Erbil 22°C دووشەممە 30 ئەیلوول 20:30

یوفا ئەو سزاو ڕێکارانەی هەڵپەسارد کە بەنیاز بوو لەبەرامبەر هەرسێ‌ یانەی ڕیال مەدریدو بارسێلۆناو یوڤێنتوس بیگرێتەبەر

کوردستان TV
100%

یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا یوفا ئەو سزاو ڕێكارانەی هەڵپەسارد كە بەنیاز بوو لەبەرامبەر هەرسێ‌ یانەی ڕیال مەدریدو بارسێلۆناو یوڤێنتوس بیگرێتەبەر، ئەویش بەهۆی مكوڕبوونی هەرسێ‌ یانە لەسەر بەشداریكردن و ڕێكخستنی پڕۆژەی خولی سوپەری ئەوروپا ناسراو بە سوپەرلیگ.
 یوفا لەبەیاننامەیەكدا بەفەرمی تەواوی ڕێكارەكانی تەمبێكردنی لەبەرامبەر ڕیال و بارساو یوڤێ‌ تا كاتێكی نادیار ڕاگرت، بەمەش ئەم سێ‌ یانەیە بە هیچ بڕە پارەیەك سزا نادرێن و بێبەش ناكرێن لە بەشداریكردن لە ڕكابەریەكانی وەرزی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.
 جێگای باسە لە هەژدەی نیسانی ڕابردوو، دوازدە یانەی بەناوبانگی وڵاتانی ئەوروپا لەسەر ڕێكخستنی خولی سوپەری ئەوروپا ڕێككەوتن تا شوێنی چامپیۆنس لیگ بگرێتەوە، بەڵام ئەم بیرۆكەیە ڕووبەڕووی لێشاوی ڕەخنەیەكی توند لە ناوەندە وەرزشی و سیاسیەكانی ئەوروپا بووەوەو هەرزوو هەڵوەشایەوە، ئەویش بە كشانەوەی یانەكانی ئەتلەتیكۆ مەدریدو مانچستەریونایتدو ئینتەرمیلان و مانچستەرسیتی و چێڵسی و لیڤەرپول و ئەی سیی میلان و ئارسناڵ و تۆتنهام لە خولەكە، بەڵام هەریەك لە ڕیال مەدریدو بارسێلۆناو یوڤێنتوس پێداگیربوون لەسەر بەجێگەیاندنی پڕۆژەی خولی سوپەری ئەوروپا.
 بۆیە چاوەڕوان دەكرا ئەم سێ‌ یانەیە سزابدرێن، هەرسێ‌ یانەش گەیشتوونەتە قۆناغی گڕوپەكانی چامپیۆنس لیگ، تیروپشكی وەرزی داهاتووی خولەكەش لە بیستوشەشی ئابی داهاتوو ڕادەكێشرێت.

كوردستان TV

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.