سەرۆکی لوبنان، سوپاسی هەوڵەکانی ئەمریکا و ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد بۆ ئازادکردنی یەکەم گرووپی دەستگیرکراوانی وڵاتەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە. ناوبراو جەختی لەسەر بەردەوامیی کارەکان کردەوە بۆ گەڕانەوەی سەروەریی لوبنان بۆ سەرجەم خاکەکەی.
ئەمڕۆ هەینی 4ـی ئەیلوول، جۆزێف عەون سەرۆکی لوبنان، لە لێدوانێکی فەرمیدا ڕایگەیاند: لوبنان سوپاسی هەوڵەکانی ئەمریکا و خاچی سووری نێودەوڵەتی دەکات بۆ ئازادکردنی یەکەم کۆمەڵەی دەستگیرکراوەکان لە ئیسرائیل. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی پابەندە بە تەواوکردنی هەنگاوەکانی چوارچێوەی کاری سێقۆڵی تاوەکو گەڕانەوەی تەواوەتی سەروەریی بۆ سەر خاکەکانیان.
سەرۆکی لوبنان جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە نیشتمانێکی ئازاددا، کە تێیدا هیچ چەکێک بوونی نەبێت جگە لە چەکی هێزە شەرعییەکان.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە دەسەڵاتدارانی لوبنان لە ڕێگەی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە 4 کەسیان وەرگرتەوە کە پێشتر لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکرابوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.