ن/ دڵشاد مسته‌فا وه‌سانی
دوای گه‌شتێك به‌ناو ساتیرهكانی مامۆستا سه‌لام عه‌بدوڵڵا له كتێبی (ته‌قه‌ی خۆشی رامه‌گرن)دا، هه‌ستم كرد نووسه‌ر توانیویه‌تی له‌رێگه‌ی ساتیرهكانیهوه، قسه له‌سه‌ر زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بكات، شێوازی خستنه‌ڕووی ره‌خنه و ده‌ست خستنه سه‌ر كه‌موكوڕی و دیارده ناشیرینه‌كان له‌به‌رگێكی ته‌نزئامێزدا، جیا له‌وه‌ی چێژبه‌خشه، خوێنه‌ر ده‌باته ناخی برینه ناسۆره‌كانی كۆمه‌ڵگه، ئه‌گه‌رچی ساتیرهكان له هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو نووسراون، به‌ڵام ده‌كرێ بڵێین ئه‌و رووداوانه‌ی بوونه‌ته كه‌ره‌سه‌ته‌ی ساتیرهكان، بۆ چاره‌كی كۆتایی سه‌ده‌ی بیست ده‌گه‌ڕێنه‌وه، هه‌موو ئه‌و رووداو و به‌سه‌رهاتانه‌ی له ساتیرهكانیشدا به‌رجه‌سته كراون، نووسه‌ر له‌گه‌ڵیاندا ژیاوه و له ژینگه‌ی جیاجیاوه هه‌ڵێنجراون، بۆیه له هیچ یه‌كێك له ساتیرهكاندا، هه‌ست ناكرێت نووسه‌ر به زۆره‌ملێ شتێكی نامۆی دوور له واقیعی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا سه‌پاندبێت، له‌به‌رئه‌وه پاش خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه، وه‌ك خوێنه‌رێك ئه‌م چه‌ند سه‌ره‌قه‌ڵه‌م لا گه‌ڵاڵه بوون.
زۆربه‌ی نووسه‌ر و ئه‌دیبانی كورد، توانای خۆیان بۆ شیعر و رۆمان و چیڕۆك ته‌رخان كردووه، زۆر كه‌متر لایان له ئه‌ده‌بی ته‌نز یان ساتیر كردۆته‌وه، هه‌ر بۆیه له مه‌یدانی ئه‌ده‌بی كوردیدا، هه‌ر نووسه‌ر و ئه‌دیبێك ناوی خۆی لێده‌نرێت، وه‌ك شاعیر و رۆماننووس و چیڕۆكنووس، به‌ڵام كه‌متر ناوی تهنزنووسمان گوێ لێ ده‌بێت، ئه‌مه‌ش وایكردووه، ئه‌وانه‌ی ته‌نز یان ساتیر ده‌نووسن، ده‌گمه‌ن بن، سه‌لام عه‌بدوڵڵا له‌و نووسه‌رانه‌یه كه وێڕای نووسینی رۆمان و وتاری سیاسی، وه‌ك تهنزنووسیش ناسراوه، هه‌روه‌ها نووسه‌ر و شاعیر و ره‌خنه‌گر حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن له‌و بواره‌دا سه‌ركه‌وتووانه ئه‌سپی خۆی تاوداوه، به‌تایبه‌ت له كتێبی (ڕاوه‌ژن) و ساتیره شیعره‌كانیدا.
