Erbil 24°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 08:37

داوا ده‌کرێت به‌شی تاوانه‌ ئه‌لیکترۆنییه‌کان لەهەرێمی کوردستان بکرێته‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان لە ھەرێمی کوردستان دەربارەی ھاککردنی ئەکاونت و پەیجی سۆشیاڵ میدیای ژنانی چالاکوان لە ھەرێمی کوردستاندا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ئەنجامدا و تیایدا مەترسییەکانی ئەم کردارە و ھەوڵەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە خستەڕوو.

ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان، خانزاد ئەحمەد لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "لەماوەی رابردوودا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ھەرێم و جێگری سەرۆکوەزیران لەبارەی فشار و ھەڕەشەکانی سەر چالاکوانانی ژن و ئافرەتان کۆبووینەوە و گەیشتینە ئەو بڕیارەی کە ھەر کێشەیەک یان شتێک کە پەیوەندی بە کەرتی گشتییەوە ھەبێت ئەوا ئێمە لە رێگای فەرمانگەی حکوومییەکان کاری لەسەر دەکەین، ئەوەیشی کە تایبەتە بە کەرتی تایبەت ئەوا لە رێگای وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کار لەسەر ئەوە دەکەین، بێگومان وەک ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان ئاگاداری ئەوەین کە ئەو ھەموو فشارە لەسەر خەڵک ھەیە لە سۆشیال میدیا و فشارێکی زۆری ناوەتە سەر کۆمەڵگا و کچان و ژنان و ھۆکارێکە بۆ ئەوەی ژنان تووشی فشارببنەوە و گۆشەگیربن و نەبنە خەڵکێکی داھێنەر".

خانزاد ئەحمەد گوتیشی: "وەکو ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان بە ئاگاداربوون لە کێشەکان ھەوڵی ئەوەمانداوە لیژنەیەک پێکبھێنین و بزانین وڵاتانی ھەمان کێشەیان ھەیە، چۆن رووبەڕووی ئەم حاڵەتە دەبنەوە و چ جۆرە چارەسەرێکیان بەکارھێناوە و ھەوڵدەدەین لە زووترین کات لە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاویبکەینەوە".

هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەتان لە وەزارەتی ناوخۆ کوردە، عومەر لە میانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "بابەتی سۆشیال میدیا و تەکنەلۆجیا بووەتە ھۆکارێک بۆ توندوتیژی بەرامبەر ژنان و پیاوانش، بۆیە داوامان کردووە بەشی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بکرێتەوە و گرنگی بەم بەشە بدرێت بۆ ئەوەی چیدیکە ژنان و پیاوان رووبەڕووی توندوتیژی نەبنەوە، گرنگی ئەم بەشە لەگەڵ ئاژانسەکانی یوئێن لەسەر ھێڵین بۆ دانانی ئەپێکی تایبەت بۆ ئەوەی لەم رێگایەوە کچان و ژنانی خۆمان بپارێزین، بێگومان سەدا 80ی ئەو کەسانەی رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لە رێگای سۆشیال میدیاوەیە".

کوردە عومەر گوتیشی: "پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن لەسەر ئەم بابەتە ھەڵوێستە بکەن و ھۆشیاری پێویست بدەن بە خەڵک، ھاوکات ئێمە لەم یاداشتەی نوسیوومانەتەوە باسی ئەوەمان کردووە کە پێویستە خەڵکی شارەزا بێنە سەر تیڤییەکان لەبارەی رووبەڕووبوونەوی توندوتیژییەوە قسە بکەن و ھەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەم دیاردەیە بنەبڕ بکرێت و لەگەڵ پەرلەمانیش لەسەر ھێڵین بۆ دەرکردنی یاسایەک بۆ ئەم کێشەیە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.