لە چوارچێوەى خشتەی مەشق و راهێنانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە لە شەڕى دژى تیرۆریستانى داعش، کە خوولەكانى دەرەوەى وڵاتیش لەخۆ دەگرێت، بە پێی چەند مەرج و رێنماییەک، وەک تاقیكردنەوەی زمانى ئینگلیزى و سەرکەوتن، رائد ئەیوب ئەفسەر لە رشتەى گەیاندن، وەرگیرا بۆ بەشداری کردن لەهەردوو خولی گەیاندن و فەرماندەیی سەربازی، کە لە وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا ماوەی ٨ مانگ بوو بەڕێوەچوو.
شایانی باسە، دواى تەواو كردنى ماوەى هەر دوو خوولەکە، کە لە دوو ویلایەتی جیای ئەمریکا بەڕێوەچوو، بروانامەى زمانى سەربازى و بروانامەى سەركردایەتى گەیاندنى سەربازى بەدەستهێنا، بۆئەوەی لەیەکە سەربازیەکەی خۆی لە ریزەکانی هێزی پێشمەرگە خزمەت بە پێشمەرگە و کوردستان بکات.
رائد ئەیوب حەمەدەمین ئەفسەری بەشداربوو لە خولەکە، لە لێدوانێکی تایبەت بەسەنتەری میدیا گوتی: من یەكەمین و تەنها ئەفسەرم لە هەموو عێراق و كوردستان، كەبەشداریم كردووە لە خوولى ( Signal Captain Career course ) (سەركردایەتى و فەرماندەیى گەیاندنى سەربازى )، یەكێكە لە خوولە هەرە بەهێزەكان، كە ئەفسەرانى ووڵاتانى هاوپەیمانى ئەمەریكا و ناتۆ تێدا بەشدار دەبن.
لە پەیمانگای (DLI)ی ئەمریکا ئەفسەرانی 150 وڵات بەشدار بوون لەو خولەدا، دەرفەتێكى باش بوو بۆ ناساندنى پێشمەرگە و كوردستان، ئاڵاى كوردستان لەسەر سنگ و جلەکانم ببووە جێگاى سەرنجى ئەفسەرانى ووڵاتانى جیهان، لەو ماوەیە دەرفەت رەخسا، بۆئەوەی باسى كوردستان و مێژوو و خەباتى گەلى كورد و فیدراڵیزمى عێراق و كوردستان بکەم بۆ قوتابیان و ئەفسەرانی بەشداربوو لەخولەکە.
لەدرێژەی لێدوانەکەی بۆ سەنتەری میدیا رائد ئەیوب گوتی: دواى تەواو كردنى خوولى زمانى بەرگرى و وەرگرتنى بڕوانامە، سەردانی سەربازگەى فۆرتگۆردنم کرد لە ویلایەتی جۆرجیا، بۆ بەشداریکردن لە خوولى دووەم (فەرماندەیی و خوێندنى یاساكانى سەربازى ئەمەریكا)، کە بابەتەکان پێکهاتبوون لە (ئەدا كردن، ئەتەكێتى سەربازى، چۆنیەتى بەرێوەبردن و رەفتار كردن لەناو یەكەو بارەگاى سەربازى، سەرپەرشتى كردنى ئۆپەراسیۆن، فەرماندەیى، دانانى پلانى جەنگ و دواتر پلانى گەیاندنى سەربازى كە زۆربەى لاپەرەى یاساكانى سەربازى ئەمەریكا لە خۆدەگرێت).
