Erbil 10°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 19:51

38 ساڵ به‌سه‌ر جینۆسایدکردنی بارزانییەکان تێده‌په‌ڕێت

کوردستان TV
100%

له‌ 31/7/1983 رژێمى له‌ناووچووى به‌عس هه‌شت هه‌زار كه‌سى له‌ بارزانیيه‌كان ده‌ستگیر كرد و شوێنبزرى كردن، كه‌ هه‌موویان پیاو و گه‌نج بوون.

هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى رژێمى زاڵمى سه‌ددامى دیكتاتۆر، ئۆردوگاكانى (قوشته‌په‌ و به‌حركه‌ و دیانا و هه‌ریر)یان گه‌مارۆدا و ئه‌و بارزانیانه‌یان گڕت كه‌ له‌و شوێنانه‌ نیشته‌جێ بوونى ناچارییان به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو. له‌و رۆژه‌ شومه‌دا، هێزه‌ بێروحمه‌ كورد كوژه‌كانى به‌عسى له‌ناوچوو هه‌ر پیاو و گه‌نجێكى بارزانیییه‌كانیان ده‌ست بكه‌وتبایه‌، ده‌ستبه‌جێ ده‌ستگیریان ده‌كردن، ته‌نانه‌ت مێردمنداڵه‌كانیشیان نه‌ده‌بوارد، ئه‌و كرده‌وه‌ سه‌ربازییه‌ چه‌په‌ڵه‌ له‌ مێژووى بزاڤى رزگاریخوازى كوردا، به‌ ئه‌نفالكردنى بارزانییه‌كان ناونراوه‌ و شێوازێكى توندوتیژانه‌ى نامرۆیییانه‌ش بوو بۆ جێبه‌جێ كردنى سیاسه‌تى جینۆسایدكردنى گه‌لى كورد، كه‌ له‌ كۆتایى ده‌یه‌ى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوودا له‌ په‌لاماره‌ به‌دناوه‌كانى ئه‌نفال دا زه‌قترو فراوانتر خۆى ده‌رخست و بێسه‌رو شوێنكردنى سه‌د و هه‌شتا هه‌زار كوردى لێكه‌وته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌  له‌وه‌ى بارزانییه‌كان پتر له‌ سه‌د ساڵه‌ له‌ پێناوى مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانى كوردا مه‌شخه‌ڵى خه‌بات وتێكۆشانیان هه‌ڵكردووه‌و پێشه‌ڕه‌وایه‌تى بزاڤى رزگاریخوازى كوردستان ده‌كه‌ن و سه‌ركرده‌ى وه‌كو شێخ عه‌بدولسه‌لامى بارزانى و شێخ ئه‌حمه‌د و مسته‌فا بارزانى نه‌مرو ئیدریس بارزانیان تێدا هه‌ڵكه‌وتووه‌.

جێى بیرهێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌تاى ئه‌نفال كردنى كورد بۆ سه‌ره‌تا و ناوه‌راستى حه‌فتاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وكاته‌ى رژێمى به‌عس حه‌وت هه‌زار كوردى فه‌یلى ئه‌نفال كرد. دواى رووخانى رژێمى به‌عسى له‌ناوچوو له‌ساڵى 2003دا، له‌سه‌رده‌ستى هاوپه‌یمانه‌كان و گه‌لانى عێراق، هه‌وڵدان بۆدۆزینه‌وه‌ى ته‌رمى ئه‌نفال كراوه‌كان ده‌ستى پێكرد و له‌ چه‌ندین ناوچه‌ى عێراقدا گۆرى به‌كۆمه‌ڵ دۆزرانه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌یان ته‌رمى ئه‌نفال كراوانى كورد بوون، دواجار له‌17 تشرینى یه‌كه‌مى 2005دا 500 روفاتى بارزانیه‌كان كه‌ چه‌ند رۆژێك بوو دۆزرابوونه‌وه‌، هێنرانه‌وه‌ كوردستان و له‌ زێدى باب و باپیرانیاندا، به‌خاكى كوردستان سپێردران، به‌ڵام هه‌تا ئێستا زانیارى له‌سه‌ر ژماره‌یه‌كى زۆرى دیكه‌ى ئه‌نفال كراوه‌كان و شوێنى ئه‌نفال كردنیان له‌ده‌ست دانییه‌، و ئه‌وه‌ش له‌حاڵێكدایه‌ رژێمى به‌عسى له‌ناوچوو به‌پێى ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، زیاتر له‌180هه‌زار كوردى بێتاوانى ئه‌نفال كردووه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.