Erbil 21°C دووشەممە 18 تشرینی دووەم 11:49

کۆمیسیۆن جه‌خت ده‌کاته‌وه‌.. له‌ ماوه‌ی‌ 24 کاتژمێر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ڕاده‌گه‌یه‌نن

کوردستان TV
100%

 

كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان جه‌ختی كرده‌وه‌ دوای ته‌واوبوونی پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی گشتی له‌ 10/10/2021، له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێردا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكرا ده‌كه‌ین و بۆ ڕای گشتی ڕای ده‌گه‌یه‌نین.

داود سه‌لمان خزه‌یر به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆسه‌ و مه‌شقه‌كان له‌ كۆمیسۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕایگه‌یاند: دوای ته‌واوبوونی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌ كاتژمێر 6ی ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌م، زانیاری سه‌رجه‌م وێستگه‌ و بنكه‌كان له‌ هه‌موو عێراق به‌ ڕێگه‌ی هه‌ژماری ئه‌لیكترۆنی ده‌گه‌نه‌وه‌ بنكه‌ی سه‌ره‌كی كۆمیسۆن.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: دوای گه‌یشتنی زانیارییه‌كان، له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێردا ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕاده‌گه‌یه‌نرێ.

به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆسه‌ و مه‌شقه‌كانی‌ كۆمیسیۆن ڕاشیگه‌یاند: ئه‌گه‌ر سكاڵا و تانه‌ له‌ هه‌ر بنكه‌یه‌ك هه‌بێت، دوای بڕیاردانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسۆن سندوقی ئه‌و بنكه‌یه‌ ده‌كرێته‌وه‌ و به‌ڕێگه‌ی هه‌ژماركردنی ده‌ستی دووباره‌ پێداچوونه‌وه‌ و هه‌ژماری بۆ ده‌كرێته‌وه‌.

كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكرای كرد كه‌ هاووڵاتییان له‌ ڕۆژی یه‌كشه‌م له‌ ماوه‌ی 12 كاتژمێر ده‌توانن به‌ ئازادانه‌ ده‌نگ بده‌ن.

كۆمیسیۆن هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاندبوو: یه‌كشه‌می داهاتوو پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی گشتی له‌ سه‌رجه‌م بنكه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌موو پارێزگاكانی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ له‌ كاتژمێر 7ی به‌یانی ده‌ست پێ ده‌كات و كاتژمێر 6ی ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ كۆتایی دێت.

هه‌روه‌ها عیماد جه‌میل له‌ ڕاگه‌یاندنی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكرای كردبوو: ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ ڕۆژی هه‌ینی داهاتوو هاوشێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی ده‌بێت، واته‌ له‌ كاتژمێر حه‌وتی به‌یانی بنكه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌كرێنه‌وه‌ و كاتژمێر 6ی ئێواره‌ش داده‌خرێن.

 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.