پارێزگاری ھەولێر، ئەمڕۆ چوارشهممه 3 ى 3 ى 2021 ، سەردانی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی شاری ھەولێری كرد و، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگهیاند: بە بێ جیاوازی خزمەتی خەڵكی سنووری پارێزگای ھەولێر دەكەین.
ئومێد خۆشناو، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دوای سەردانی مەڵبەندی سێی یەكێتی لە ھەولێر، رایگەیاند: لە سەردانی ئەمڕۆماندا بۆ مەڵبەندی یەكێتی، باس لە كارنامەی ئایندەی خۆمان و كار و خزمەتكردن بە سنووری پارێزگای ھەولێر كرا، كە ئێمە دەمانەوێ دڵنیایی بدەینە لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی بتوانین بە ھەموومان خزمەتی ھاووڵاتیان بكەین".
گوتیشی: دەمانەوێ لاپەڕەیەكی تازە لە كاری خزمەتگوزاری و حوكمڕانی لە شاری ھەولێر دەست پێبكەین، كاری ئێمەش حزبایەتی نییە، دەمانەوێ لایەنە سیاسییەكان ھاوكارمان بن، بە تایبەتی ئەو ھێزانەی بەشدارن لە حكوومەتدا و ھەموومان پشتیوانی لە كارنامەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەین، كە رێككەوتنی لەسەر ئەنجام دراوە.
ئومێد خۆشناو راشیگهیاند: ئەو قسانەی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا كراون، لە رۆژانی داھاتوودا بە كردار دەیبینین لە پێناو خزمەتكردنی ھاووڵاتیانی ھەولێر.
لەبارەی سكاڵای مەحموود سەنگاوی لەسەر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر دەڵێت: پێشتر مەحموود سەنگاوی سكاڵای لەسەر من ھەبووە و ئەگەر رێكاری یاسایی بگیرێتە بەر، ئەوا من ئامادەی بەردەم دادگا دەبم و كەسمان لە سەرەوەی یاسا نین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.