ئه‌ده‌بی ته‌نز ئامرازێكه بۆ گوزارشتكردن له مه‌ینه‌تی و غه‌م و ده‌رده‌سه‌ری، په‌یامێكی روون و دیارخستنی به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی چه‌وساوه‌یه، به‌و پێیه كه نووسین ئه‌مانه‌ت و په‌یام و ئینتیمایه، ئه‌م جۆره نووسینه بۆ كات به‌سه‌ربردن نییه، كاڵایه‌كیش نییه بۆ كڕین و فرۆشتن، به‌ڵكو بۆ ئه‌و كاته‌یه كه هێڵی سوور هه‌یه، ئه‌و هێڵه سووره‌ی بوار به‌وه نادات به‌كارهێنانی شێوازێكی گونجاو هه‌ڵبژێری، چه‌كێكه له ئاگر و شمشێر به‌هێزتره، ئاخر چه‌ندین قه‌ڵه‌می گڕدار، شۆڕشی گه‌لانیان به‌رپا كردووه و ره‌وتی مێژوویان گۆڕیوه، راستییان بونیاتناوه كه ناكرێت له‌بیر بكرێت، بۆیه نووسینی گاڵته‌ئامێزی بێ ره‌خنه و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه، كه مه‌به‌ست لێی ته‌نیا وه‌پێكه‌نین هێنانه، ره‌خنه‌ی ته‌نزئامێز نییه به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نیا كۆمیدیا و گاڵته‌جاڕییه (تهریج)، ره‌خنه‌ی رووت و بێ زه‌رده‌خه‌نه و گاڵته‌ئامێزیش، ره‌خنه‌ی ته‌نز نییه، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی وتارێكی رۆژنامه‌نووسییه، به‌م پێیه ئه‌ده‌بی ته‌نز و گڕدار بریتییه له تێكه‌ڵكردن و پێكه‌وه گونجاندن له نێوان ره‌خنه و گاڵته‌دا، ئه‌مه‌ش ئه‌و شێوازه نایابه‌یه، كه تایبه‌ت بوو به (برنارد شۆ)ی نووسه‌ر.1
ده‌گووترێت نوكته ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعێكی گریاناوییه، هه‌رچه‌ند بڕی پێكه‌نین له نوكته‌دا زیاد بێت، ئه‌وا له به‌رامبه‌ر واقیعدا لێكدووركه‌وتنه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانه، نوكته‌ی سیاسی به‌تایبه‌تی، هه‌میشه ده‌ربڕینێكی زیره‌ك و زرنگ بووه، ده‌رباره‌ی ره‌تكردنه‌وه و ناڕه‌زایی، جۆرێك بووه له جۆره‌كانی هۆشیاریی داپۆشراو و ده‌مامكدار، به‌ڵام ئایا هۆشیاری بۆ ئه‌وه‌ی گوزارشت له خۆی بكات پێویستی به ده‌مامكه؟ ئه‌دی ته‌نز و ساتیر له واقیعێكدا كه زیاتر بووه‌ته گاڵته‌جاڕی (تهریح) چ سوودێكی هه‌یه؟2
له هه‌ندێ كۆمه‌ڵگه، نوكته ده‌بێته گوزارشتكردن له ناڕه‌زایی، هه‌ر بۆیه ده‌گوترێت پێش سه‌رده‌می ژماره‌یی، له داموده‌زگای هه‌واڵگریی سیستمه دیكتاتۆرییه‌كان و به‌تایبه‌تیش له یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران و ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كاندا، به‌شێكی تایبه‌ت به كۆكردنه‌وه‌ی نوكته له شه‌قام و راڤه‌كردنیان هه‌بووه،3 ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، كه نوكته هه‌ناسه‌یه‌ك بووه، بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی و گله‌یی.
