Erbil 30°C دووشەممە 23 ئەیلوول 10:22

هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی ئێران مامۆستایەکی زمانی کوردی له‌ پارێزگای سنه‌ ده‌ستگیر ده‌که‌ن

کوردستان TV
100%

دوێنێ دووشەممە یەکێک لە چالاکوانانی کولتووری و مامۆستای زمانی کوردی لە شاری دیواندەرەی سەر بە پارێزگای سنە له‌ كوردستانی ئێران ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانه‌وە دەستگیر کرا.
 رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه‌، نیوەرۆی دوێنێ دووشەممە 16-8-2021 هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دیواندەرە، چرۆ ئەحمەدی چالاکوانی کولتووری و یەکێک لە مامۆستایانی زمانی کوردییان لە ماڵی باوکی دەستگیر کردووە بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە كه‌ هه‌نگاو بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، لانیکەم شەش کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دیواندەرە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و جیا لە دەستگیرکردنی چرۆ ئەحمەدی، ناوماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایل و کتێب و کەلوپەلی دیکەی ئەو چالاکوانەدا گرتووە.

هه‌نگاو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات جگە لە مۆبایلی چرۆ، دەستیان بە سەر مۆبایلی باقی ئەندامانی بنەماڵەکەشی گرتووە.

 له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی رێكخراوه‌كه‌دا هاتووه‌: تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هۆکاری دەستگیرکردنی چرۆ ئەحمەدی و ئەو تۆمەتانەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دراونەتە پاڵی، ئاشکرا نەکراوە.

هه‌روه‌ها راشیده‌گه‌یه‌نن: چرۆ ئەحمەدی تەمەن30 ساڵ و خەڵکی دیواندەرە و دانیشتووی سنەیە و یەکێکە لە مامۆستایانی زمانی کوردییە کە لە ساڵانی رابردوودا لە دامەزراوەی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتیی زاگرۆس خەریکی گوتنەوەی وانەی زمانی کوردی بووە.

چرۆ ئەحمەدی خاوەن بڕوانامەی بەکالوریۆسی کیمیا و ئێستاش خوێندکاری بەشی ڕۆژنامەنووسیی زانکۆی پەیامی نووری سنەیە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سەرەتای مانگی ئابەوە لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 25 کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.

كوردستان TV

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.