ئاكۆ عەبدوڵا
"به‌ره‌كات چاكترین كه‌سه له‌م بیست ساڵەی دوایی به زمانی عه‌ره‌بی بنووسێ". مه‌حمود ده‌روێش
"به‌ره‌كات كورده و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌رانه واتا عه‌ره‌بییه‌كان شیده‌كاته‌وه". سوبحی حه‌دیدی:
"به‌ره‌كات ئه‌و كورده‌یه كه ئه‌فسونی نوێی له زمانی عه‌ره‌بیدا دۆزیه‌وه". عیماد فوئاد
"به‌رهه‌مه‌كانی سه‌لیم به‌ره‌كات له رووی زمانه‌وه به به‌رهه‌می په‌یكه‌رتاشێك ده‌چێت له به‌رامبه‌ر مادده خاوه‌كانی به‌رده‌ستی". عه‌باس به‌یزوون
سه‌یر نییه نووسه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌ك به زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه بنووسێ. له مێژووی مرۆڤدا دیارده‌یه‌كی ئه‌زه‌لی و كۆنه. پێده‌چێت له‌گه‌ڵ داهێنانی نووسین رێچكه‌ی گرتبێت و به‌رده‌واميش بێت، به‌ڵام ئێمه‌ی خاك داگیركراو و ماف پێشێلكراو، زیاد له نه‌ته‌وه‌كانی دیكه، سه‌دان ساڵه، زیاتریش ناچاریانه نه‌ك ئاره‌زوومه‌ندانه، زمانی خه‌ڵكانی دیكه به‌كارده‌هێنین و شاكاری پێدهنووسین. زمانی ئەو نەتەوانەی بە درێژایی مێژوو هەموو جۆرە پێشێلكاریەكیان بەرامبەر كردووین، هه‌ر له كتێبە جۆراوجۆرەكانی سەردەمی عەباسییەكانەوە بگرە تا شه‌ره‌فنامه و ده‌یان شاكاری دیكه‌ی ئه‌ده‌بی و ئایینی و زانستی. بێگومان لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە زمانی خۆمان بەكارناهێنین یاخود نووسین پێی, رەواج و بەهای نییە. جا ده‌بێت چ سه‌ختییه‌ك له‌به‌رده‌م ئه‌و نووسه‌ره‌دا هەبێت كه به زمانی دایك نه‌نووسێت؟!
سه‌لیم به‌ره‌كات یه‌كێكه له دیارترین نمونه‌ی دونیای ئه‌ده‌بی ئێستا كه شیعر و رۆمان و ژیاننامه و سه‌رگوزشته، به زمانی عه‌ره‌بی ده‌نووسێت. له‌و بواره‌ش نه‌ك هه‌ر هه‌ستی شیعری و بیرۆكه‌ی ناو په‌خشان و فه‌زای رۆمانه‌كانی، گه‌واهیده‌ری هه‌ست ناسكی و خه‌یاڵبڵاوی و لێزانینیەتی، به‌ڵكو ستایلی نووسین و مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ وشه و واتا و لایەنی رەوانبێژیشی، بۆته هۆكاری دۆشداماوی ئه‌دیبان و شاعیرانی عه‌ره‌ب و عهرهبینووسانی وه‌ك خۆی.
ناوبراو رۆژی 1 ی مانگی ئەیلولی ساڵی 1951 له خێزانێكی گه‌وره و كه‌م ده‌رامه‌تی گوندی موسیسانای سەر بە شاری قامیشلۆ هاته‌دونیا. به وته‌ی خۆی، باوكی مه‌لایه‌كی یاخی و لاسار بوو. به‌ره‌كات سه‌رده‌می منداڵی و هه‌رزه‌كاری له‌و شاره به‌سه‌ربرد. به‌وه‌ش تا ئاستێك به كەلتوور و نه‌ریتی میلله‌ته‌كه‌ی و كەلتووری دراوسێكانی، لەوانە ئاشوری و ئه‌رمه‌نی ئاشنابوو. ساڵی 1970 دوای ته‌واوكردنی قۆناغی دواناوه‌ندی، بۆ خوێندنی ئاداب و زمانی عه‌ره‌بی، چووە زانكۆی دیمه‌شق، به‌ڵام دوای ساڵێك ده‌ستبه‌رداری خوێندن بوو و به‌ره‌و به‌یروت چوو. تا ساڵی1980 له‌وێدا ماوه. دواتر به‌ره‌و قوبرس و به‌ر له هاتنی هه‌زاره‌ی دووه‌میش، هه‌وارگه‌ی بۆ وڵاتی سوید پێچاوه.
