ئێواره‌ی رۆژی شه‌مه 2021.7.3، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و بە ئامادەبوونی به‌رپرسانی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌دیوانى پارێزگا، کۆبونەوەیەکی تایبەت به‌كه‌می ئاوى خواردنه‌وه‌ى ماڵان له‌به‌شێك له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر و ڕووبەڕووبونەوەی قه‌یرانه‌كانى ووشکەساڵی و کەمبونەوەی سەرچاوەکانی ئاو لە دیوانی پارێزگا ئه‌نجامدرا.
له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، پارێزگارى هه‌ولێر سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ركردنی كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌ی ماڵان له به‌شێك له گه‌ڕه‌كه‌كانی شارى هه‌ولێر، ته‌ئكیدی له‌سه‌ر خێڕا چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه كرده‌وه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوای له ئاماده‌بووانی كۆبوونهوهكرد هه‌نگاوی كرده‌یى و خێرا له‌وباره‌یه‌وه بگرنه‌به‌ر، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی باڵا له فه‌رمانگه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌بوونی ئاوی گه‌ڕه‌ك و كێشه‌كانی كه‌می ئاو و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی ووشكه‌ساڵی و داڕشتنی پلانی درێژخایه‌ن بۆ ئه‌م پڕسه كرده‌وه.
دوا بەدوایی گفتوگۆ و خستنەڕووی سەرنج و بۆچونەکانی ئاماده‌بووان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگە چارەی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌م ئاوی هاوڵاتییان و ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانه‌كانی ووشکە ساڵی و خستنه ڕووی چه‌ند پێشنیارێك، كۆبوونه‌وه جگه له پێكهێنانى لێژنه‌یه‌كی باڵا بۆ دیراسه‌كردن و چاره‌سه‌ری گرفته‌كان چه‌ند بڕیارێكی تر‌ى پێویستیدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفت و كێشه‌كانی كه‌می ئاوی گه‌ڕه‌كه‌كان، به‌پێویستیشی زانی هاوڵاتییانیش هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن له به‌فیڕۆنه‌دانی ئاو و ئه‌نجامنه‌دانی سه‌رپێچی له‌سه‌ر تۆره‌كانی ئاوی خواردنه‌وه، له‌وباره‌یه‌شه‌وه پارێزگاری هه‌ولێر سەرجەم لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ڕاسپارد له‌زووترین كاتدا ده‌ستبكه‌ن به چاره‌سه‌ركردنی کێشه‌ى دابینکردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ى ماڵان وه‌ک هه‌نگاوى یه‌که‌م و بڕینی سه‌رپێچی و زێده‌ڕۆییه‌كانی سه‌رتۆڕی ئاو و نۆژه‌نكردنه‌وه و چاره‌سه‌ركردنی بیره‌كانی ئاوی خواردنه‌وه‌ی گه‌ره‌كه‌كان و جێبەجێکردنی به‌رنامه و پلانی ڕووبەڕووبونەوەی ووشکەساڵی لەسنووری پارێزگای هه‌ولێر.
پارێزگاری هه‌ولێر لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانی ڕاسپارد له‌زووترین کاتدا چاره‌سه‌ری کێشه‌ى دابینکردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ى ماڵان بکه‌ن
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.