Erbil 8°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 01:02

مەکتەبی سیاسی پارتی: ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە یەکڕیزی و یەکگوتاری سیاسییە

کوردستان TV
#7
100%

بەبۆنەی (٣٠)هەمین ساڵوەگەڕی راپەڕینە شكۆدارەكەی گەلەكەمان، مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌، رایگه‌یاند: راپەرینی شكۆداری (٥ـی ئاداری ساڵی ١٩٩١) بەردی بناغەی حوكمڕانی كوردی داناو توانرا لە ساڵی(١٩٩٢) پەرلەمانێك لە هەموو پێكهاتەكان هەڵبژێردرێ، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

 

 
رۆڵەكانی گەلی كوردستان بە تێكرای چین توێژ و پێكهاتەکانیەوە لە(٥ـی ئادار)ی هەموو ساڵێك یادی رۆژێكی مێژوویی شكۆدار و مەزن دەكەنەوە، لەو رۆژەدا راپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەلەكەمان بە بڕیاری سەركردایەتی سیاسی و هێز و توانای سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەكانی كوردستان لە شاری رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە زەنگی سەركەوتنی بەسەر ستەم و زۆرداریدا لێدا.
 
راپەرینی گەلەكەمان لەو رۆژەدا رووداوێكی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بەرهەمی خەباتی ساڵەها ساڵەی سیاسیی و چەكداری نەتەوەکەمان و پێشمەرگایەتی و ھەردوو شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان بوو، هەربۆیەش پەیامی راپەڕین رەتكردنەوەی هەموو جۆرە چەوسانەوەیەك و ستەمێكی حكومەتە شۆفینیە یەك لە دواییەكەكانی عێراق بوو، هەروەها راپەڕین هەوێنی بەرخودان بوو دژ بە سیاسەتی لەناوبردن و جینۆساید و سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلەكەمان.

راپەرینی شكۆداری (٥ـی ئاداری ساڵی ١٩٩١) بەردی بناغەی حوكمڕانی كوردی داناو توانرا لە ساڵی(١٩٩٢) پەرلەمانێك لە هەموو پێكهاتەكان هەڵبژێردرێ و حكومەتێكی نیشتیمانی لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەکەماندا پێكبهێنێ کە ئەمەش خواستی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتیمان بوو بۆ ھێنانەدی ویستی رۆڵەكانی گەلەكەمان و تۆمارکردنی ئەزموونێكی نوێ و پڕشنگدار لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەكەماندا.

بەدرێژایی تەمەنی فەرمانڕەوایی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێک كێشە و قەیران و گیروگرفتی ناوخۆیی و دەرەكی بەرەو رووی ئەو ئەزموونە بونەتەوە كە هەرەترسناكەكەیان شەڕی داعش و تیرۆریستان بوو هەرچەندە بە خۆراگری و جوانمێری هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سەدان شەهید، ئەو مەترسیە بەو ئاست و رادەیەی ئەوسا نەماوە، بەڵام تائێستاش ئەو هەڕەشەیە هەربەردەوامە و لێرە و لەوێ ئەو تاقمە گێرەشێوێنانە پەلاماری هەرێم دەدەن.

لەلایەكی دیكەوە پەتای كۆرۆنا كە قەیرانێكی تەندروستی و ئابووری و دارایی لە جیهان خستۆتەوە و هەرێمی كوردستانیشی گرتۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێم بەهەموو هێز و توانایەكیەوە لە هەوڵی چارەسەركردن و سنوورداركردنی ئەو پەتایە دایە لەرێگەی رێنمایی توندوتۆڵ و پلانی رێكوپێكی تەندروستی و گەیشتنی فاكسینی ئەو پەتایە بۆ هەرێم، هەروەها حكومەتی هەرێم لەرێگەی پلان و سیستەمێكی گونجاوی چاكسازی بۆ چارەسەركردنی باری گوزەران و بژێوی هاووڵاتیان و رێكخستنەوەی سیستەمی مووچە بەردەوامە لە كارەكانیدا، جگە لە دیدارو گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدا بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی کوردستان.

هاووڵاتیانی خۆشەویست وخۆراگر..

ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕوامان وایە و جەختیش لەسەرئەوە دەكەینەوە كە ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە یەكڕیزی و یەكگوتاری سیاسییە بۆ پتەوكردن و بەهێزكردنی حوكمڕانیەتی هەرێمی كوردستان كە بە خوێنی هەزارەها شەهید و قوربانی هاتۆتە ئاراوە.

لەلایەكی دیكەوە پارتیمان باوەڕی وایە بۆ پاراستنی ئەو دەستكەوتانە و چارەسەركردنی كێشەكان و بەدیهێنانی ئامانجەكانمان ئەمڕۆ جیددیتر و زیاتر پێویستمان بە هەماهەنگی و هاوبڕیاری سیاسی هەیە لەسەر ئاستی هەرێم و لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیە پێشكەوتنخواز و نیشتیمانپەروەرەكانی عیراقیش، بەتایبەتی كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عیراقمان لەبەردەمدایە، بۆ ئەوەی بتوانین سەنگ و قورسایی هەرێم لە بەغدا پتەوتر بكەین و ماف و ئیستیحقاقاتە دەستووریەكانمان بەدەست بێنین و كێشە هەڵپەساردراوەكانیش بەزووترین كات چارەسەر بكەین.

لەو بۆنە پیرۆزەدا وەك هەمیشە جەخت دەكەینەوە سەر بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و جێبەجێكردنی ئەركە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانمان بۆ پتەوتركردن و داكۆكیكردن لە  بنەما راست و دروستە دیموكراسیەكانی حوكمڕانیەتی گەلی كوردستان و زیاتر خزمەتكردنی رۆڵەكانی گەلەكەمان و چاكتركردنی بژێوی ژیانیان و بەرەوپێشبردنی بارودۆخی گوزەرانیان و چارەسەركردنی كێشە و گیروگرفتەكان و زیاتر ئاوەدانكردنەوە و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان.

جەخت لەسەر پاراستن و بەھێزکردنی قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی كوردستان دەکەینەوە، کە نیشتیمانێکی ئارام و ئاسوودە و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكانە و، ماف و داخوازیی و بوونی ھەمووانی تێداپارێزراوە و  هەر ئاواش دەمێنێتەوە..

لەیادی راپەڕینە شكۆدارەكەی گەلەكەمان سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كورد و كوردستان، سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو دادەنوێنین...
دروود بۆ شەهیدانی راپەرینە شكۆدارەكەی ئاداری ١٩٩١، لە شاری رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە تا وەكو كەركووكی دڵی كوردستان..

سڵاو و دروود بۆ شەهیدانی رێگای رزگاریی و سەرفرازی و هەموو ئەو قارەمانانەی گیانی خۆیان لەپێناوی نیشتیمانەكەیاندا بەخشی..
سڵاو بۆ پێشمەرگە دلێرەكانی كوردستان..
شكۆدار بێ یادی راپەڕین..

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٥ـی ئاداری ٢٠٢١

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.