به‌ره‌كات له سه‌ره‌تای هۆنینه‌وه‌ی هۆنراوه، موژده‌ی له‌دایكبوونی ئه‌ده‌بێكی پایه‌داری راگه‌یاند. ئه‌ده‌بێك كه تا ئێستاش پارێزگاری له‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی كردووه. به نۆبهرهكاری ئەو بوارە، سه‌لماندی خاوه‌ن هه‌ستی قووڵ و زمانی ره‌وان و پاراو و توانستی به‌رزی ئه‌ده‌بی و ئه‌فسونی شیعرییه. ئەوسا بە جهربهزهییكردن به لایه‌نی زمان و به‌كارهێنانی واتا و هێمای جۆراوجۆر و وشه‌كاری، نه‌ك ته‌نیا خوێنه‌ر، به‌ڵكو نووسه‌ر و ره‌خنه‌گرانیشی سه‌رسام كرد. هه‌موو لایه‌كیش گه‌واهی ئه‌و راستییه ده‌ده‌ن، به‌ره‌كات زۆر وشه‌ی له‌بیركراوی عه‌ره‌بی زیندووكردۆتهوه و توانیویه‌تی بێ هاوتایانه له قاڵب و چوارچیوه‌ی ئیحائی به‌كاریان بهێنێته‌وه. ئه‌مه‌و له رێگەی ئه‌زمونه داهێنانهكهشیهوه توانی دونیایه‌كی جوان له وشه و چه‌مك، بونیادبنێ كه بناغه‌كه‌ی بۆ كه‌ش و هه‌وای قامیشلۆی زێدی له‌دایكبوون و كوردستانه پهنگخواردووهكهی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ساڵی 2007 بۆ جاری سێیه‌م كۆمه‌ڵه شیعره بڵاوكراوه‌كانی له دیوانێكی گه‌وره به ناوی (الاعمال الشعریة) له (المؤسسة العربیة للدراسات و النشر) ی شاری بیروت چاپكرا. ئه‌و كاره به رووداوێكی به‌یروتی و شیعری گه‌وره دانرا. له میدیاكان ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی هه‌بوو، سوبحی حه‌دیدی ره‌خنه‌گر له پێشه‌كیه‌كه‌یدا نوسیویه‌تی (سه‌لیم به‌ره‌كات له قامیشلۆ هاته دونیا. دواتر كۆچی كرد بۆ دیمه‌شق تا ئه‌ده‌ب و زمانی عه‌ره‌بی بخوێنێ، كه‌چی به یادی كوردهواری، به‌ره‌و به‌یروتی پایته‌ختی نوێخوازی عه‌ره‌بی چوو. له‌وێدا زمانێكی پاراوی وه‌ها جیاوازی بۆ نووسین گرته‌به‌ر كه بوو به مایه‌ی سه‌رسامی. به‌و زمانه عه‌ره‌بییه، مێژوو و جوگرافیا و چیرۆك و ئه‌فسانه‌ی وه‌های نووسی، كه هه‌ڵگری تام و چێژی كوردهواری بن. بڵاوكراوه‌كانی له‌و ئاسته‌بوو نه‌ك خوێنه‌ر، به‌ڵكو ئه‌دیبه به‌رزه‌كانیش ئامێزیان بۆ كرده‌وه. به‌راستی له زمانی نووسین و كێشانی بۆشایی نووسیندا داهێنانی جوانی كرد). له‌سه‌ر به‌رگی دواوه‌ی دیوانهكهش به قه‌ڵه‌می مه‌حمود ده‌روێش نووسراوه (له‌و كاته‌ی سه‌لیم به‌ره‌كات له سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتایه‌كان ده‌ستی به‌سه‌ر گۆڕه‌پانی شیعری عه‌ره‌بیدا گرت، موژده‌ی شیعری نوێی جیاوازی پێداین. به كه‌س نه‌ده‌چوو. ئه‌و لاوه كورده شه‌رمنه، له ماوه‌یه‌كی كورتدا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو شاعیره عه‌ره‌بییه، توانی ببێت به باوكی شیعری عه‌ره‌بی. به وێنه نامۆكانی و زمانه تازه‌كه‌ی و ریتمه به جۆشه‌كانی، هه‌موومانی سه‌رسامكرد).
