وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، گەیشتنی کاروانێکی دیکەی ڤاکسینی فایزەری راگەیاند.
لەمبارەیەوە کۆمپانیای گشتیی بەبازاڕکردنی دەرمان و پێدوایستییە پزیشکییەکان سەربە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، کاروانێکی دیکەی ڤاکسینی فایزەر، گەیشتووەتە عێراق بێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی دۆزەکان بکات و ھاتووە:
"ڤاکسینەکان لە رێگای ساردکەرەوەی تایبەتەوە رەوانەی بنکە و فەرمانگەکانی تەندروستیی لە پارێزگاکانی عێراق و پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کراون".
لە 11ی مانگی نیسانی رابردووەوە تا ئێستا، ژمارەیەک کاروانی ڤاکسینی فایزەر لە ئەمریکاوە گەیشتووەتە عێراق.
ئەمەیش لە کاتێکدا تا ئێستا، 472 ھەزار و 302 کەس لە عێراق، ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.
بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا، یەک ملیۆن و 136 ھەزار و 917 کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش 15 ھەزار و 930 کەس گیانیان لەدەستداوە و یەک ملیۆن و 39 ھەزار و 616 کەسیش چاکبوونەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.