Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 06:56

ئاری بابان، هاوڕێی تەمەنم ئۆغرت خێر بێ

یەکێک لە هونەرمەندە بەرچاوەکانی کورد بوو
کوردستان TV
100%

ئازاد عبدولواحید

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئەم بەیانییە هەواڵی مەرگی برا و هاوڕێی تەمەنم هونەرمەند (ئاری بابان)م زانی ، ئەو هەواڵە بە جۆرێک تاساندمی و دڵتەنگ و غەمباری کردم کە نەمتوانی تا چەند سەعاتێک هیچی بۆ بنووسم .

عومەر عوبێد کە لە ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەریدا بە ئاری بابان ناسرابوو ، مرۆڤێکی پەپوولە ، ڕۆشنبیر و هونەرمەندێکی بە هەڵوێست و شۆڕشگێڕ ، پیاوێکی ڕەوشت بەرز و بە ئەدەب و خاوەن قیەم بوو ، کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ۱۹۷۸ لە سلێمانی لە نزیکەوە ناسیم بە ماوەیەکی زۆر کەم بووە هاوڕێم و وامدەزانی بە دەیان ساڵە دەیناسم ، بۆیە هەر زوو چوار مەشقی لە ناو دڵم دانیشت و جێی خۆی کردەوە .

ئاری بابان کە خەڵکی کەرکووک بوو ، یەکێک لە هونەرمەندە بەرچاوەکانی کورد بوو ، کە بەشدارییەکی چالانەی لەو بزاڤە هونەرییەدا هەبوو ، لە ساڵانی حەفتاوە تێکەڵاوی بزاڤی هونەری شێوەکاری کوردی بوو ، ساڵی ۱۹۷۲ لەگەڵ هونەرمەندان : گارا و ئەیووب شەریف لە هۆڵی ئیمام قاسم یەکەمین پێشانگەیان کردەوە ، بەهۆی چالاکی و کاری هونەریی بەردەوامەوە لە دەیان پێشانگەی هاوبەش لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەشدار بووە ، شەش پێشانگەی تایبەتیشی کردووەتەوە .

 

ئەم ناوە درەوشاوەیە بێجگە لەوەی هونەرمەندێکی شێوەکاریی بە سەلیقە و خاوەن ئەزموون بوو ، خۆشی چەندی بڵێی پیاوێکی خاوەن هەڵوێست و کوردپەروەر بوو . ئەم ئینسانە زەریایەک بوو لە ئارامی و هێمنی و ددان بەخۆداگرتن ، لە هەشتاکان کە فیرار و بێئۆقرە و قەرار و دڵتەنگ بووین ، من بۆ خۆم کەم شەو و ڕۆژ هەبوو پێکەوە نەبین و دەردەدڵ و سکاڵای حاڵی خۆمان لەلای یەکتر نەکەین ، تەنانەت کە دەمدی یەکسەر هێور دەبوومەوە و خەم و خەفەتم دەڕەوییەوە .

ئاری بابان بە هۆی ئەوەی لە خێزانێکی کوردپەروەر و شۆڕشگێڕ بوون ، بۆیە ڕێگەیان نەدا لە شاری کەرکووک دابمەزرێ ، لە هەشتاکان برایەکەی مولازم سیروان لە ڕیزەکانی حزبی شیوعیدا شەهید بوو ، فوئادی زاوای لە سێدارە درا و (ژیان)ی خوشکی گیرا و زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێنرا ، ئەوە بوو خۆشی لەگەڵ هاوڕێ هونەرمەندە کەرکووکییەکانی : فازڵ جاف و جیهاد دڵپاک و جەلیل زەنگەنە و حەمەکەریم عارف و عەلی کەریم و حەمەزیاد تەها کەوتە شاری سلێمانی و لە کتێبخانەی زانکۆی سلێمانی لەگەڵ سەباح غالب و د. یووسف حەمەساڵح و سەروەر محەمەدئەمین د.کوردۆ عەلی و ئەوانی دی دەستبەکار بوو ، کە ئەو کاتە د.فازڵ قەفتان ئەمینداری کتێبخانەکە بوو .

لەم ساڵانەی دوایی ماڵەکەی بە هەموو تابلۆ و کتێبخانە و ئەرشیفەکەیەوە کە کاری پتر لە چارەکە سەدەیەکی بوون سووتان ، ئەوە مایەی خەفەتێکی زۆر گەورە بوو بۆی ، بەڵام وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی ، بە هێمنی و زەردەخەنە هەمیشەییەکەی سەر لێوانی ، کە ئێمەی لەسەر ڕاهێنابوو ، پێشوازی لەو ڕووداوە کرد و بە ئیرادەیەکی بە هێز و کۆڵنەدەرانەوە لەسەر کاری خۆی بەردەوام بوو .

من لە سەرەتاوە ئاری (بابان)م چۆن دیتبوو و چۆنم ناسیبوو ، دوا جاریش کە لە ۲٠۲٠/۹/۱۹ دیم و بە یەکەوە لەگەڵ هونەرمەند حەمەڕەئووف کەرکووکی دانیشتین ، هەر ئەو ئینسانە بوو کە یەکەم جار ناسیبووم ، سادە و ساکار ، سەرڕاست ، دڵپاک ، بێڕتووش مابوویەوە .

چەند ساڵێک بوو نەخۆش بوو ، بەهۆی ئەو گرێیەی لەناو مێشکی هاتبوو بێحەواس بووبوو ، جارێک لە ئێران نەشتەرگەری بۆ کرا ، جارێکی دی سەردانی هیندوستانی کرد ، زۆرم پێ دەگوت کە بۆ بەدواداچوونی نەخۆشییەکەی بێباک و کەمتەرخەم نەبێ و ئاگای لە خۆی بێ ، بەڵام دیار بوو ڕۆژ دوای ڕۆژ بارودۆخی بەرەو خراپی دەچوو ، زوو شتی لە بیر دەچووەوە ، لەم دواییە هەر بە تەواوی زاکیرەی بەرەو لاوازی دەڕۆیشت .. هەزار نەفرەت لە کۆرۆنا کە نەیهێشت جارێکی دی بیبینمەوە و لەگەڵی دابنیشمەوە و هەندێ ڕاز و سکاڵای دڵی خۆمان لەلای یەکتر بکەین .

هاوڕێم .. هەواڵی مەرگی بێ خواحافیزیت برینێکی قووڵی وای لە ناخمدا هەڵکۆڵی کە تا من لە ژیاندا بم پێیەوە دەتلێمەوە و پێم وانییە بەو زووانە ساڕێژ بێت .

ڕۆحت شاد و ئارام بێت ئەی ڕۆحە جوانەکە ، پەپوولەکەی ناو دنیای هونەری کوردی ، برا نازدار و هاوڕێ خۆشەویست و بە هەڵوێستەکەم .. لێرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی پەری خان و کاکە سیروان و ڕۆزا خان و براکانی و هەموو خزمان و هاوڕێیانی دەکەم ، هاوبەشی ئەو خەم و کۆستەیانم ، منیش یەکێک لە کەسە زۆر نزیک و ئازیزەکانی ژیانم لە دەستدا کە هەرگیز لە یادی ناکەم .

شێوه‌کاری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.