خودی بهرهكاتیش له وه‌ڵامی پرسیارێكی تایبه‌ت كه كۆمه‌ڵێك ره‌خنه‌گر و شاره‌زا كه گوایه به‌و كاره نوێیەی، كۆشكه تایبه‌تییه‌كه‌ی به كۆتا گه‌یاندووه و ئه‌وه‌ی ده‌یه‌ویست له شیعر به‌ده‌ستیهێناوه، به‌و جۆره وه‌ڵامی داوەتەوە (ئه‌وه جاری سێیه‌مه كۆ دیوانه بڵاوكراوه‌كانم ده‌كه‌ونه ناو به‌رگێكی گه‌وره‌ی كۆ شیعری. من هه‌ر جاره و نه‌خشه‌ی بونیادی ئه‌ندازه‌ییان له‌ناودا ده‌خه‌مه‌ڕوو، نه‌ك بونیادی كۆشك. نامه‌وێت كۆشكه‌كه‌م له شیعر ته‌واوبێت. خۆ له‌ناو شیعره‌دا ته‌لاری به كۆتاگهیشتوو نییه!)
له بواری رۆمانیشه‌وه به‌ره‌كات له‌و نووسه‌رانه‌یه كه پرۆژه‌ی پێشه‌نگانه‌ی چیرۆكییان بۆ رۆمان پێشكه‌شكردووه. له‌و بوارەدا، فه‌زای فراوان و ده‌وڵه‌مه‌ندی به كه‌رسته‌ی كۆن و نوێخوازانه به‌خشیوه. بەدڵنیایشەوە له‌ناو ئه‌و هه‌موو ده‌نگانه‌ی رۆمانیان لێده‌رده‌چێت، به‌ره‌كات ده‌نگێكی دیار و تایبه‌ته. به‌هۆی به‌كارهێنانی ئامرازی نوێی ده‌ربڕینیش، هه‌ناسه‌یه‌كی نوێ و نوێخوازانه‌ی به زمانه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی، زمانی نووسینی به‌خشیوه. رۆمان لای ئه‌و ته‌نیا ده‌قێكی نووسین نییه، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی جیهانێكی تایبه‌تییە. جیهانێك جیاواز بێت له جیهانی واقیع. له جیهانهكەی ئه‌ودا، مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و روهك و بوونه‌وه‌ره روحانییهكان ده‌بینرێن. هه‌ریه‌كێكیش له‌و جۆرانه رۆڵی پاڵه‌وان و كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ده‌گێڕن. له‌به‌ر فراوانی پانتاییه‌كه‌ی ناویشیان، خوێنه‌ر ناتوانێت به ئاسانی ده‌رك به چوارچێوه‌یان بكات. بۆ نمونه له رۆمانی (عبور البشروش)، داری خرنوك له شوێن خۆیه‌وه به‌بێ ده‌نگی چاودێری رووداوه‌كان ده‌كات. له رۆمانی (كبد میلاؤس) یش، به‌رد له‌نێوان هه‌موو دێڕه‌كانی رۆمانه‌كه، ئه‌فسونی خۆی بڵاوده‌كاته‌وه. به‌هه‌مان شێوه، له رۆمانی (معسكرات الابد) كه‌ڵه‌شێر له دڕنده‌یی رووداوه‌كان و جه‌ساره‌تی، بێبه‌ری نییه. نونیش له رۆمانی (الكون) بۆ ده‌ربڕینی هه‌ڵوێستی خۆی له ئاست هه‌موو رووداوه‌كان، ترسناكانه ئاماده‌یه. لێره‌دا نون ته‌نیا گه‌واهیده‌ر نییه له‌سه‌ر رووداوه‌كان، به‌ڵكو بزوێنهریشیانه و تهكبیركهری هه‌موو دهسیسهكانیشه. له رۆمانی (ارواح هندسیة) شدا، كۆشكی (ابی كیر) گه‌وره‌ی رووداوه‌كانه. بەرەكات له‌و رۆمانه‌دا خوێنه‌ر به‌ره‌و جیهانێكی پڕ له رووداو و دیمه‌نی له‌ناو یه‌ك ده‌بات، بەجۆرێك جه‌نگی بێ هودهیش به‌سه‌ریدا زاڵه كە یه‌ك ئامانجی هه‌یه ئه‌ویش تێكدان و ئاژاوه‌یه. پاڵه‌وانه‌كانیشی ناتوانن له‌و واقیعه تاڵه رزگاریان بێت.
