Erbil 31°C دووشەممە 07 ئەیلوول 11:33

کیم جۆنگ ئون: هێزی دەریایی کۆریای باکوور بە چەکی ئەتۆمی پڕچەک دەکرێت

100%

ڕێبەری کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون، بەڵێنیدا هێزی دەریایی وڵاتەکەی بگۆڕێت بۆ هێزێکی چەکداری ئەتۆمی. ئەم هەڵوێستە نوێیەی هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی مانۆڕە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.

کیم جۆنگ ئون لە کاتی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی گەڕانەوەی کەشتی جەنگی "Kang Kon" بۆ ناو خزمەتگوزاری لە شاری وۆنسان، ڕایگەیاند کە دەبێت سیستەمی بەرگری و هێرشبەری هێزی دەریایی وڵاتەکەی لەسەر بنەمای چەکی ئەتۆمی پەرەی پێ بدرێت.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور لە زاری کیم-ەوە بڵاویکردەوە: پێویستە کارکردنی سیستەمە جەنگییە ئەتۆمییەکان مسۆگەر بکەین بۆ ئامادەکاری بۆ جەنگێکی ڕاستەقینە. کەشتییە جەنگییە نوێیەکانمان دەبێت توانای وەشاندنی لێدانی کوشندەیان هەبێت وەک بەشێک لە سیستەمی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی وڵات.

خاڵە سەرەکییەکانی پەیامەکەی کیم جۆنگ ئون:
1- پەرەپێدانی هێزی دەریایی بۆ ئاستی هێزێکی ئەتۆمی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان.
2- جێبەجێکردنی "پلانێکی گرنگ" بۆ بەهێزکردنی سوپا کە ئەنجامەکانی لە ماوەی 8 مانگی داهاتوودا دەردەکەون.
3- ئامادەباشی تەواو بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک لە ڕێگەی نەوەی نوێی کەشتییە جەنگییەکانەوە.

ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە کە مانۆڕی سەربازی "Freedom Edge" بە بەشداری ئەمریکا، ژاپۆن و کۆریای باشوور لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی نزیک دوورگەی جیجو بەردەوامە. شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەدەن کە کۆریای باکوور هەوڵ دەدات کەشتییەکانی بکاتە سەکۆیەک بۆ هەڵدانی مووشەکی کروز کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەبێت.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، "جو آیی" کچی کیم جۆنگ ئون کە وەک جێگرەوەی باوکی دەبینرێت، هاوشانی ڕێبەری کۆریای باکوور دەرکەوت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامیی سیاسەتە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە داهاتوودا.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.