لە هەفتەی چواردەمی خولی ئیتاڵیاو لە یاری لوتكەدا، یانەی ئەی سیی میلانی پێشەنگی ڕیزبەندی یانەكان میوانداری یانەی لاتسیۆی كرد، لەئەنجامدا، میلان بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنا.
یاریزانانی میلان بە فشارێكی توند بۆ سەر گۆڵی میوانەكەیان دەستیان بە ڕووبەڕوو بوونەوەكە كردو لە خولەكی 10 دا، هێرشبەری كڕواتی ئەنتی ڕێبیچ گۆڵێكی بۆ میواندارەكان تۆماركرد، دوای ئەم گۆڵەش هێرشەكانی ڕۆسۆنێری بۆ سەر گۆڵی لاتسیۆ درێژەی هەبوو، یەكێك لە هێرشەكانیش لێدانێكی سزای لێكەوتەوەو لە جێبەجێ كردنی لێدانەكەدا، هاكان گالهانگولۆی توركی گۆڵی دووەمی میلانی لە خولەكی حەڤدە بەدەستهێنا.
لەو لاشەوە لویس ئەلبَیرتۆی ئیسپانی گۆڵێكی بۆ لاتسیۆ لە خولەكی بیستوهەشت تۆماركردو جیاوازی گۆڵەكانی لە گێمی یەكەم كەمكردەوە، لە گێمی دووەم و لە خولەكی پەنجاونۆشدا، شیرۆ ئیمۆبیلی هێرشبەرو گۆڵكاری لاتسیۆ گۆڵی دووەم و بەرامبەری تیپەكەی بەدەستهێناو ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە، بەڵام یاریزانانی میلان بەم ئەنجامە ڕازی نەبوون و لە دواساتەكانی یاریدا، سیۆ هێرناندێزی فەڕەنسی گۆڵی سێیەم و بردنەوەی تیپی میوانداری تۆماركرد.
بەم بردنەوەش كۆی خاڵەكانی میلان لە سەرووی لیستی ڕیزبەندی یانەكان بۆ سیی و چوار خاڵ بەرزبووەوەو لاتسیۆش بە بیستویەك خاڵ لە پلەی هەشتەمی ڕیزبەند دێت .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.