دکتۆر دیندار زێباری سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی (ئەمنستی) لەسەر ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستان پێی وایە ناکرێت ئەو ڕێکخراوە پشت بە هەندێک داتا و زانیاری ببەستێت و پرسیار لە حکومەت نهكردووه کە ئایا ئەو داتا و زانیاریانە دروستن یان نا، لەوانەیە دەیان کەیس چارەسەرکرابن و لێخۆشبوونی جیهانی هەر ئاگادار نەبێت.
دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: ئەو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیانە وایانلێهاتووە پێش ساڵێک یان دوو ساڵ شتێک ڕوویدابێت بیست تا سی جار دووبارە دەکەنەوە و زۆر جاریش ڕووداوەکە چارەسەر بووە ئەوان زانیاریان نییە کە چارەسەر بووە.
زێباری ڕاشیگەیاندووە لە هەرێمی کوردستاندا یاسای خۆپێشاندان هەیە کە پێی دەڵێن خۆپێشاندانی ئاشتی و مەدەنی، بەڵام کە گردبوونەوەیەک دەکرێت و تێیدا دەیان کارمەندی ئەمنی و خەڵکی بێتاوان و سڤیل بریندا دەبن و دەکوژرێن و بە دەیان باڵەخانەی حکومی و ناحکومی بسوتێن و ڕێگەوبانەکان تێکبدرێن و ژیانی خەڵک بکەوێتە مەترسیەوە بەدڵنیاییەوە ئەرکی دەزگا ئەمنیەکان پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستانە.
دکتۆر دیندار زێباری گوتی: ئەو ڕێکخراوە ناکرێت پشت بە هەندێک داتا و زانیاری ببەستێت و پرسیار لە حکومەت نەکات کە ئایا ئەو داتا و زانیاریانە دروستن لەوانەیە دەیان کەیس چارەسەرکرابن و ئەمنستی هەر ئاگادار نەبێت.
لە کۆتاییدا دکتۆر دیندار زێباری رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە داواکارییەکانیان ڕایدەگەیەنێت: داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکەین پێش ئەوەی کە ڕاپۆرتێک بڵاوبکەن پرسیار لە حکومەت بکەن کە ئیجرائات و ڕوونکردنەوەکانی حکومەت چین، چونکە حکومەت لێرە لە ژیانی گشتی هاووڵاتیان بەرپرسیارە و ئەگەر گلەییەکیان لە سیستەمی دادوەری و دەسەڵاتی قەزای هەبێت دەتوانن ئەو ناڕهزاییه بگەیەنن، ئێستا بریتانیا و ئەوروپا و UN هەموویان خولی ڕاهێنان لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری دەکەن، دەسەڵاتی دادوەری کوردستان زۆر پێشکەوتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.