Erbil 23°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 06:18

 بایدن: پەشیمان نیم لە بڕیاری کشانەوە لە ئەفغانستان

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند کە سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، زۆرێک لە شارەکانی ئەفغانستان کەوتوونەتە دەست تاڵیبان، بەڵام پەشیمان نییە لە بڕیاری کشانەوە لەو وڵاتە.

جۆ بایدن دوای پەسەندکردنی پاکێجی نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلاری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی لە کۆشکی سپی ساز کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکان کرد.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە ئەو پرۆژە یاسایە هەل دەڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی سیستمی ژێرخان.

جۆ بایدن هەروەها دووپاتی کردەوە کە پرۆژەیاسای ژێرخان، باج لەسەر ئەوانە زیاد ناکات کە داهاتی ساڵانەیان کەمترە لە 400 هەزار دۆلار، وەبەرهێنانی ناو پاکێجەکە هەلی زیاتری کار دەستەبەر دەکەن بۆ ماوەیەکی درێژ و دەستەبەری گەشەسەندن دەکەن.

گوتیشی: ''ئەوانەی لە وۆڵ ستریت پێشبینیان کرد لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا ئابوورییمان بەبڕی تریلیۆنەها دۆلار فراوان بێت، لەئێستادا لە دەرەوەی چاوەڕوانییەکانەوە پێشبینی دەکەن ساڵانە دوو ملیۆن هەلی کاری دیکە بڕەخسێت''.

جۆ بایدن ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژەیاسای ژێرخان دەریخست کە هەردوو پارتەکە دەتوانن بەیەکەوە کار بکەن.

دوای گوتارەکەی جۆ بایدن وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی کە فەرمانڕەوای نیویۆرک، ئاندریو کوۆمۆ بەهۆی تۆمەتەکانی دەستدرێژی سێکسییەوە دەستلەکار دەکێشێتەوە، رایگەیاند ''رێز لە بڕیاری فەرمانڕەواکە دەگرم''.

سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، زۆرێک لە شارەکانی ئەفغانستان کەوتوونەتە دەست تاڵیبان، باسی لەوە کرد کە لە 20 ساڵدا تریلیۆنەها دۆلاریان خەرجکردووە و زیاتر لە 300 هەزار هێزی ئەفغانستانیان بە چەکی مۆدێرن پڕچەککردووە و مەشقیان پێکردوون.

جۆ بایدن هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە سەرکردەکانی ئەفغانستان بەمەبەستی جەنگان لە پێناو نەتەوەکەیاندا کۆببنەوە و گوتی: ''بە دەستەبەرکردنی پشتیوانی ئاسمانیی نزیک، بە دڵنیابوون لە رەوشی چالاکبوونی هێزی ئاسمانیی، بە گواستەنەوەی خۆراک و پێداویستی بۆ هێزەکان و دابینکردنی مووچەکانیان بەردەوام دەبم لە پێداگریکردن لەسەر ئەو بەڵێنانەی پێمانداون، بەڵام ناچارن تێکۆشان بخوازن''.

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن باسی لەوە کرد کە پێیوایە سەرکردەکانی ئەفغانستان گەیشتوون بەو باوەڕەی کە پێویستە لە رووی سیاسییەوە کۆببنەوە و گوتی: '' لەسەر بەڵێنی خۆمانین، بەڵام پەشیمان نیم لە بڕیارەکەم.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.