Erbil 21°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 13:47

رۆژنامه‌ی خه‌بات مام هادی رۆژنامه‌فرۆش خه‌ڵات ده‌کات

کوردستان TV
100%

 سه‌لام عه‌بدوڵڵا، سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی خه‌بات، به‌ ئاماده‌بوونی دڵشاد وه‌سانی سكرتێری نووسین و ژماره‌یه‌ك له‌ رۆژنامه‌نووسان، رێز و سوپاسی ئاراسته‌ی هادی ره‌شید ناسراو به‌ مام هادی رۆژنامه‌فرۆش كردو به‌ناوی رۆژنامه‌ی خه‌باته‌وه‌ خه‌ڵاتی رێزلێنانی پێشكه‌ش به‌و رۆژنامه‌فرۆشه‌ دێرینه‌كرد، كه‌ زیاتر له‌ 30 ساڵه‌ خه‌ریكی خزمه‌تكردنه‌ به‌ كتێب و رۆژنامه‌ و گۆڤار و چاپكراوه‌كانی دیكه‌ش به‌بێ جیاوازی.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا مام هادی رۆژنامه‌فرۆش سوپاسی رۆژنامه‌ی خه‌باتی كرد، وه‌ك یه‌كه‌مین ده‌زگای میدیایی كه‌ رێز له‌ هه‌وڵ و ماندووبوونی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێت، ساڵانێكی ته‌مه‌نیان پێشكه‌ش به‌ چاپكراوه‌كان كردووه‌و رۆژنامه‌فرۆشانیان به‌ به‌شێكی گرنگی كاروانی رۆژنامه‌گه‌ری هه‌ژمار كردووه‌.

هادی ره‌شید ناسراو به‌ مام هادی رۆژنامه‌فرۆش، له‌دایكبووی 1970ـیه‌، وه‌ك خۆی باسی ده‌كات له‌ 1984ـه‌وه‌ به‌ هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی رۆژنامه‌ و گۆڤار و كتێب ده‌خوێنێته‌وه‌ و بایی ئه‌وه‌نده‌یش خۆی فێری ئینگلیزی كردووه‌، كه‌ پێویستی به‌ وه‌رگێڕ نه‌بێت.

ئه‌و رۆژنامه‌فرۆشه‌ دێرینه‌ی هه‌ولێر خوولیایه‌كی به‌رده‌وامی بۆ كاغه‌زی نووسراو هه‌یه‌، مام هادی ده‌ڵێت: پارچه‌ كاغه‌زێكی چاپكراو، نیوه‌ی قوڕاوی بووبێت، پێویسته‌ پاكبكرێته‌وه‌و هه‌ڵبگیرێت، چونكه‌ هیچ كاغه‌زێكی چاپكراو بێ سوود نییه‌، ئیدی چ كتێب بێت یان رۆژنامه‌و گۆڤار.

مام هادی كه‌ ئه‌رشیفێكی زۆر و ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌ كتێب و رۆژنامه‌و گۆڤاره‌ نوێ و كۆنه‌كان هه‌یه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ رۆژانه‌ هه‌موو رۆژنامه‌ رۆژانه‌ییه‌كانی وه‌ك خه‌بات و هه‌ولێر و شه‌رقولئه‌وست ده‌خوێنێته‌وه‌، ئه‌و ده‌ڵێت: كات زۆره‌و به‌شی كه‌سابه‌ت و خوێندنه‌وه‌ش ده‌كات، ته‌نانه‌ت ئاگاداری و ریكلامی ناو رۆژنامه‌كانیش ده‌خوێنمه‌وه‌، زۆرجار خه‌ڵكێك په‌یوه‌ندی ده‌كات له‌ وتار و ئاگاداری خۆی ده‌پرسێته‌وه‌، من پێیده‌ڵێم كه‌ له‌ كامه‌ رۆژ و كامه‌ ژماره‌ش بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

له‌ وه‌ڵام به‌و پرسیاره‌یش كه‌ رێژه‌ی خوێنه‌رانی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ژموونی سۆشیال میدیا له‌ چ ئاستێكدایه‌؟ مام هادی ده‌ڵێت: رۆژنامه‌ متمانه‌ پێكراوه‌، خوێنه‌ری جدی هه‌رماوه‌و هیچ كاتێك سۆشیال میدیا ناتوانێت جێگه‌ به‌ چاپكراوه‌كان له‌ق بكات.

ئا- كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.