زۆر نووسه‌ر و رۆشنبیری رۆژئاوایی، دژی هه‌ردوو جه‌نگه كاولكهرهكانی یه‌كه‌م و دووه‌م وه‌ستان، جه‌نگه‌كان هه‌ندێكیانی له‌ناوبرد. ههندێكشیانی ئاوارهكرد، له‌ناویاندا ستیفان زڤایگی نه‌مسایی كه شوێنه‌واره مادی و ده‌روونیه‌كانی جه‌نگه كاولكهرهكان، ناچاریانكرد خۆی بكوژێ، به‌ڵام میراتێكی ئه‌ده‌بی گرنگی جێهێشت، له‌ناویشیاندا وتاره‌كانی تا ئاستێك به نه‌ناسراوی مانه‌وه.
ده‌زانین ستیفان زڤایگ 1881 – 1942 ی نه‌مسایی، چیرۆكنووس و رۆماننووسبوو، له جۆرێكی نایاب، زۆر له‌و كارانه‌ی كه بۆ زۆربه‌ی زمانه‌كانی جیهان وه‌رگێڕدراون، له‌ناویشیاندا زمانی عه‌ره‌بی، گه‌واهی ئه‌وه ده‌ده‌ن. هێشتاش كاره‌كانی وه‌ك (یاریزانی شه‌تره‌نج) و (بیست و چوار كاتژمێر له ژیانی ئافره‌ت) و (ئامۆك) له‌لایه‌ن خوێنه‌ران خواستی زۆریان له‌سه‌ره.
هه‌روه‌ها زڤایگ ژیاننامه‌ی هه‌ندێك له ناودارانی بواره‌كانی سیاسی و ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی و بواری دیكه‌ی نووسیوه، له‌وانه ماری ئه‌نتوانێت، نێتشه، ماجه‌لان، تۆلستۆی، دۆستۆیڤسكی، مۆنتانی، فرلین... به‌ر له خۆكوشتنیشی له به‌رازیل، به ئاماده‌بوونی هاوسه‌ره گه‌نجه‌كه‌ی له رۆژی 22 ی مانگی شوباتی ساڵی 1942 دوا كتێبی به‌ناوی (جیهانی دوێنێ) بڵاوكرده‌وه كه تێیدا بۆ مردنی ئیمپراتۆریه‌تی نه‌مسا و هه‌نگاریا و كوژانه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌ی ڤییه‌ننا لاوانه‌وه‌ی كردووه. كه له‌و ده ساڵه‌ی دوایی ئه‌وسا، قاوه‌خانه و یانه‌كانی ئه‌و شاره زۆر له به‌هره‌مه‌نده‌كانی بۆوارهكانی ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه و میوزیك و چه‌ندان بواری دیكه‌ی گرتبووه ئامێز.
سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵ (2020) خانه‌ی (ئه‌لبان میشال)ی فه‌ره‌نسی، وتاره نه‌ناسراوه‌كانی ستیفان زڤایگی بڵاوكرده‌وه كه له‌ناویاندا هه‌ڵوێسته سیاسیه‌كانی له ئاست زۆر دۆزی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی ده‌ربڕیوه. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ته‌ژیبوو به جه‌نگه‌كان و ململانێیه‌كانی بارگۆڕانه مه‌ترسیداره‌كان. ئه‌و وتارانه كه له ماوه‌ی 1911 تا 1942 نووسراون، ناونیشانی (شكست بۆ هزری ئازاد نییه)ی هه‌ڵگرتووه. له‌و كاته‌ی له ته‌مه‌نی بیست ساڵیبوو بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ ستیفان زڤایگ كه چه‌ندان زمانی ده‌زانی و به‌رده‌وامیش له گه‌شت و گهڕاندابوو، داكۆكیكه‌رێكی سه‌رسه‌خت بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه ناوی نابوو (گیانی ئه‌ورووپی)، بۆیه له زۆر وتاری داوای ئه‌وه‌ی كردووه رۆشنبیران بهشداریبكهن له یه‌كبوونی ئه‌ورووپا، هه‌روه‌ها له دابینكردنی (دینامیكیهت) بۆ گه‌یشتن به‌و خه‌ونه‌ی كه به‌رده‌وام ده‌یبینی، ته‌نانه‌ت له كاته سه‌خته‌كانی مێژووی كیشوه‌ره پیره‌كه‌ش، بۆیه دژی هه‌موو ململانێی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و شۆڤینیه‌كان وه‌ستا كه ناوبه‌ناو سه‌ریانهه‌ڵده‌دا و له نێوان گه‌لانی ئه‌ورووپی رق و قینه‌یان جۆشده‌دا، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌ڵكو ئاگری جه‌نگیشیان بڵێسه پێدا وه‌ك ئه‌وه‌ی له كاتی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی روویدا.
