Erbil 30°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 10:26

راگەیەنراوی کۆتایی لوتکەی بەغدا: جەخت لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌

کوردستان TV
100%


وڵاتانی بەشداربوو لە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی جەختیان لە پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان لەپێناو سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە کردەوە.
دوای ته‌واو بوونی لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی کە  رۆژی شەممە  28 ى 8 ى 2021 بەڕێوەچوو، راگەیەندراوێکی هاوبەش بەناوی بەشداربوونی لووتکەکە بڵاوکرایەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە "ناوچەكه‌ رووبەڕووی ئاڵنگاریی دەبێتەوە و بۆ ئەمەش پێویستی بە هامەهەنگی هاوبەش لەسەر بنەمای بەرژوەندی هاوبەش هەیە.
لە راگەیەندراوەکەدا کە لە لایەن وەزیری دەرەوەی عێراقه‌وه‌ بەسەر دەزگاکانی راگەیاندندا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ كراوه‌، بەشداربوونی لووتکەکە جەختیان لە پشتیوانی هەنگاوەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دووبارە ئاوەدان کردنەوە کردووه‌تەوە.
بەشداربوونی لووتکەکە پشتیوانییان لە گەل و حکوومەتی عێراق دووپات کردووەتەوە و جەختیان لە پێویستی یەکخستنی هەوڵە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە بە جۆرێک رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر سەقامگریی و ئاسایشی ناوچەکە.
ئامادەبوووانی لووتکەی بەغدا پێشوازییان لە هەنگاوە دیپلۆماتییەکانی عێراق کردووەتەوە بۆ رەخساندنی هاوبەشیی لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەر و هەرێمی و نێودەوڵەتیی و هەنگاونان بە ئاراستەی بەهێز کردنی هاوبەشیی سیاسیی و ئابووریی و ئەمنیی و پشتیوانیی لە گفتوگۆی بنیاتنەر لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، میوانداریی كردنی ئەو کۆنگرەیە له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ بەڵگەی روونە لەسەر پشت بەستنی عێراق بە سیاسەتی هاوسەنگ و هەماهەنگی ئەرێنی لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا.
بەشداربووانی لووتکەکە جەختیان لە پشتیوانیی هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەماکانی دەستوور و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پشتیوانی هەوڵەکانی عێراق بۆ داواکاریی چاودێری نێودەوڵەتیی لەپێناو گرەنتی پاک و بێگەردیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتوو.
وڵاتانی بەشداربووی لووتکەکە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ناوچەكه‌ رووبەڕووی ئاڵنگاریی هاوبەش دەبێتەوە و بۆ ئەمەش هامەهەنگی هاوبەش لەسەر بنەمای بەرژوەندی هاوبەش و دراوسێیەتی باش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان و رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانیی، بە پێویست زانراوە.
بەشداربووانی لووتکەکە ستایشی هەوڵەکانی عێراق و قوربانیدانەکانی ئەو وڵاتەیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە پشتیوانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، لەپێناو بەدەستهێنانی سەرکەوتن کردووە.
هەروەها ستایشی هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراقیان لە بواری چاکسازییدا کردووە کە پەیامێکی ئەرێنییە بە ئاڕاستەی هاندانی وەربەرهێنان لە بوارە جیاجاکاندا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بەشداربوونی لووتکەکە پشتیوانیان بۆ حکوومەتی عێراق لە دووبارە ئاوەدان کردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوازریی و بنیاتنانی ژێرخان و بەهێزکردنی رۆڵی کەرتی تایبەت، هەروەها هەوڵەکان بۆ دۆسیەی ئاوارەکان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانە بۆ ناووچەکانیان، ده‌ربڕیوه‌.
 رۆژی شەممە 28  ى 8 ى 2021 ، لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی بە بەشداریی سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، ناوچەکە و نێودەوڵەتی لە بەغدا پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو.
لە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی، ھەریەک لە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکوەزیرانی کوێت، سەباح خالید ئەحمەد سەباح و سەرکۆماری میسر،عەبدولفەتاح سیسی و میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی و شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت و وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ئێران و سعوودیە و نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا و بەریتانیا بەشدار بوون.
لە لووتکەدا تاوتوێی ھەموو ئەو دەرفەتانە کرا کە کەشێکی ئارام بۆ دووبارە پەیوەندیی ھەموو ئەو وڵاتانە دەڕەخسێنێت کە ناکۆکیان ھەیە و ئەوەش بۆ خزمەت کردن بە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق.
بەرپرسانی عێراق بە بەردەوامی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نزیکی و دۆستایەتی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە یەکتر، کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری وڵاتەکە ھەبووە و بە پێچەوانەشەوە ھۆشدارییان داوە لەوەی عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلایی كردنه‌وه‌ی کێشە و ململانێکانی نێوان وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاست. بەو پێیە عێراق دەیەوێت رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ھەموو ئەو وڵاتانە ببینێت کە ناکۆکیان ھەیە و ھەوڵی نزیک کردنەوەی روانگەکانیان بدات.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.