وتیشی: لە خولی دووەمدا زۆربەى ئەفسەرانى ناو خوولەكە ئەمەریكى بوون، بەهەمان شێوەی خولی یەکەم دەرفەتێك بوو بۆ ناساندنى گەلى كورد و مێژووەكەى و ئالوگۆرى كەلتوری لە نێوانماند،
لە سەر ئەم بابەتانە لە نووسینگەى ئەفسەرانى بیانى، کە تایبەتە بە شارەزا کردن بە كەلتورى سەربازى و دامەزراوە رامیارى و سەربازیەكانى وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا، لەراپۆرتێکدا بە شیوەی پاوەرپۆینت، كە 80 سلاید بوو، لە ماوەى كاتژمێر ونیوێک، (مێژووى گەلى كورد لە رووخانى عوسمانیەكان تاكو شۆرشەكانى كورد 1961- 1974، كۆمارى مەهاباد، كارەساتى هەڵەبجە، ئەنفال، راپەڕینى 1991، دامەزراندنى پەرلەمان و حكومەتى هەرێم، شەڕى كوێت، روخانى رژێمى بەعس، هەڵبژاردن و شەرى داعش)م پێشكەش بە ئامادەبوان كرد، جێگاى سەرنج و دەستخۆشى بەشداربوان بوو، بینم فرمێسك بە چاوى یەكێك لە ئەندامانى ئۆفیسەكەدا دەهاتە خوار.
لەکۆتایی لێدوانەکەی بۆ سەنتەری میدیا رائد ئەیوب باسی هەڵوێستێکی خۆی دەکات، دەڵێت کاتێک سەردانى مۆزەخانەى هۆلۆكۆستمان كرد، کە دەربارەی شێوازى جینۆسایدى یەهودیەكانە لەلایەن نازیەكانى ئەڵمانیا و ئەوروپا، دواى بینینى مۆزەخانەكە بۆ ماوەى 2 كاتژمێر لە هۆڵی مۆزەخانەکەدا مامۆستای مۆزەخانەكە باسی جینۆسایدی جوەکان كرا، لەلایەن ئەفسەرانى ووڵاتان گفتوگۆی لەبارەوە کرا، منیش بە ئاماژەدان بە هەڵەبجە و گازى كیمیایى و شێوازى جینۆسایدەكە، كە یەهودیەكان بەگاز لە ژوورەكان دەخنكێنران، گەلى كورد بە فرۆكە و بۆمباباران دەکوژران و زیندەبەچاڵ دەکران بەشداری گفتوگۆیەکەم کرد، دوو لە ئەفسەرانى عەرەب، کە لەوێ ئامادە بوون رەخنەیان لێگرتم، كە چۆن باسى عەرەب و بەعس دەكەم، بەڵام من بەبەڵگە و ناردنى لینكى یوتوب بۆ سەر شاشەى هۆڵەكە هەڵوێستى ئەوانم گۆڕى و لەكۆتاییدا داواى لێبوردنیان لەمن کرد، دەربارەی ئەو ستەم و هەڵە تێگەیشتنەی بەرامبەر بە گەلی کورد هەیانبووە.
پاش تەواو كردنى هەر دوو خوولەکە و وەرگرتنى بڕوانامە، کە یەكێکیان بڕوانامەى دبلۆمى زمانى ئینگلیزییە لە پەیمانگاى زمانى بەرگرى، 3 بڕوانامەى ترى سەربازى لە سەربازگەى فۆرتگۆردن ئێستا گەراوەتەوە کوردستان بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگە و خاکی کوردستان. هەر لهچوارچێوهى بهرنامهى خولهكە، ئهفسهرانی بەشداربووی وڵاتان بانگێشت دەکرێن بۆ پایتهختى ئهمهریكا (واشنتۆن دیسى)، بەمەبەستی چاوپیكهوتنیان به گهوره فهرماندهكانى سهربازى ئەو وڵاتە و بهشداریان پێ دەكرێت له چالاكى و مهراسیمى سهربازى، یهكێك لهو مهراسیمه فهرمیە سهربازیه گرنگانهش، دانانى تاجه گوڵینهیە لهسهر گۆڕى سهربازى وون، كه ناوبراو وهكو ئهفسهرێكى پیشمهرگه به جلى سهربازى و ئاڵاى كوردستان بهشداری کردووە له دانانى تاجه گوڵینهكه لهسهر گۆرى سهربازى ون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.