لە دەرەنجامى سەردانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و شاندی وەزارەت بۆ وڵاتى یۆنان، زانکۆى نێودەوڵەتی سالۆنیکی وڵاتى یۆنان بڕیاریدا، ژمارەیەک کورسى خوێندنى ماستەر لە بوارى یاسا بە هەرێمى کوردستان ببەخشێت. لەلایەکى دیکەشەوە زانکۆىHelenic Mediterranean بڕیاریدا بۆ ساڵى داهاتوو کورسى خوێندن لەبوارى زانستە پیشەیى و کردارەکییەکان بۆ خوێندکارانى کورد دەستەبەر بکات.
لەدرێژەى سەردانەکەیان بۆ وڵاتى یۆنان شاندی باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان، لەگەڵ سەرۆک و دەستەى سەرۆکایەتى (زانکۆى مەسەدۆنیا، زانکۆى ئەرستۆ لە سالۆنیکی، زانکۆى نێودەوڵەتی سالۆنیکی، دامەزراوەی تەکنۆپۆلیس) کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: تێگەیشتنى هاوبەشمان لەگەڵ زانکۆکانى ئەو وڵاتە هەیە کە بەیەکەوە دەتوانین لە چەندین بوار هەماهەنگى لەگەڵ بکەین، بەتایبەت لە بوارى ئاڵوگۆڕى خوێندکاران و مامۆستایان و دابینکردنى زەمالەى خوێندن و ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش و پەرەپێدانى پرۆگرامەکان و ئەو پرسانەى دەتوانین بەیەکەوە توێژەرانى هەردوولا کارى لەسەر بکەن، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆکانی هەردوولاش دەتوانن لەسەر ئاستى بەشەکانیان هەماهەنگى بکەن.
لەلایەن خۆشیانەوە سەرۆک و دەستەى سەرۆکایەتى زانکۆکان، پێشوازى گەرمیان لە وتەو پێشنیازەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردو بەڵێنیاندا پەیوەندى و هەماهەنگیان لەگەڵ زانکۆکانى کوردستان فراوان بکەن، لەلایەن خۆشیەوە زانکۆى نێودەوڵەتی سالۆنیکی بڕیاریدا ژمارەیەک کورسى خوێندنى ماستەر لە هەندێک بوارى گرنگ بەهەرێمى کوردستان ببەخشێت، لە گرنگترین بوارەکانیش (یاساى کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان، یاساى نێودەوڵەتى بانک، یاساى نێودەوڵەتى وزە، یاساى تایبەت بە پاراستنى دامەزراوە کلتوورییە گرنگەکان)، جێگەی ئاماژەیە کە پرۆگرامەکانى خوێندنى ئەم زانکۆیە پەیوەندى راستەوخۆیان لەگەڵ بازاڕى کار هەیە بەمەبەستى زامنکردن و دابینکردنى کار بۆ دەرچووانى زانکۆکە.
لەلایەکى دیکەوە وەفدى باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى دامەزراوەی (تەکنۆپۆلیس) یان لە یۆنان کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکى دامەزراوەکە جەخت لە دروستکردنى هەماهەنگى و هاوکارى لەنێوان هەردوولا کرایەوە بۆ هاوکارى کردنى هەرێمى کوردستان و دامەزراوە زانستییەکان لە بوارى بەدەستهێنانى هەلى کارو کارسازى.
هەر لە درێژەى سەردانەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ وڵاتى یۆنان، زانکۆى Helenic Mediterranean یان بەسەرکردەوە، لەو سەردانەدا کە سەرۆک و ستافى سەرۆکایەتى زانکۆ ئامادەی بوون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تاقیگەکانى نانۆ تەکنەلۆجى و تاقیگەى پرینتەری سێ ڕەهەندى بەسەرکردەوە، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن لەگەڵ زانکۆى Helenic Mediterranean ئیمزا بکرێت، تایبەت بە ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش و ئاڵوگۆڕى مامۆستایان وقوتابیان و ستافى مامۆستایان و دەستەبەرکردنى دەرفەتى کۆرساتى کورت خایەن و هەروەها ئاڵوگۆڕى تەکنەلۆجى و پەیوەندى بەردەوام لەنێوان هەردوولا.
لەلایەن خۆشیەوە زانکۆى Helenic Mediterranean بڕیاریدا بۆ ساڵى داهاتووى خوێندن ژمارەیەک زەمالەی خوێندن لەبوارى زانستە پیشەیى و کردارەکییەکان بۆ قوتابیانی کورد دەستەبەر بکات.
چەند زانکۆیەکى یۆنان کورسى خوێندن پێشکەش بە هەرێمی کوردستان دەکەن
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.