پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ٤/٣/٢٠٢١، "عبداللە حاجی محمود" وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە دیوانی وەزارەت پێشوازیکرد لە "د. عەبدولحەکیم خەسرەو"، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سکرتێری لێژنەی باڵای چاکسازی.
لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت، بەرێوەبەری گشتی دیوان و ژمارەیک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی وەزارەت باس لە ئیش و کاری لێژنەکانی چاکسازی کرا لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠٢٠) بۆ زیاتر چەسپاندنی دادپەروەری تاوتوێ کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر پڕۆسەکانی پێداچوونەوە و پاکتاوکردنی دۆسیەکانی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی.
دەرکردنی چەندین رێنمایی و رێکار لەلایەن وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە بۆ کارئاسانی و روونکردنەوە و جێبەجێکردنی وردی یاساکە بە گرنگییەوە باسی لێوە کرا و ماندووبوونی لێژنەکان لەو بارەیەوە بەرز نرخێندرا.
دواتر بۆ ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی ئیش و کاری لێژنەکان، سەردانی هەردوو لێژنەی سکاڵا و لێژنەی وردبینی لە دۆسیەی زیندانییانی سیاسییان کرد و هەردوولا جەختیان لە سەر جێبەجێکردنی دادپەروەرانەی یاساکە کردەوە بۆ زیاتر بەدیهێنانی دادپەروەری، لە کۆتاییدا هەموو پشتگیری و پشتیوانییەکیشیان بۆ لێژنەکانی چاکسازی دووپات کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.