ته‌نزنووس به جۆرێك كارده‌كات، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌جێ بهێڵێت، هه‌ندێ له‌و تهنزنووسانه، نه‌ك به‌ته‌نیا كاریان له جه‌ماوه‌ر كردووه، به‌ڵكو كاریگه‌رییه‌كانیان گه‌یشتۆته ده‌سه‌ڵات. بۆ نموونه له شه‌سته‌كانی سه‌دی بیسته‌م، تهنزنووسێكی به‌ناوبانگ له عێراق هه‌بووه، كه به شه‌هیدی شیوعی ناسراوه، ئه‌ویش (عهبدوالجهبار وه‌هبی) سه‌ركرده‌ی ته‌نزنووسی شیوعی بوو، كه ستوونێكی له دوالاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌ی (اتحاد الشعب) به‌ناوی (كلمه الیوم) هه‌بووه، له‌و گۆشه‌یه‌دا، به‌شێوه‌یه‌كی ته‌نز ده‌ینووسی و رسته‌كانی ساده بوون، به‌ڵام مانایه‌كی قووڵیان هه‌بووه، ئه‌و نووسه‌ره توانایه‌كی به‌رزی له ده‌ستنیشانكردنی دیارده‌ی خراپ و نه‌رێنی هه‌بووه، بابه‌ته‌كانی به حیكایه‌تی میللی گرێ ده‌دایه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر تووند به ئامانجه‌وه ببه‌ستێته‌وه، كاریگه‌ریی نووسینه تهنزئامێزهكانی ئه‌و نووسه‌ره به جۆرێك بووه، عه‌بدولكه‌ریم قاسم سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی عێراق گوتوویه‌تی:” گولله‌كانی –راس القریه- نه‌ك نووسینه‌كانی عه‌بدولجه‌بار وه‌هبی”.4
لای ئێمه‌ی كورد، به‌و پێیه‌ی ته‌نز له ئه‌ده‌بی كوردیدا رووبه‌رێكی به‌رچاو و دیاریكراوی نییه، هه‌ربۆیه كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت به ته‌نزیش رێك نه‌خراوه، كه لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌یه‌وه بكرێت، كه‌چی گه‌لانی ده‌وروبه‌رمان به‌پێچه‌وانه‌وه، كۆڕ و سمیناری تایبه‌ت به ته‌نزیان كردووه، هه‌ر بۆ نموونه عه‌ره‌ب چه‌ند دیدار و كۆڕیان كردووه، چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه له لایه‌ن توێژهرانیانهوه پێشكه‌ش كراوه، به‌شدارانی دیداره‌كان، گوتوویانه به‌ر له‌وه‌ی نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی ته‌نز پۆلێن بكه‌ین، پێویسته بۆ پێناسه‌ی چییه‌تی ئه‌ده‌بی ته‌نز بگه‌ڕێینه‌وه، ئایا چ ئه‌ده‌بێك بێت كه شێوازی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت، پشت به هۆشیاری و زیره‌كی و پته‌ویی بونیات و مانا ببه‌ستێت، وه‌ك محه‌مه‌د ماغوت په‌یڕه‌وی ده‌كرد، هه‌روه‌ها محه‌مه‌د تهملیه شێوازێكی نووسینی داهێنا، كه له چوارچێوه‌ی زمانێكدا ده‌كرێ پێی بگوترێت زمانی سێیه‌م، ده‌قی رۆژنامه‌نووسیی و ده‌قی ئه‌ده‌بیی تێكه‌ڵ كرد، زمانه‌كه پشتی به دانپێدانان و تێگه‌یشتن له‌وه‌ی له ده‌وروبه‌ر رووده‌دات و له ناخی توێژی كۆمه‌ڵایه‌تیدایه و ئه‌وه‌ی له ژووره سیاسییه داخراوه‌كاندا ده‌گوزه‌رێت.5
