سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان لە یادی (٣٠) سی ساڵەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ بڵاوكردهوه.
سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان و شەھیدانی ئەنفالکراو.
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکان و گشت گەلی کوردستان.
ئەمرۆ سی ساڵ بەسەر ڕۆژێکی پرشنگداری پڕ سەروەریی گەلەکەمان تێدەپەرێت کە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە خەباتی گەلەکەمان هێنایە کایەوە، ئەوەش ڕاپەڕینی جەماوەری ستەمدیدە و سەربەرز و شۆڕشگیری کوردستان بوو، کە متمانە و باوەڕی تەواویان بە پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ھەبوو و ئامادەیی تەواویان بۆ فیداکاری ھەبوو، لەو کاتەشدا تا ڕادەیەك دۆخی زاتی و مەوزوعی بۆ سەرھەڵدان لەبار بوو، ھەموو ئەمەیش وایکرد لە (٥)ی ئاداری ساڵی ١٩٩١ ڕاپەڕینی جەماوەر و ھەڵمەتی پێشمەرگە یەکبگرن و، ڕاپەڕین دەست پێ بکات.
ئەو ڕاپەڕینە مەزنەی گەلی سەربەرزی کوردستان بۆ بەدەسھێنانی تەواوی مافە ڕەواکانی گەل و ڕزگارکردنی خاکی کوردستان بەرپا بوو، ئەو ڕاپەڕینە گرینگە بووە ھۆی ئەوەی گەلی کوردستان بتوانێت بەشێك لە مافە ڕەواکانی بەدەست بھێنێت و تا ڕادەیەك گەل خۆی فەرمانڕەوایی خۆی لە بەشێکی خاکی کوردستانی باشور لە ژێر ناوی فیدرالیدا بکات.
بەم بۆنەیەوە، بە ناوی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووك-گەرمیان پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و ڕێزدار جەنابی سەرۆك کاك مسعود بارزانی دەکەین و، دووبارە سەری ڕێز و نوازش بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدە سەربەرزەکانی کورد و کوردستان دادەنوێنین.
سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان.
دکتۆر کەمال کەرکووکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان
٢٠٢١/٣/٥
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.