له یه‌كێك له وتاره‌كانیدا رۆماننووس نووسیویه‌تی: هزری ئه‌ورووپی یه‌كه‌م هزر نییه وه‌ك هزری نیشتیمانی كه واتای سه‌ر به گهلێكبوون بگه‌یه‌نێ. له سه‌ره‌تاشدا له غه‌ریزه ده‌رناچێ به‌ڵكو له هۆش، له خرۆشی خۆڕسكی نا، به‌ڵكو ده‌ستكه‌وتێكه به هێواشی له بیركردنه‌وه‌ی قوڵ دابینده‌بێت و پێده‌گات).
هه‌ر له وتاره‌كه‌ی ستیفان زڤایگ ئاگادارمان ده‌كات له مه‌ترسییه‌كانی نازیه‌كان له كاتی ههڵكشاندیان له سه‌ره‌تاكانی سییه‌كانی سهدهدی رابردوو. له‌و باره‌وه نووسیویه‌تی (ده‌نگم هه‌وڵی خۆی ده‌دات تا ده‌بێته ده‌نگی چل ملیۆن یان په‌نجا ملیۆن له‌و قوربانیانه‌ی له ئه‌ورووپای ناوه‌راست، ده‌نگه‌كانیان خهفهكرا. ئێوه هه‌مووتان ده‌زانن ناخۆشیه‌كان چۆن ده‌ستیانپێكرد كه له ئه‌ڵمانیا سه‌رچاوه‌یان گرت، له‌و كاته‌ی نه‌ته‌وه‌خوازی سۆشیالیستی ده‌ستی به‌سه‌رداگرت، كه یه‌كه‌م دروشمی : خكاندنبوو)
میراتی گرنگی ئه‌ده‌بی
زڤایگ له به‌رامبه‌ر پێشكه‌وتنی زانست و پیشه‌سازی، گومانی كرد. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌لكو وه‌های ده‌بینی ده‌بێته هۆی زیادبوونی جه‌نگ و ململانێیه‌كان له نێوان نه‌ته‌وه‌كان و گه‌له‌كان... ئه‌و ده‌ڵێت له‌و كاته‌ی كه منداڵبوو یاخود له ته‌مه‌نی گهنجیدابوو له‌و بڕوایه‌بوو دیارده‌كانی شارستانی نوێ، له‌وانه ته‌له‌فۆن و ئوتۆمبیل و فڕۆكه و دیارده‌كانی دیكه، سنووره‌كانی نێوان وڵاتانی ئه‌ورووپی ناهێلن، هه‌روه‌ها به‌شداری ده‌كه‌ن له دابینكردنی برایه‌تی و هاوڕێیه‌تی له نێوان گه‌له‌كانی، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌لكو به‌شداری ده‌كات له‌وه‌ی جیهان زیاتر ئاسووده و سه‌لامه‌ت بێت وه‌ك له پێشتر.
به‌ڵام ورده ورده بۆی ده‌ركه‌وت پێشكه‌وتنی زانستی بووه‌ته هۆكارێك بۆ تێكدان و وێرانكردن، ئه‌وه‌شی له كاتی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی روویدا كه له كۆتایه‌كه‌یدا زیڤایغ هه‌ستی به بۆشایه‌كی ترسێنه‌ر كرد و وه‌های لێ‌كرد هه‌ست به‌وه بكات له‌سه‌ر دۆزه‌خی نادیاری ترسێنه‌ر ده‌ڕوانێ.