وه‌ك چۆن نووسه‌رانی جیهان و ده‌وروبه‌رمان، به‌هۆی نووسینه ته‌نز ئامێزهكانیانهوه سه‌رئێشه‌یان بۆ دروست بووه، نووسینه‌كانی سه‌لام عه‌بدوڵڵاش بێ سه‌رئێشه نه‌بوون بۆی، چونكه له رێگه‌ی ته‌نزه‌وه كه‌موكوڕی به‌شێوه‌ی ره‌خنه ده‌خرێته‌ڕوو، بۆیه نووسه‌ران تووشی ده‌رده‌سه‌ری ده‌بن، زۆرجار ئه‌وانه‌ی ته‌نز ده‌خوێننه‌وه، به‌تایبه‌ت هه‌ندێ له كاربه‌ده‌ستان، رووداوه‌كانی نێو بابه‌ته‌كه و كاره‌كته‌ره‌كانی به خۆیان ده‌چوێنن و به ره‌خنه‌ی راسته‌وخۆ له‌خۆیان ده‌زانن، ئه‌گه‌رچی ناوی ته‌واوی خۆیشیان راسته‌وخۆ نه‌هاتبێت، بۆ ئه‌و ده‌رده‌سه‌ریانه‌ی تووشی نووسه‌ران ده‌بێت، سه‌لام عه‌بدوڵڵا له پێشه‌كیی (ته‌قه‌ی خۆشی رامه‌گرن) زیاتر په‌نجه ده‌خاته سه‌ر ئه‌و لایه‌نه و نموونه له‌و رووه‌وه ده‌هێنێته‌وه و ده‌ڵێت:”نووسه‌ری گه‌وره‌ی تورك عه‌زیز نه‌سین نموونه‌یه‌كی زیندووه بۆ هه‌ڵوێستی خه‌ڵكی به گشتی و دامودهستگهكانی به‌رپرس به تایبه‌تی، كه له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی نووسیندا چ دژایهتییهكیان ده‌كرد و خۆشی تووشی چ چه‌رمه‌سه‌ری و گرتن و دژایه‌تییه‌ك ده‌بووه‌وه، چونكه ئه‌م جۆره ئه‌ده‌به كه‌موكوڕییه‌كانی كۆمه‌ڵ، وه‌ك كاریكاتێر گه‌وره‌تر نیشان ده‌دات و په‌نجه ده‌خاته سه‌ر زۆر دیارده‌ی ناقۆڵا و به‌سه‌رچوو، هه‌روه‌ك هه‌ڵوێستی خۆی له كۆمه‌ڵ و به‌رپرسانی به ئاشكرا و له‌ژێر په‌رده‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌كی ته‌نز ئامێزدا نیشان ده‌دات، كه زۆر جار به تایبه‌تیش له سه‌ره‌تادا خه‌ڵكانێكی زۆر، به‌تایبه‌تی چینی ده‌سه‌ڵاتدار راسته‌وخۆ دژایه‌تی ده‌كه‌ن و به ده‌ستوه‌ردان له كاروباری خۆیانی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ش نه ته‌نیا له نێو گه‌لی كورددا وایه، به‌ڵكو له نێو زۆر گه‌لانی تریشدا وابووه، وه‌كو گه‌لی رووس بۆ نموونه، دیستۆڤێسكی نووسه‌ری هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی رووسی له‌سه‌ر رۆمانی (یادشتهكانی خانووی مردووان) ده‌ڵێ: ده ساڵی ویست تا گه‌لی رووسی له‌وه گه‌یشتن كه من بكوژی هاوسه‌ره‌كه‌م نیم، وه‌ك له رۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت ئه‌و شه‌خسیه‌ته من نه‌خشاندوومه خۆم نیم و خه‌یاڵی نووسه‌ره. هه‌ر بۆیه‌ش لێره‌دا ناحه‌قی خه‌ڵكی نێو خۆمان ناگرم كه له سه‌ره‌تادا وایان ده‌زانی كه كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی نێو چیڕۆكه‌كان هه‌ر هه‌مووی خۆمم”.6
ناوه‌رۆكی ساتیرهكانی سه‌لام عه‌بدوڵڵا له (ته‌قه‌ی خۆشی رامه‌گرن) به‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكدا دابه‌ش بووه، وه‌ك سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی، كارگێڕی، تاراوگه و گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به‌گشتی.
