Erbil 4°C یەکشەممە 05 کانوونی دووەم 04:19

په‌یامی ڕۆژی جیهانی شانۆ بۆ ساڵی 2021

کوردستان TV
100%

په‌یامی ڕۆژی جیهانی شانۆ  بۆ ساڵی 2021 له‌لایه‌ن ئه‌كته‌ری شانۆ و سینه‌ما و ته‌له‌فزیۆن به‌ریتانی  (هه‌ڵه‌ن میره‌ن)-ه‌وه‌، نووسراوه‌.

ئه‌مه‌ كاتێكی زۆر سه‌خت بوو بۆ نمایشی زیندوو. زۆر هونه‌رمه‌ند و ته‌كنیشن و ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی كاری ده‌ستی ده‌كه‌ن، له‌ پیشه‌یه‌كدا خه‌باتیان ده‌كرد كه‌ خۆی لێوانلێوه‌ له‌ مه‌ترسی.

ره‌نگه‌ ئه‌و مه‌ترسییه‌ هه‌میشه‌ییه‌ یارمه‌تی دابن تا به‌ زیره‌كی و ئازایه‌تییه‌وه‌ له‌م په‌تایه‌ رزگاریان بێت.

له‌م هه‌لومه‌رجه‌ نوێیانه‌دا، توانییان ئه‌ندێشه‌كانی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندیكردن بگۆڕنه‌ سه‌ر چه‌ندین شێوازی داهێنه‌رانه‌ و چێژبه‌خش و كاریگه‌ر. بۆ به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ش، ده‌بێت سوپاسی ئینته‌رنێت بكه‌ین.

مرۆڤه‌كان، له‌وه‌ته‌ی له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ن هه‌میشه‌ چیرۆكیان بۆ یه‌كتر گێڕاوه‌ته‌وه‌، تا له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ش بمێنین كه‌لتوری جوانی شانۆ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئاره‌زووی داهێنه‌رانه‌ی نووسه‌ران و دیزاینه‌ر و سه‌ماكار و گۆرانیبێژ و ئه‌كته‌ر و موزیكژه‌ن و ده‌رهێنه‌ره‌كان هه‌رگیز خه‌فه‌ ناكرێت. له‌ داهاتوویه‌كی زۆر نزیكدا ئه‌و ئاره‌زووه‌ به‌ وزه‌یه‌كی نوێ و تێگه‌یشتنێكی نوێی هه‌موومانه‌وه‌ بۆ جیهان، جارێكی تر ده‌گه‌شێته‌وه‌.

بایۆگرافی هه‌ڵه‌ن میره‌ن، ئه‌كته‌ری شانۆ و سینه‌ما و ته‌له‌فزیۆن..

هه‌ڵه‌ن میره‌ن یه‌كێكه‌ له‌ ناسراوترین و رێزلێنراوترین ئه‌كته‌ره‌كان له‌ جیهاندا، به‌ هۆی نمایشه‌ به‌هێز و فره‌ چه‌شنه‌كانییه‌وه‌ له‌ بواری شانۆ و سینه‌ما و ته‌له‌فزیۆندا چه‌ندین خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه‌، له‌وانه‌ خه‌ڵاتی ئۆسكاری 2007 بۆ نواندنی له‌ فیلمی «شاژن» دا.

هه‌ڵه‌ن میره‌ن ده‌ستپێكی كاره‌كانی له‌گه‌ڵ شانۆی نیشتمانی گه‌نجان به‌ بینینی رۆڵی كلیۆپاترا ده‌ستیپێكرد. دواتر له‌ مانچسته‌ر وه‌ك ئه‌كته‌ر ده‌ركه‌وت و له‌وێشه‌وه‌ چووه‌ ناو كۆمپانیای شاهانه‌ی شكسپیره‌وه‌. پاش چوار ساڵی به‌رچاو كاركردن بۆ ئه‌و كۆمپانیایه‌، به‌ ته‌واوی ئاڕاسته‌ی هونه‌ری خۆی له‌و كاته‌وه‌ گۆڕی كه‌ ده‌ستی به‌ كاركردن كرد له‌ كۆمپانیاكه‌ی ده‌رهێنه‌ری به‌ ناوبانگ پیته‌ر برووك «سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی شانۆیی» وه‌ له‌گه‌ڵیاندا گه‌شتی بۆ ئه‌فریقا و ئه‌مریكا كرد.

