Erbil 12°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 09:19

شانەی قەیرانەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا لە عێراق ژمارەیەک راسپاردەی دەرکرد

کوردستان TV
100%

شانەی قەیرانەکانی لەناکاو بۆ چارەسەرکردنی دۆخی کارەبا لە عێراق، شەش راسپاردەی نوێی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا لە وڵاتەکەدا دەرکرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، شانەی قەیرانەکانی لەناکاو بۆ چارەسەری دۆخی کارەبا بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی کۆبوویەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئامانجی کۆبوونەوەکە لێکۆڵینەوە بووە لە ھۆکارەکانی کوژاندنەوەی گشتیی لە سیستمی کارەبای نیشتمانیی لە بەرەبەیانی رۆژی ھەینی رابردوو ھەروەھا دەرخستنی ئەوەی کە ئایا ھۆکارەکەی تەکنیکی بووە یان کەمتەرخەمی تاوەکو لێپرسینەوە بکرێت.

ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەو رێوشوێنانە کراوە کە پێویستە بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کێشەیە بگیرێنەبەر، ھەروەھا باس لەوەکراوە دەبێت کارەبا بۆ ھاووڵاتییان دابین بکرێت و چارەسەری خێرا بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دارایی و وەزارەتەکانی دیکەی راسپاردووە کە ھەموو ئاسانکارییەک بۆ چارەسەرکردنی بەپەلەی ئەو گرفتانە بکەن کە لەلایەن وەزارەتی کارەباوە خراونەتەڕوو، ھەروەھا پلانی بەپەلە بۆ چارەسەری قەیرانی کارەبا دابنرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پاراستنی تاوەرەکانی تەزووی کارەبا کراوە لە کردنە ئامانجیان لەلایەن تێکدەران و تیرۆریستانەوە، لەمبارەیەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان راپۆرتێکی لەبارەی ئەو رێککارانەی کە بۆ پاراستنی تاوەرەکان گرتوویانەتەبەر، خستەڕوو.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لایەنە پەیوەندارەکانی راسپاردووە کە ھەموو ھەوڵەکانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پاراستنی تاوەرەکانی کارەبا لە کردنە ئامانج و تەقاندنەوەیاندا.

ھەر لەکۆبونەوەکەدا ژمارەیەک راسپاردە دەرکران لەوانە؛ بۆ چارەسەری کێشەی نزمی ڤۆڵتییە لە ناوچەکانی باشووری عێراق، لەگەڵ لایەنی ئێرانی گفتوگۆ بکرێت، ھەروەھا کۆمپانیاکانی گواستنەوەی کارەبای نیشتمانیی بە بەردەوامی پشکنین بۆ ھێڵی KV400 بکەن و بەرپرسیارییەتی تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا لەلایەن حکوومەتەوە لەئەستۆ دەگیرێت.

لە بەشێکی دیکەی راسپاردەکاندا ئەوەش ھاتووە کە دەستبەجێ دەستبکرێت بە دانانی گۆڕەر بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ڤۆڵتییە لەگەڵ پابەندکردنی فەرمانگەکانی دابەشکردنی کارەبا لە پارێزگاکان بۆ کارکردن بەئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی توانای تۆڕەکانی کارەبا لە سنووری کارکردنیاندا، ھەروەھا کۆمپانیای سیمێنس پابەندبکرێت کە دووبارە پێداچوونەوە بە یەکەکانی بکات تا باشترین کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت.

ماوەی چەند رۆژێکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانیی لە بەغدای پایتەخت و چەند پارێزگایەکی ناوەڕاست و باشووری عێراق کەمی کردووە، ئەمەش کاردانەوەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەداوی خۆیدا هێناوە و لە چەند ناوچەیەکیش خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، وەزیری کارەبای عێراق، ماجد حەنتوش نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کرد و دەستلەکارکێشانەوەکەی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی پەسەندکرا.

بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا، لەئێستادا عێراق، 19 ھەزار میگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت لە کاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکانی ھاووڵاتییان، دامەزراوە حکوومییەکان و کارگەکان پێویستی بە 30 ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.