هه‌ر خودی ناوونیشانی كتێبه‌كه (ته‌قه‌ی خۆشی رامه‌گرن) كه یه‌كێك له ساتیرهكانی كتێبه‌كه‌یه7 و نووسه‌ر بۆ ناوونیشانی كتێبه‌كه‌ی هه‌ڵیبژاردووه، ره‌خنه‌یه‌كی به‌جێیه له دیارده‌ی ناشیرینی ته‌قه‌ی خۆشی و ره‌فتاری ته‌قه‌كه‌ر و هۆكاری پشت ته‌قه‌كردنه‌كه، به‌تایبه‌تیش ئاماژه به‌سه‌رده‌می شوومی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌كی ته‌نز ئامێز روو له ته‌قه‌كه‌ر و به‌رپرسان ده‌كات، ته‌نانه‌ت به‌رپرسیاریه‌تی ده‌خاته سه‌رووتری ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ته‌قه‌ی خۆشی به ده‌رفه‌ت بۆ گه‌نده‌ڵی ده‌زانن و له‌و په‌نایه‌دا فیشه‌ك بۆ فرۆشتن ره‌وانه‌ی بازاڕ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر هۆكاری ئابووری بۆ ته‌قه‌كه‌ر بگێڕێته‌وه، به‌هۆی گه‌مارۆی ئابووریی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ سه‌ر عێراق و گه‌مارۆی حكوومه‌تی عێراقیش بۆ سه‌ر كوردستان له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، كه‌له‌به‌ر كه‌میی مووچه‌كه‌ی مه‌خزه‌نه‌كانی پشتوێنی، له په‌نای ته‌قه‌كردن ده‌شارێته‌وه و بۆ قووتی خۆی دهیفرۆشێت، ئه‌وا به‌رپرسیش ده‌كوتێته‌وه، كه چۆن فیشه‌كێكی زۆر ره‌وانه‌ی بازاڕ ده‌كات، دواتر پاش به‌رزكردنه‌وه‌ی داواكاری بۆ سه‌رووی خۆی، عه‌مباره‌كان پڕ ده‌كاته‌وه.
تهقریرستان چیڕۆكێكی دیكه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌یه، كه نووسه‌ر له نێو داموده‌زگاكان، به‌تایبه‌تیش حزبییه‌كانه‌وه، هه‌ڵیهێنجاوه، سه‌رچاوه‌ی ساتیرهكه ئه‌و دیارده‌یه‌یه، كه له‌نێو ده‌زگاكان و ئه‌و ده‌وروبه‌ره حزبی و دامه‌زراوه‌ی حكوومیدا بڵاوبۆته‌وه، بۆ ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی كه ته‌قریر نووسین ئه‌وه‌نده زۆربووه بووه‌ته دیارده، نووسه‌ر له چیڕۆكه‌كه‌دا له شێوه‌ی نووسینگه‌ی راپۆرت نووسین پێمان ده‌ناسێنێت، دیارده‌كه زۆره و ترسناك پیشان ده‌دات، به‌جۆرێك خزم و كه‌سانی له‌یه‌ك نزیكیش ده‌ست لێك ناپارێزن، بۆ ئه‌وه‌ی دیارده‌كه به قێزه‌ونی پیشان بده‌ن، نووسه‌ر له سه‌ر زاری كه‌سێكی بێ ئاگای نێو كۆمه‌ڵگه، كه خۆی كردۆته ئه‌و كاره‌كته‌ره، خۆی به نووسینگه‌ی راپۆرت نووسیندا ده‌كات و له‌وێ بۆی ده‌رده‌كه‌وێت، كه راپۆرت نووسین یان كه وشه باوه‌كه‌ی سه‌ر زمانی خه‌ڵكی به‌كارهێناوه (ته‌قریر) چه‌ند جۆرێكی هه‌یه، له نووسینگه‌ی راپۆرت نووسین و له‌پشت سه‌ری نووسه‌ری تهقریرهكان جۆره‌كان ده‌خاته‌ڕوو: “سه‌یری ره‌فه‌كانی پشته‌وه‌ی نووسه‌رم ده‌كرد، هه‌موو پڕبوون له فایل بۆكس و له‌سه‌ر هه‌ر یه‌كێك بابه‌تێك نووسرابوو، به‌په‌له ده‌مخوێندنه‌وه..فایلی (ملشكاندن)، فایلی (تڕۆكردن)، (سڕكردن)، (راونان)، (دوورخستنه‌وه)، (ئابرووبردن)، چ زه‌مانێكه، تۆ بڵێی خه‌ون نه‌بینم، هه‌ر بۆیه‌ش به ئه‌سپایی به‌وه‌ی ته‌نیشتم كه گه‌نجێكی تازه پێگه‌یشتوو بوو وت: “نامه‌وێ خاوه‌ن دوكان مه‌شغوڵ بكه‌م، ئه‌مه راسته، مه‌به‌ستم…” له راستیدا نه‌مزانی چۆن رسته‌كه‌م ته‌واو بكه‌م، به‌ڵام كوڕه گه‌نجه‌كه له مه‌به‌ستم گه‌یشت چونكه یه‌كسه‌ر گوتی: ” به‌ڵێ ئه‌مه‌ی ده‌یبینی خودی حه‌قیقه‌ته”8.
