هەر ئێستا دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکرد.
کاتژمێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2021، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی دەستیپێکرد و بڕیار وایە تاوەکوو کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە پڕۆسەکە بەردەوام بێت.
بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ 23 ملیۆن و 986 هەزار و 741 هاووڵاتی لە سەرتاسەری عێراق مافی دەنگدانیان هەیە و 3243 کاندید ڕکابەری لەسەر 329 کورسی دەکەن لە 83 بازنەی جیاوازدا.
ھەر بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پارێزگای هەولێردا زیاتر لە 1 ملیۆن و 228 هەزار هاووڵاتی مافی دەنگدانییان هەیە لە چوارچێوەی چوار بازنەدا، بەپێی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2020ـی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پارێزگای هەولێر دابەشکراوە بەسەر چوار بازنەدا و 15 کورسی گشتی و 1 کورسی کۆتای مەسیحییەکانی بۆ تەرخانکراوە.
بەپێی ھەمان داتا، لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 827 هەزار هاوڵاتی مافی دەنگدانییان هەیە و دابەشکراوە بۆ 3 بازنە و 11 کورسی بۆ پارێزگاکە تەرخانکراوە.
ھەروەھا لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 1 ملیۆن و 360 هەزار هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیە، پارێزگاکە دابەشکراوە بەسەر 5 بازنەدا و بەربژێرەکان ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستھێنانی کورسیێک لە کۆی 18 کورسی کە لە پەرلەمانی عێراق بۆ بەربژێرەکانی پارێزگاکە تەرخانکراوە.
لە پارێزگای کەرکووکیشدا، 1 ملیۆن و 75 هەزار 510 هاووڵاتی مافی دەنگدانی هەیە، دابەشکراوە بەسەر 3 بازنەدا، 12 کورسیش بۆ پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق تەرخانکراوە.
شایەنی باسە، ھەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق جیاوازە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو، بەھۆی ئەوەی لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت و ھەوڵ دەدرێت ڕێگە بگرن لە ھەر جۆرە ساختەکاریێک.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.