مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لهیادی راپهرین پهیامێكی بڵاوكردهوه رایگهیاند: بە یەکڕیزی و یەکدەنگییەوە، داکۆکی لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەین.
دهقی پهیامی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان:
لە یادی( 30 ) ساڵەی ڕاپەڕینی پڕشکۆی ئاداری 1991ی گەلی کوردستان ، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان ، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم .
ڕاپەڕینی ئاداری 1991، یەکێکە لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کورستان، کە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی بوو.
ڕاپەڕین وەرچەخانێکی مێژوویی بوو لەشۆڕش و تێکۆشانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، کە بەرهەمەکەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێم بوو، کە پێویستە ئەمڕۆش، هەر تاکێکی کوردستانی و هەموو لایەن وپێکهاتەكان، بە یەکڕیزی و یەکدەنگییەوە، داکۆکی لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.
پێویستە بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین.
با یادی ڕاپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە ، کارنامە چاکسازییەکەی جێبەجێ بکات و خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین.
بەرز و شکۆدار بێت ساڵیای ڕاپەڕینی ئاداری 1991
سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.