له (ماسقاله)دا9 نووسه‌ر دیوی ناوه‌وه‌ی بارودۆخی نووسین و وتارنووسمان پیشان ده‌دات، ئه‌گه‌رچی جۆرێك له بێ ئومێدی له‌باره‌ی به‌رهه‌می نووسه‌ران ده‌خاته‌ڕوو، به‌ڵام له راستیدا ره‌خنه‌یه‌كی به‌جێیه له‌وه‌ی كه بارودۆخی نووسه‌ران و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و نووسین به‌گشتی به‌و ئاسته گه‌یشتووه، هه‌ڕمێن بۆ ئه‌و جۆره نووسینانه په‌یدا بكرێت، كه خۆیان له كێشه و گرفته گه‌وره‌كانی كۆمه‌ڵگه دزیوه‌ته‌وه و ته‌نیا ئه‌ركی ماستاوكردن بۆ به‌رپرسانیان وه‌ئه‌ستۆ گرتووه، له ماسقالهدا نووسه‌ر خۆی له كاره‌كته‌ری كه‌سێك كه تازه ده‌ست به نووسین ده‌كات ده‌خاته‌ڕوو، ده‌یه‌وێ وتاره‌كه‌ی پیشانی نووسه‌رێكی گه‌وره‌ی شاره‌كه‌ی بدات، له گفتوگۆی نێوان هه‌ردوو كاره‌كته‌ری چیڕۆكی ته‌نزئامێزی ماسقالهدا، له‌سه‌ر زمانی نووسه‌ری خاوه‌ن ئه‌زموون، بێزاری نووسه‌ران له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌شه خراپه‌ی بۆ نووسه‌ران و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و نووسین خوڵقێندراوه ده‌خاته‌ڕوو، زۆر وه‌ستایانه ناوی ساتیرهكهیشی له هه‌ردوو وشه‌ی (ماستاو) و (مه‌قاله)دا داتاشیوه و (مهسقاله)ی لێ دروستكردووه.
نهێنیی عه‌سكه‌ری10یه‌كێك له‌و ساتیره زۆر تهنزئامێزانهیه، كه ده‌یخوێنیته‌وه بزه‌ت ده‌خاته سه‌ر لێوان، به‌ڵام زۆر نابات، ئاخ بۆ ئه‌و باره ناهه‌مواره شێواوه‌ی ته‌شكیلاتی سه‌ربازی هه‌ڵده‌كێشی، نووسه‌ر له كاره‌كته‌رێكی بێ ئاگای بواری سه‌ربازیدا، به پرسیاره‌كانی، به‌رپرسی سه‌ربازی له سه‌ر لوتكه‌ی چیا و له پاڵ سه‌نگه‌ر و رهبیهدا، وه‌ده‌نگ دێنێت، به‌ڵام كۆپیی دیمه‌نی هه‌رچی پۆخڵه‌وات و گه‌نده‌ڵی و بێسه‌روبه‌ره‌یی هه‌یه پێمان ده‌به‌خشێت، له (نهێنیی عه‌سكه‌ری)دا په‌یامێكی روون ده‌خوێنییه‌وه، كه هه‌موو پره‌نسیپه سه‌ربازییه‌كان، به قوربانی كۆكردنه‌وه‌ی پاره كراوه، به‌و شێوه تهنزئامێزیهی خستوویه‌تیه روو، كه كابرای به‌رپرس مووچه‌ی 114 كه‌س وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام 14 كه‌س له ئه‌ركدان، كه‌چی ئه‌و بێسه‌روبه‌رییه به نهێنی عه‌سكه‌ری داده‌نێت، په‌یامێكی ترسناكی سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆی گه‌یاندووه، لێ ئه‌وه‌ی گرنگه، وه‌ك له نووسه‌رم بیستووه، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ساتیره، لیژنه پێكهێندراوه و پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به یه‌كه سه‌ربازییه‌كاندا كراوه.