بەگشتیش پاڵەوانەكانی رۆمانەكانی دیدی جۆراوجۆریان هه‌یه. زۆربه‌شیان به كۆتایی نه‌رێنی ده‌گه‌ن. به‌رده‌وامیش ئه‌گه‌ری ناڕونیان له پێشه. ئه‌وه‌ش په‌یوه‌سته به دید و بۆچوونی نووسه‌ر له‌به‌رامبه‌ر كێشه و ئازاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی و واقیعی ژیانی میلله‌ته‌كه‌ی و مێژووه ئاڵۆزه‌كه‌ی. وه‌ك به‌ڵگه‌ش زۆربه‌ی كارەكتەرەكانی ئینتیمای كوردبوونیان هه‌یه. یان به جۆرێك له وێڵی ناو تاراوگه ده‌ژیه‌ن. یاخود له‌ناو نیشتیمانه‌كه‌یان به دوای جۆرێك له ئارامی و هه‌ستكردن به ئینتیما ده‌گه‌ڕێن. له ژیانیشیاندا تاڵی واقیع و هێدمه‌ی چاوه‌ڕواننه‌كراو و بێهودەیی ژیان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ململانێیه‌كان ده‌بینرێن. له‌رێگەی ئه‌وه‌شه‌وه به‌ره‌كات هه‌وڵیداوه باس له مێژوو و كه‌له‌پوری كورد بكات. بە جۆرێكی دیكە كاروانی ژیانی پاڵه‌وانه‌كانی ناو زه‌مه‌نی رۆمانه‌كانی، زیاتر بریتییه له گه‌ڕان به‌دوای خودی كوردی. له‌بیریشمان نه‌چێت هه‌موو ئه‌و ریشاڵه بهناویهكداچووانه، به ستایلێكی سه‌رسوڕهێنه‌رانه داڕێژراون. بۆ نموونه له رۆمانی (البراهین التی نسیها م‌م ازاد فی نزهته المضجكة الی هناك او الریش)، باس له چاره‌نووسی چه‌ندان كه‌سایه‌تی كوردی ده‌كات. هه‌ندێكیان راسته‌قینه‌ن و رۆڵیان له مێژووی كورد دا هه‌بووه، له‌وانه ئه‌حمه‌دی خانێ و شێخ محه‌مه‌د نه‌قشبه‌ندی. هه‌ندێكیشیان خهیاڵێن، به‌ڵام له دروستبوونی رووداوه مێژوویه‌كاندا ڕۆڵیان كه‌م نییه. مام كه كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی ناو ئه‌و رۆمانه‌یه، سیمای بۆ چه‌ندان شێوه ده‌گۆڕێت، جارێك ده‌بێت به چۆڵه‌كه و جارێكی دیكه ده‌بێت به چه‌قه‌ڵ و له‌گه‌ڵ مرۆڤ و ئاژه‌ڵ قسه ده‌كات. به‌رده‌وامیش خه‌ون به وڵاتێك ده‌بینێ كه كوردستانی ناوه، كه‌چی بێ ئاگایانه ناگات به خه‌ونه‌كه‌ی. له‌ده‌ستدانی ئه‌و خه‌ونه‌ی مام ئازاد، له‌ده‌ستدانی خه‌ونی گه‌وره‌ی گه‌له، كه تا ئێستاش ئه‌وه حاڵیه‌تی. ئه‌و رۆمانه كه ساڵی1990 بۆ سه‌ر زمانی فەڕه‌نسی وه‌رگێڕدرا و له‌و ساڵانه‌ش ته‌نیه‌وه سه‌ر زمانی ئیسپانی. (خوان گویتیسۆلۆ) ی نووسه‌ری ئیسپانی له ئاستیدا وتی: "كاره‌كانی به‌ره‌كات به نوسینه‌كانی (لیزامالیما) ده‌چن كه پڕن له داهێنان و خوازه و پێچبوونه‌وه‌ی چاوه‌ڕواننه‌كراو و بریسكه‌ی شیعری‌یان لێهه‌ڵده‌ستێ. تێكه‌ڵه‌یه‌كی بێهاوتان له واقیع و خه‌ون و ئه‌فسانه و رووداوی تاڵ. نه به یاساكانی سات په‌یوه‌ستن، نه به یاساكانی شوێن. ده‌قن ئازادانه له چوارچێوه‌ی جوگرافیای دیكەدا ده‌سوڕێنه‌وه. داهێنانه سهربهستییهكهی بهرهكاتیش، هه‌موو ئه‌و سنورانه‌ی بڕیوه كه عه‌قڵ ده‌ركی پێده‌بات".