له‌وكاته‌وه‌ ئیتر له‌ چه‌ندین به‌رهه‌می شانۆییدا به‌شداریی كرد، وێست ئێند، فرینج، كۆمپانیای شاهانه‌ی شكسپیر و شانۆی نیشتمانی و برۆدوه‌ی له‌ ئه‌مریكا، له‌و كارانه‌ی به‌شداری تێدا كردن شانۆیی «مانگێك له‌ لادێ» كه‌ تیایدا بووه‌ هه‌ڵبژارده‌ی خه‌ڵاتی تۆنی و شانۆیی «سه‌مای مه‌رگ» كه‌ به‌رامبه‌ر ئییه‌ن مه‌كاڵن نواندی ده‌كرد.

له‌ به‌رهه‌مه‌كانی داهاتووتریشی « دابه‌زینی ئۆرفیۆس بۆ بارگه‌ی ده‌نمار»، « ماته‌م ده‌بێته‌ ئه‌لێكترا» كه‌ تیایدا هه‌ڵبژێردرا بۆ خه‌ڵاتی ئۆڵیڤه‌ر وه‌ك باشترین خانمه‌ ئه‌كته‌ر.

ساڵی 2009 گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ شانۆی نیشتمانی بۆ وه‌رگرتنی رۆڵی سه‌ره‌كی له‌ شانۆیی «فیدرا»ی نووسه‌ری فه‌ره‌نسی جان راسین و ده‌رهێنانی نیكپڵاس هیتنه‌ر. ئه‌م كاره‌ توانی مێژوو دروست بكات، چونكه‌ بووه‌ یه‌كه‌م به‌رهه‌می شانۆی نیشتمانی كه‌ راسته‌وخۆ وێنه‌ی بگیرێت و له‌ زۆربه‌ی سینه‌ماكانی جیهاندا پیشان بدرێت.

له‌ نوێترین نمایشه‌كانیشی له‌ شانۆی وێست ئێند له‌ له‌نده‌ن، ساڵی 2013 جارێكیتر رۆڵی شاژن ئه‌لیزابێسی دووه‌می بینییه‌وه‌ له‌ شانۆیی «چاوپێكه‌وتن» له‌ نووسینی پیته‌ر مۆرگن و ده‌رهێنانی ستیڤن دالدری.

به‌م رۆڵه‌ توانی خه‌ڵاتی ئۆلیڤه‌ر و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی وه‌تس ئۆن سته‌یج وه‌ك باشترین خانمه‌ ئه‌كته‌ر به‌ده‌ست بێنێت. له‌ ساڵی 2015 دا نمایشی «چاوپێكه‌وتن» گوازرایه‌وه‌ بۆ نیۆیۆرك و له‌سه‌ر شانۆی جێراڵد شینفێڵد نمایش كرایه‌وه‌ و هه‌ڵه‌ن میره‌ن هێشتا هه‌مان رۆڵی ده‌بینی. به‌وه‌ش توانی خه‌ڵاتی «تۆنی» بۆ باشترین خانمه‌ ئه‌كته‌ر به‌ده‌ست بێنێت.

جگه‌ له‌ كاره‌كانی له‌ بواری شانۆدا، هه‌ڵه‌ن میره‌ن به‌ كاره‌ ناوازه‌كانیشی له‌ سینه‌ما و ته‌له‌فزیۆندا زۆر ناسراوه‌.

ساڵی 2003 هه‌ڵه‌ن میره‌ن كرایه‌ خانمی شاهه‌نشانشینی به‌ریتانیا.

وه‌رگێڕانی: رزگار حه‌مه‌ڕه‌شید

بۆ زانیاری زیاتر ده‌رباره‌ی ژیانی و كاره‌ شانۆیی و سینه‌مایی و ته‌له‌فیزیۆنییه‌كانی و هه‌روه‌ها كاره‌ خێرخوازییه‌كانی ده‌توانرێت له‌ وێبسایته‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ به‌ ده‌ست بهێنرێت. http://www.helenmirren.com/

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.