له‌كۆنه‌وه له كورده‌واریدا و پاش په‌یدابوونی كاره‌باو گڵۆپ، پێیان گوتوه عهلهتریك، كه له‌بنه‌ره‌تدا ئیلیكتریكه ئینگلیزییه‌كه‌یه. به عهمودیش كه گڵوپی پێوه بووبێ، پێیانوتووه داره ئهلیكتریكهكه. به‌ڵام ئه‌م ئهلهكتریكهی من باسی ئه‌كه‌م جیاوازه، به‌ڵام ناوه‌كه ھه‌ر له‌وه‌و سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
كه‌ریم كابان به‌حوكمی كاره‌كه‌ی كه پۆلیسی بێته‌ل، بێ‌سیم، مخابر به عه‌ره‌بی، بووه، بۆ زۆر شوێن نێردراوه، به‌غدا، ره‌واندوز، شیوه‌كه‌ڵ، دینارته، رانیه، بهنهفی كراویش بۆ ناسرییه، دیوانیه، نه‌جه‌ف، رومادی. كاتێك كه له ناوه‌ڕاستی په‌نجاكاندا له شیوه‌كه‌ڵ ده‌بێ، بێجگه له دۆستایه‌تی و خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌وێدا، یادگارییه‌كی جێهێشتووه به‌ناوی خۆیه‌وه.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا جۆرێك په‌یوه‌ندی سه‌ربازی ھه‌بووه، به لایت، گڵۆپ، كاتێك ویستراوه په‌یوه‌ندی بكرێ و ئامێری بێ‌سیم، لاسلكی نه‌بووه، یان نه‌ویستراوه به‌رامبه‌ره‌كه گوێی له په‌یوه‌ندییه‌كه بگرێت، به‌و ئامێره په‌یوه‌ندی كراوه.
كه‌ریم كابان به‌كارھێنانی ئه‌و ئامێره‌ی زانیووه‌و لهشیوهكهڵیش به‌كاری ھێناوه. ھه‌ر وه‌ختێك ویستبێتی به‌و ئامێره له‌گه‌ڵ چوارتا په‌یوه‌ندی بكات كه له‌وێش ئامێری ھه‌مان شێوه ھه‌بووه، چۆته سه‌ر كانییه‌ك كه چوارتای لێوه دیاربووه‌و بهلایتهكه په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی كردووه‌و وه‌ڵامیشی وه‌رگرتۆته‌وه، بۆیه خه‌ڵكی شیوه‌كه‌ڵ ئه‌و كانییهیان ناو ناوه، ئهلكتریكهكهی كه‌ریم كابان!
شوان كه‌ریم كابان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.