خوێندنه‌وه‌ی ساتیرهكانی ئه‌م كتێبه زۆرتر هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام نامه‌وێ درێژه‌ی بده‌مێ و خوێنه‌ر زۆر ماندوو بكه‌م، لێ پێویسته ئه‌وه بڵێم، ئه‌گه‌ر ساتیر یان ته‌نز وا لێكبدرێته‌وه، لهسهرزهمینێكدا سه‌رهه‌ڵده‌دات، كه ئازادی تیادا نه‌بێت، ئه‌وا له كوردستاندا به‌شێوازی وتاری رۆژنامه‌وانی و له رێگه‌ی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه، زۆر ره‌خنه ده‌گیرێت، به‌ڵام ته‌نز وێڕای ئه‌وه‌ی چێژێكی ئه‌ده‌بیی هه‌یه، په‌یامی ره‌خنه‌یی خۆیشی ده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌نز له كوردستاندا، هێشتا له رووبه‌رێكی تهنگهبهردایه.
* ته‌قه‌ی خۆشی رامه‌گرن، ناونیشانی دوا كتێبی مامۆستا سه‌لام عه‌بدوڵڵایه، به قه‌باره‌ی بچووك و 352 لاپه‌ڕه، كه تایبه‌ته به ساتیر و 56 چیڕۆكه، به دیزاینێكی جوان كه له لایه‌ن هاوكارمان كاك شكار نه‌قشبه‌ندی كراوه، له كۆتایی 2019 كه‌وته به‌ر دیدی خوێنه‌ران.
په‌راوێز و سه‌رچاوه:
1-عبدالجبار نوری، شهادات و مژكرات شخصیات برنارد شو رائد الادب الانكلیزی الساخر، صحیفه المپقف، العدد 4823 فی 19/11/2019.
http://www.almothaqaf.com/b5/898790
2-باسم یوسف، النكته فی الزمن الرقمی، 19/11/2019 www.alhurra.com/a/521948…
3-هه‌مان سه‌رچاوه.
4-عبدالجبار نوری، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
5- زیاد العانی، الادب الساخر، 5/8/2009 https://www.emaratalyoum.com/opinion/2009-08-05-1.159190
نوێترینی ئه‌و كۆڕانه‌ی بۆ ئه‌ده‌بی ته‌نز كراون، ئه‌و كۆڕه بوو كه له 11/9/2019 له (مه‌سقه‌ت)ی پایته‌ختی عومان، كه له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و عومان به‌ڕێوه‌چوو، كۆڕه‌كه چه‌ند كارنامه‌یه‌كی ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بی ته‌نز و قسه‌كردن له‌باره‌ی تایبه‌تمه‌ندیه‌تیی ئه‌و جۆره ئه‌ده‌به و ئاماده‌بوونی له بواری رۆشنبیریی مرۆیی عه‌ره‌بی و كاریگه‌ریه‌كانی ئه‌ده‌بی ته‌نز له ره‌وتی رۆشنبیریی عه‌ره‌بیدا له‌خۆگرتبوو، بڕوانه (ندوه الادب الساخر تكشف ملامحه و رواده و تاپیراته فی المسار الپقافی العربی) http://alwatan.com/details/349025 11/9/2019.
6-سه‌لام عه‌بدوڵڵا، ته‌قه‌ی خۆشی رامه‌گرن – ساتیر، چاپی یه‌كه‌م، 2019، ل 7 و 8.
7-هه‌مان سه‌رچاوه، ل 198-202.
8-هه‌مان سه‌رچاوه، ل9-13.
9-هه‌مان سه‌رچاوه، ل 45-49.
10- هه‌مان سه‌رچاوه، ل 50- 54.
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.