پاڵه‌وانه‌كانی سێ رۆمانه‌كه‌ی (الفلكیون في ثلاثاء الموت) له تاراوگه ده‌ژیه‌ن و به‌رده‌وامیش خه‌یاڵیان بۆ یادگارییه‌كانی تایبه‌ت به گه‌ل و كه‌له‌پور و مێژوو ده‌ڕوات. هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌فسون و ته‌لیسمی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. بۆ نمونه یه‌كه‌میان له (الكون) وه‌رگێڕێكه له ململانێی به‌رده‌وامدایه له‌گه‌ڵ ئه‌و زمانه‌ی كه هه‌ندێك جار خۆی به فیدا ده‌كا و هه‌ندێك جارێش تۆڕی ده‌دا. دووه‌میشیان له (عبور البشروش) ئه‌ندازیارێكی ته‌لارسازه، شێوه ئه‌ندازه‌ییه‌كان به‌ره‌و قوڵایی كێشی ده‌كه‌ن. سێیه‌میشیان له (كبد المیلاؤس) بهردتاشێكه كه‌وتۆته به‌ر ئه‌فسونی به‌رد. هه‌موو ئه‌وانه وه‌هایان كردووه نووسین لای به‌ره‌كات ته‌نیا یارییه‌ك نه‌بێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی سهرسامكهرانه، به‌ڵكو قووڵاییهكه به‌دوای ئینتیمای ونبوو و گه‌ڕان به‌دوای به‌های وێڵ. كه كه‌سایه‌تییه‌كان به‌دوایدا سه‌رگه‌ردانن، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌دوای پۆلێك باڵنده‌ی كۆچه‌ری كه‌وتبن و به‌هیوای ئه‌وه‌ی ده‌ستییان پێبگات. هه‌تا ئه‌گه‌ر به كه‌مترین ژماره‌شیان بێت. به‌هه‌رحاڵ ماوه‌یه‌كه سه‌لیم به‌ره‌كات دووره‌په‌رێزه. ئایا ده‌بێت له ئاست ئه‌و گۆڕانه خێرایه‌ی كه به‌سه‌ر وڵاتەكەی ره‌تده‌بێت و سروه‌ی ته‌وژمه‌كه‌ی به‌ر قامیشلۆش ده‌كه‌وێت و موژده‌یه‌كی شیرینی پێیه، هه‌ڵوێستی چۆن بێت؟
دیارترین دیوان و رۆمانە بڵاوكراوه‌كانی به‌ره‌كات:
دیوانە شیعرەكانی :
(هكذا ابعثر موسیسانا - للغبار، لشمدین، لادوار الفریسة و ادوار الممالك - الجمهرات - الكراكي - بالشباك ذاتها - بالثعالب التي تقود الریح - البازیار- مجموعات شعریة في مجلد واحد - طیش الیاقوت- المجابهات، المواثیق الاجران، التظاریف- المثاقیل -المعجم- شعب الثالثة فجرا من الخمیس الثالث - ترجمة البازلت - السیل - عجرفة المتجانس)
رۆمانەكانی:
(فقهاء الظلام - ارواح هندسیة – الریش - معسكرات الابد - الفلكیون في ثلثاء الموت: عبور البشروش- الفلكیون في ثلثاء الموت: الكون - الفلكیون في ثلثاء الموت: كبد میلاؤس- انقاض الازل الثاني - الاختام و السدیم- دلشاد (فراسیخ الخلود المهجورة)- كهوف هایدرا هوداهوس- ثادریمیس - موتی مبتدئون- السلالم الرملیة - لوعة الالیف اللاموصوف المحیر في صوت سارماك- هیاج الاوز - حوافر مهشمة في هایدرا هوداهوس- السما‌ء شاغرة فوق اورشلیم – حورية الما‌ء و بناتها – اقالیم الجن)
* تێبینی ئەو بابەتە ساڵی 2011 نووسراوە. دواتر كۆمەڵێك دیوانە شیعر و رۆمانی دیكەی بڵاوكردەوە كە رەنگدانەوەی رووداوەكانی ئەوسای ناو سوریان. لەوانە رۆمانەكانی (سبایا سنجار – زئیر الظلال فى حدائق زنوبيا – ماذا عن السيدة اليهودية راحيل - سجناء جبل ايايانو السرقى). هەروەها دیوانەكانی (شمال القلوب او غربها - سوريا – الابواب كلها).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.