Erbil 24°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 08:31

تەندروستی هەولێر: خەریکە لە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا شوێنی نەخۆش نامێنێت

کوردستان TV
100%

دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تادێت خراپتر دەبێت و رۆژانە سەدان تووشبووی نوێ تۆماردەکرێت، بۆیە تەندروستی هەولێر هۆشداری دەدات و دەڵێت "ئەگەر خەڵک پابەندی رێنماییەکان نەبێت دۆخەکە لەدەست دەردەچێت و کارەسات دەخوڵقێت".

دلۆڤان محەمەد، بەرێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "بەوهۆیەی کە رێنماییەکانی تەندروستی وەک پێویست جێبەجێ ناکرێت لەلایەن هاووڵاتییان، رۆژانە تووشبوویەکی زۆری کۆرۆنا تۆماردەکرێت، مانگێک پێش ئێستا رێژەی تووشبوون لەسەدا سێ بوو، ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ لەسەدا 17 و 18، بەداخەوە لەو دۆخەی ئێستادا، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر نەخۆش روو لە نەخۆشخانەکان دەکەن کە باری تەندروستییان ناجێگیرە، ژمارەی ئەو قەرەوێڵانەی کە دابینکراوە لە زۆرینەی شوێن بەرەو تەواوبوون چووە، لەم چەند رۆژەدا، بە ئاستەم شوێن دابین دەکرێت بۆ نەخۆشە نوێکان".

گوتیشی: "ئێمە دووبارە دەیڵێینەوە و جەخت دەکەینەوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکەین، پابەندی رێنمایەکان بن، ئەو کاتانەی کە پێویست نییە لە ماڵەوە بمێننەوە و مەیەنە دەرەوە، هەتاوەکو دەتوانن لە شوێنە قەرەباڵغەکان دووربکەونەوە، چونکە ئەگەر بەم ئاراستەیەی ئێستا بڕوات بەو شێوە خراپەی بڵاوبوونەوە، رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی کارەسات کە لە نەخۆشخانەکان نەتوانین شوێن بۆ نەخۆش دابین بکەین".

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر سەبارەت بە پرۆسەی پێدانی ڤاکسین بە هاووڵاتییان، رایگەیاند "لەسەرەتای مانگی ئازاری 2021ەوە کە پرۆسەکە دەستی پێ کرد، ئێمە 46 بنکەی کوتانمان ئامادەکرد بۆ پێدانی ڤاکسین بە هاووڵاتییان و لە سەرەتاکاندا، ڤاکسینی فایزەر پێویستی بە شوێنی تایبەت هەبوو لە چۆنیەتی هەڵگرتن و مامەڵەکردن لەگەڵیدا، بۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەوکات تەنیا سێ بنکەمان تایبەت کرد بە ڤاکسینی فایزەر، بەڵام ئێستا ژمارەکان زۆر زیادی کردووە لەو 46 بنکەیەی کە هەمانە لە 37 بنکەیان هەرسێ جۆری ڤاکسینی فایزەر و سینۆفارم و ئەسترازێنیکا بەردەستن، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بۆئەوەی پابەندبین بە سیستمی ئۆنلاین لەئێستادا، دەتوانن ناویان لە بنکەکانی دیکەش تۆماربکەن ئەگەر خواستیان لەسەر جۆرێکی دیاریکراوی ڤاکسین هەبێت کە بەهۆی ئەمەوە پێشتر لۆدێکی زۆر لەسەر یەک بنکە دروست دەبوو".

گوتیشی: "لە سنووری پارێزگای هەولێر ژمارەی داواکاری هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین زۆر زیاترە لەو بڕەی ئێستا ئێمە لەبەردەستماندایە، هەفتانە زیاتر لە 20 هەزار ژەم ڤاکسین دەگاتە دەستمان بۆ هەولێری پایتەخت، بەڵام داواکارییەکان زۆر زیاترن و هەمووی بەکاردێت، بۆیە بەپێی پلانەکان خەریکی ئەوەین ژمارەکان زیاتر بکەین و ئەوەی داوای ڤاکسینی کردووە بۆ هەمووی دابین بکرێت".

دلۆڤان محەمەد دەربارەی پێدانی کارتی ڤیزای ڤاکسین بەو هاووڵاتییانەی هەردوو دۆزەکەی ڤاکسینیان وەرگرتووە، رایگەیاند "ئەو کارتە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە هەموو ئامادەکارییەکانی تەواو بووە، تەنانەت رێنمایی و پێداویستییەکانیش کە دەیەوێت هەمووی بۆ دابینکراوە، لەماوەیەکی زۆر نزیک دەست بە دروستکردنی دەکرێت، بەتایبەت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی پێویستییان پێیەتی یان گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن و لە چەند رۆژی داهاتوودا، دەست بەو کارە دەکەین لە هەولێر و هەموو پارێزگاکانی دیکەش.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.