ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە هاوینەهەواری پڕژەی سنووری قەزای چۆمان، بەهۆی ڕووخانی تونێلێکی بەفر، کەسێک گیانی لەدەستدا.
موقەدەم ئەحمەد نەجات، بەرپرسی بنکەی بەرگری شارستانی چۆمان بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: چەند کرێکارێک لە گوندێکی نزیک هاوینەهەواری پڕژە، کاریان کردووە، دوای کارەکە بۆ پشوودان چوونەتە نزیک تونێلە بەفرینەکانی ناوچەی پڕژە و بەهۆی داڕمانی ئەشکەوتێکی بەفر، کرێکارێک کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و دانیشتوووی هەولێرە برینداربووە، هاوڕێکانیشی لە داڕمانی بەفرەکە خۆیان رزگارکردووە، دواتر لەلایەن ئەو کەسانەی لەگەڵیدابوون گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی چۆمان، بەڵام بەداخەوە لە ڕێگا گیانی لەدەستداوە.
هاوکات د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان بە کوردستان تیڤی راگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە نزیک کاتژمێر چوار و نیو کەسێک گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی چۆمان بەهۆی کەوتنە ژێر بەفر گیانی لەدەستدابوو.
ڕاشیگەیاند: ئەو کەسەی بەفری بەسەردا رماوە و گیانی لەدەستداوە ناوی (رەشید حەسەن حەمەد) تەمەنی 33 ساڵە و دانیشتووی هەولێرە و تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی لەسۆران کرا. ساڵانە لە وەرزی هاوین بەهۆی فێنکی و سازگاری ناوچەکە و بوونی بەفر لە ناوچەکە، گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە ناوچەی پڕژەی باڵەکایەتی دەکات و ئەمە چوارەم کەسە بەهۆی داڕمانی تونێلی بەفر لە ناوچەی پڕژە گیان لەدەست بدات.
کەریم سمکۆ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.