لیژنه‌ی رێكخستن و ئاماده‌كارییه‌كان تایبه‌ت به سه‌ردانه‌كه‌ی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق رایگه‌یاند كه سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كانی تایبه‌ت به پێشوازیكردن له پاپای ڤاتیكان، پاپا فره‌نسیس ته‌واوكراون و ئاماژه‌ی به‌وه‌یشدا كه خۆشحاڵێیه‌كی به‌رفراوان بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی پاپای ڤاتیكان، پاپا فره‌نسیس بۆ عێراق ھه‌یه.
له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆكی كڵێسای كلدانیی له عێراق و جیھان، پاتریارك مار لۆیس روفائێل ساكۆ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا رایگه‌یاند كه رێوشوێنه‌كانی خۆپارێزیی له میانی سه‌ردانه‌كه‌ی پاپا فره‌نسیس بۆ عێراق گیراونه‌ته‌به‌ر و باسی له‌وه‌شكرد كه پاپا له میانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراق، ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی شوێنه‌واریی به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه.
پاتریارك مار لۆیس روفائێل ساكۆ سه‌ردانه‌كه‌ی پاپای ڤاتیكان، پاپا فره‌نسیس بۆ عێراق به په‌یامێك بۆ ئاشتیی، خۆشه‌وێشتی و پاڵپشتیكردن بۆ مه‌سیحییه‌كان له عێراق له‌قه‌ڵه‌مدا و گوتی:سه‌ردانه‌كه‌ی پاپا فره‌نسیس بۆ عێراق، ده‌بێته ھاندانێك بۆ مه‌سیحییه‌كان تا له زێدی خۆیان بمێننه‌وه.
گوتیشی: سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كانی تایبه‌ت به پێشوازیكردن له پاپای ڤاتیكان، پاپا فره‌نسیس ته‌واوكراون و حكوومه‌تیش زنجیره‌یه‌ك رێوشوێنی له‌وباره‌یه‌وه گرتووه‌ته‌به‌ر.
سه‌رۆكی كڵێسای كلدانیی له عێراق و جیھان، پاتریارك مار لۆیس روفائێل ساكۆ سه‌باره‌ت به ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی كه گوایه پاپای ڤاتیكان، پاپا فره‌نسیس له میانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراق، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عی باڵای شیعه، عه‌لی سیستانی واژوو ده‌كات، گوتی:تا ئێستا ھیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ی واژووكردنی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك له‌نێوان پاپا و سیستانی-دا نییه.
پاتریارك مار لۆیس روفائێل ساكۆ باسی له‌وه‌شكرد كه خۆشحاڵێیه‌كی به‌رفراوان بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی پاپای ڤاتیكان، پاپا فره‌نسیس بۆ عێراق ھه‌یه و گوتی:رۆژی ھه‌ینی، پاپا سه‌ردانی عێراق ده‌كات.
شایانی باسه پاپا له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا وابڕیاره سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له هه‌ولێر و به‌غدا و مووسڵ بكات و شوێنه‌واری ئور له‌پارێزگای زیقار به‌سه‌ر بكاته‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه پاپای ڤاتیكان سووربوونی خۆی له ئه‌نجامدانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراق دووپاتكرده‌وه و رایگه‌یاند كه سه‌ره‌ڕای ھێرشه مووشه‌كییه‌كان، سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراق ئه‌نجام ده‌دات.
به‌پێی ئاژانسه‌كانی نێوده‌وڵه‌تیی، پاپا فره‌نسیس جه‌ختیكردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ھێرشه مووشه‌كییه‌كان، نابینه ھۆی ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراق و گوتوویه‌تی: سه‌ره‌ڕای ھێرشه مووشه‌كییه‌كان، سه‌ردانی عێراق ده‌كه‌م.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.