Erbil 7°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 22:38

گەورەترین بەشی چاودێری چڕ لەشاری هەولێر کرایه‌وه‌

کوردستان TV
100%

به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ھه‌ڵكشانی نوێی په‌تای كۆرۆنا و بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنای گۆڕاو، یه‌كه‌یه‌كی ته‌ندروستی گه‌وره‌ بۆ چاودێری چڕ به‌ناوی نه‌خۆشخانه‌ی لالاڤ له‌ هه‌ولێر كرایه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری ته‌ندروستیی ھه‌رێمی كوردستان، سامان به‌رزنجی و پارێزگاری ھه‌ولێر، ئومێد خۆشناو نه‌خۆشخانه‌ی لالاڤ بۆ چاودێری چڕ له‌ ھه‌ولێر كرایه‌وه‌ كه‌ 40 قه‌ره‌وه‌ێڵه‌ له‌خۆده‌گرێت و له‌ سبه‌ی دووشه‌ممه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمیی ده‌توانێت نه‌خۆش وه‌ربگرێت.

نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیك نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی رۆژئاوا و 40قه‌ره‌وێڵه‌ له‌خۆده‌گرێت و ئاماده‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی تووشبووانی كۆرۆنا كه‌ سه‌رجه‌م پێداویستی پزیشكیی بۆ دابینكراوه‌ و ئه‌وانه‌ی باری ته‌ندروستییان ناجێگیربێت، له‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ ده‌توانن چاره‌سه‌ری پێویست وه‌ربگرن.

له‌ سه‌ره‌تای رێوره‌سمه‌كه‌دا، پارێزگاری ھه‌ولێر، ئومێد خۆشناو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا توانراوه‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان دابین بكرێت و له‌ چوارچێوه‌ی پلانه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیشدا خزمه‌تگوزاری زیاتر دابینكرا و كردنه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ پلانه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی.

ئومێد خۆشناو گوتی: ''سه‌ره‌تا درود بۆ گیانی پارێزگاری پێشوو، فه‌رسه‌ت سۆفی كه‌ رۆڵێلی گرنگی ھه‌بوو له‌ ته‌واوكردنی ئه‌م سه‌نته‌ره‌، ئێمه‌ش وێڕای پشتیوانیكردن له‌ سه‌رمایه‌داران، ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پڕۆژه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت ھاوشان له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت، ده‌توانێت خزمه‌تگوزاری زۆرتر پێشكه‌ش بكات و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، ده‌رگای پارێزگای ھه‌ولێر به‌ ھاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی وه‌به‌رھێنان به‌ڕووی سه‌رمایه‌داران و كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ ھه‌رچی ئاسانكارییه‌ پێشكه‌یشیانده‌كه‌ین".

ئومێد خۆشناو هه‌روه‌ها گوتی: ''له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ جیھان له‌ سێكته‌ری ته‌ندروستی له‌ ھه‌موو دونیا ھه‌ژانێك روویدا و وڵاتی  ئێمه‌ش به‌ده‌ر نه‌بوو له‌م ھه‌ژانه‌ و ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین له‌ سه‌ره‌تادا، ته‌نھا توانا مرۆییه‌كان و لێزانینی پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی بوونه‌ فریادره‌س و به‌ دڵنایییه‌وه‌ له‌م كاره‌شدا، به‌شێك له‌ كه‌موكوڕییه‌كانمان ده‌ركه‌وت، بۆیه‌ حكوومه‌تی ھه‌رێم له‌ چوارچێوه‌ی پلانه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ھه‌موو پێداویستییه‌كی خێرا دابینكرا و كردنه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و كارانه‌''.

له‌  رێوره‌سمه‌كه‌دا سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان، گوتی: ''ئه‌مڕۆ به‌شدارین له‌ كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی گرنگ و ستراتیجیی له‌ خزمه‌تگوزاریییه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی پزیشكیی، پڕۆژه‌ی كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به‌ چاودێری چڕ كه‌ دووه‌مین قۆناغی خزمه‌تگوزاریی پزیشكییه‌ و قۆناغی كۆتاییه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیان و ئومێد بۆ مرۆڤ كه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كی چڕ ھه‌یه‌ بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ ژێر ئامێری چڕ، بۆیه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند گرنگه‌ ژێرخانێكی به‌ھێز بۆ ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ ھه‌بێت، هه‌روه‌ها ھه‌ڵبژاردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش په‌یامێكی گه‌وره‌ و مرۆڤدۆستییه‌ و له‌ كاتێكی زۆر گرنگ ته‌واوكرا و له‌ ھه‌مانكاتدا ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ نه‌ك ته‌نھا بۆ نه‌خۆشانی كۆرۆنا، به‌ڵكو بۆ ھه‌موو نه‌خۆشییه‌ك و كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرانی له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كانی دیكه‌ ده‌توانرێت له‌ داهاتوودا سوودی لێ وه‌ربگیرێت''.

وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی‌ به‌ دامه‌رزاندنی 500كارمه‌ندی ته‌ندروستیدا و گوتی: ''ھاوشان له‌گه‌ڵ دابینكردنی ئه‌و ئامێر و پێداویستیییانه‌ و سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆری له‌ پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی، سوپاس بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی ھه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ بڕیارێكدا ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی به‌ دامه‌زراندنی 500 كارمه‌ندی ته‌ندروستی و سڕكردن و په‌رستارانی زانكۆ بۆ ھه‌موو پارێزگا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خزمه‌ت بكه‌ن''.

سامان به‌رزنجی ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه‌ به‌شێكی زۆری تووشبووانی ئێستای كۆرۆنا له‌ جۆری گۆڕاوه‌كه‌یه‌ و هۆشداریشیدا كه‌ ده‌بێت هه‌مووان پابه‌ندی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت رووبه‌ڕووی ئه‌م ڤایرۆسه‌ ببنه‌وه‌ .

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.