكرێت، به‌نیازن هه‌موو ساڵێك سازی بكه‌ن، لێژنه‌ی دادوه‌ری هونه‌ری كه‌ له‌ حه‌وت هونه‌رمه‌ندی به‌ ئه‌زموون پێكهاتبوون بۆ بژارده‌كردنی كاره‌كان، له‌ نێو سه‌دان هونه‌رمه‌نده‌وه‌، ته‌نیا كاری (163) هونه‌رمه‌ندیان له‌ (43) وڵاته‌وه‌ هه‌ڵبژارد، بۆ پێشانگای كۆتایی فێستیڤاڵه‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانیان نمایش بكرێن، و دوایی له‌ كاتالۆگێكیش چاپ بكرێن، بابه‌تی فێستیڤاڵه‌كه‌ بریتی بوو له‌و كێشه‌ و گرفته‌ جیهانیانه‌ی دوایی، وه‌كو له‌رزینی زه‌وی و لافاو و هاتوچۆ...هتد، و له‌ پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ په‌تای كۆڤید19، بێجگه‌ له‌ بڕیاری لێژنه‌ی دادوه‌ری، ئه‌مجاره‌ بینه‌ر و جه‌ماوه‌ریش به‌شداربوون له‌ دیاركردنی كاره‌ براوه‌كان، خۆشبه‌ختانه‌ بینه‌رێكی زۆر ده‌نگیان به‌ كاره‌كه‌ی من دابوو، كه‌ ژماره‌یان (622) ده‌نگ بوو، له‌كۆی ئه‌م ژماره‌یه‌ش 99 ده‌نگ هی، براده‌ر و هاوڕێیانی كوردی خۆمان بوون، كه‌ لێره‌وه‌ زۆر سوپاسی ئه‌م پشتگیریكردنه‌یان ده‌كه‌م، و سوپاسی هه‌موو ده‌نگده‌رانی دیكه‌ش ده‌كه‌م، هیوادارم بتوانم به‌رده‌وام بم له‌ خزمه‌تكردنی هونه‌ری شێوه‌كاری كوردی به‌ گشتی، و هونه‌ری كاریكاتێر و كارتۆنیش به‌ تایبه‌تی.

ئا- كامران

شێوه‌کاری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.