Erbil 7°C چوارشەممە 27 تشرینی دووەم 23:52

وه‌زیری ته‌ندروستی: دڵنیایی دەدەین کێشەکانی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا چارەسەر دەکرێن

کوردستان TV
#7
100%

وەزیری تەندروستی هەرێم لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم پێداویستیه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا دابین ده‌كرێت.

سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان له‌ شاری سلێمانی بۆ ئاگاداربوون لە کێشە و کەم و کوڕییەکان به‌ یاوه‌ری د. سەباح نەسرەدین بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەردانی نەخۆشخانەی هیوای كرد له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: دەنگۆی داخستن یان بەتایبەتکردنی نەخۆشخانەی هیوا دورە لەراستییەوە و حکومەت بڕیاریداوە لەدابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکە بەردەوام بێت.

وەزیری تەندروستی رایگه‌یاند: دڵنیایی دەدەینە نەخۆشان و خانەوادەكانیان كە خزمەتگوزارییەكانی نەخۆشخانەكە بەردەوام دەبێت، ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكەینەوە كە باس لە داخستنی نەخۆشخانەكە یان پێدانی بەكەرتی تایبەت ده‌كرێت.

دكتۆر سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی، گوتیشی: خه‌رجی نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه‌ زۆر زۆره‌ و ساڵانه‌ 60 تاوه‌كو 70 ملیۆن دۆلاره‌ و نه‌خۆش له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی عێراق و ته‌نانه‌ت وڵاتانی دراوسێشه‌وه‌ سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵه‌وه‌ زیاتر لە 29 ملیار دینار بۆ پێداویستییەكانی دەرمان و چارەسەری نەخۆش و ئامێر و پێداویست تاقیگە خەرجكراوە.

وه‌زیری ته‌ندروستی گوتیشی، بڕی 941 ملیار دینار مانگانە بۆ هەموو سەنتەرەكانی شێرپەنجەو تاڵاسیمیا خەرجدەكرێت كە بەشی سەرەكی شێرپەنجە 788 ملیار دینارە و پشكی پارێزگای سلێمانی زیاترە لە 504 ملیۆن و پارێزگای هەولێر زیاترە 182 ملیۆن و پارێزگای دهۆكیش زیاترە لە 100 ملیۆن دینار.

وەزیری تەندروستی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، داواکارییەکانی کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا و خەرجییەکانی دیکەی نەخۆشخانەکە بەگوێرەی یاسا رێکخراوەتەوە.

لای خۆشییەوە د. سەباح نەسرەدین بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: حکومەت پشتیوانی نەخۆشخانەی ھیوا ده‌كات و دڵنیابن کێشەکانی چارەسەر دەبن.

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.