له كۆبوونهوهی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا، لە هەفتەی داهاتووەوە، دەوامی فەرمانگەکانی حکومەت، ئاسایی بکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی حوزەیرانی 2021 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو .
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاسای بودجەی فیدراڵی، جەختکردنەوەی حکومەتی فیدراڵیشی لە سەر جێبەجێکردنی یاساکە و ناردنی بەشە بودجەی هەرێم، بەرز نرخاند. سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە شاندی دانوستکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە سەرکەوتووانە ئەرکەکانیان بە جێگەیاندووە و بە هەموو شێوەیەک ، داکۆکیان لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم کردووە . سەرۆک وەزیران خوازیار بوو ئەم ڕیککەوتنە ، ببێتە هۆی باشتربوونی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان.
پاشان سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەردوو وڵاتی بەلجیکا و یۆنان و ئاماژەی بەوەدا کە بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتانە ، ئامادەیی خۆیان بۆ درێژەدان بە هەماهەنگیی و پشتیوانیکردنی کارنامەی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و بە چاوێکی گرنگەوە لە پێگەی هەرێمی کوردستان دەڕوانن وەک فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.
پاشان جێگری سەرۆکی ئەنجومەن و ئەندامانی شاندی دانوستکاری هەرێم ، دوا پێشهاتەکانی دانوستانیان لە گەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو تایبەت بە دانانی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی ( 11) لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 .
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری ئابووری و دارایی ، ڕوونکردنەوەی پێویستی لە بارەی دوایین ئامادەکارییەکانی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی دەوامی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و بڕیاردرا ، لە هەفتەی داهاتووەوە، دەوامی فەرمانگەکانی حکومەت، ئاسایی بکرێتەوە .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.