به درێژایی چه‌ندان مانگی درێژیش، له‌ناو رووداوه‌كان ژیا، وه‌ك ئه‌وه‌ی مێرده‌زمه‌ی بێ كۆتاییبن. له كۆتایدا وه‌های به‌خه‌یاڵداهات تاكه چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و حاڵه‌ته ئه‌وه‌یه به‌ره‌و ناو جیهانه‌كه‌ی ناخی بچێت. بۆ ئه‌وه‌ش نووسی: (ئه‌وه‌ی كه كڕۆكه لای هه‌موو مرۆڤێك ئه‌وه‌یه له‌و كاتانه‌ی چاوه‌ڕوانی سزایه‌كان ناكرێ، پارێزگاری له جیهانی ناخی بكات و وه‌های لێبكات بتوانێ رووبه‌ڕووی ئاكام و مه‌ترسیه‌كانی جیهانی ده‌ره‌كی بوه‌ستێ. له‌سه‌ر هه‌ر تاكێكیشه هه‌وڵبدات بێلایهنبێ هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ی ناچاری بكات ده‌سبه‌رداری هه‌ندێك له نه‌ریته تایبهتیهكانیشی بێ)
كاتێكیش گه‌یشته به‌رازیل، دوای راكردنی له نازیه‌كان. هه‌ستی به گرێی گوناح كرد، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی هێشتا له ئه‌ڵمانیا و نه‌مسا مابونه‌وه و رۆژانه‌ش ئازاریان ده‌چێژت به ده‌ستی نازیه‌كان له ترساندنی تاكه‌كان و كۆمه‌ڵه‌كان و سه‌ركوتكردنی تۆقێنه‌رانه‌ی رۆشنبیران و هزرمه‌ندانی ئازادیخواز، ئه‌وانه‌ی رازینه‌بوون گوێ له نازیه‌كان بگرن. رۆژی 4 ی مایس نووسی (هه‌ندێكجار له‌بیرده‌كه‌م. ئه‌وه منم به هاوه‌ڵی هاوڕێكانم دانیشتووم، پێده‌كه‌نم و گاڵته ده‌كه‌م، به‌ڵام له‌پڕ، وه‌ك ئه‌وه‌ی پهشۆكاوانه له خه‌و هه‌ڵسابم، له پشته‌وه‌ی گفتوگۆیه ئارامه‌كه هه‌ست به ده‌نگێكی ترسێنه‌ری بێده‌نگی ده‌كه‌م بۆیه پێكه‌نینی سه‌ر لێوه‌كانم ده‌یبه‌ستێ). دواتر درێژه‌ی پێده‌دات: (ئه‌وسا له قسه‌كردن ده‌وه‌ستم، چونكه له‌و كاته‌ی ملیۆنه‌ها كه‌س له‌و بونه‌وه‌رانه‌ی له ژێر قامچی هاوارده‌كه‌ن و ئازار ده‌چێژن، قسه‌كردن جگه له ئابڕۆچون و ته‌ریقبونه‌وه هیچی دیكه نییه. وا ئێستا من بیر له شاعیرێك ده‌كه‌مه‌وه له ڤییه‌ننا، ده‌زانم له یه‌كێك له ئۆردوگاكان ده‌ستبه‌سه‌ركراوه. وا ئه‌وه منم هه‌وڵده‌ده‌م تا وێنه‌ی رووه‌كان و روخساری هاوڕێیه‌كان بێنمه‌وه به‌رچاوم كه ئێستا له زیندانی گه‌وره و فراوانی ژێر هه‌ژموونی ئه‌ڵمانی به‌ندكراون، به‌ڵام چاك ده‌زانم ئه‌وه‌ی من ده‌یكه‌م ته‌نیا خه‌یاڵه، چونكه حه‌قیقه‌ت له هه‌موو ئه‌وانه تاڵتره).
نووسینی/ حه‌سونه موسباحی
وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵا
سه‌رچاوه/ www.alarab.co.uk 21/1/2020
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.