چەند ڕۆژێکە بەهای دۆلار بەرامبەر دراوی عێراقی و دراوەکانی دیکەش بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات، بە بەراورد بە دوو هەفتەی ڕابردوو ئەمڕۆ سەد دۆلاری ئەمەریکی بڕی چوار بۆ پێنج هەزار دینار بەرزبوویەوە بەجۆرێک دوو هەفتەی ڕابردوو نرخی 100 دۆلار بە د دیناری عێراقی 123 و 750 دینار بوو بەڵام ئێستا 100 دۆلار بە 127 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت. شارەزایانی ئابووری و ئەوکەسانەی لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو کاردەکەن پێیان وایە هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوی عێراقی کەمبوونەوەی خستنەبازاڕی دۆلارە لە لایەن بانکی ناوەندی عێراق و قۆرغکردنی بازاڕە لەلایەن چەند کەسانێک.
هیمداد حوسێن، شارەزای بازاڕی دراوەکان بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: ماوەیەکە ژمارەیەک سەرمایەدار دەستیان بەسەر بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو داگرتووە و بە ئارەزووی خۆیان نرخی دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکەن.
ئەو شارەزایە دەشڵێت:" هۆکاری دیکەش هەن لەوانە بانکی ناوەندی عێراق بڕی پێویست دۆلار ناخاتە بازاڕەکان تاوەکو نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی جێگیر بێت.
بەشێک لە بازرگان و سەرمایەداران هۆکاری گرانبوونی دۆلارن لەبەرامبەر دیناری عێڕاقی، سامان سۆران خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوە بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاندن: هەندێک کەس هەن کەپارەدارن و بڕێکی زۆر دۆلار دەکڕن و نایخەنەوە بازاڕ تا ماوەیەک دواتر ئەوان وادەکەن بەهای دۆلار بەوشێوەیە بەرزبێتەوە بۆئەوەی کۆنتڕۆڵی بازاڕ بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.