حه‌یده‌ر عه‌بادی و مایك پۆمپیۆ له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غداو واشنتۆنیان تاوتوێكردو ئه‌مریكاش پشتیوانی خۆی بۆ عێراق دووپاتكرده‌وه.
نووسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه، سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكادا په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیی ئه‌نجامداوه‌و له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ھه‌ردوولاو بواره‌كانی ئابووری و خزمه‌تگوزاری و ئاسایش و سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق گفتوگۆیان كردووه.
ھه‌روه‌ھا له به‌شێكی په‌یوه‌ندییه‌كه‌یاندا، باسیان له ھه‌ماھه‌نگیی ھه‌وڵه‌كان كراوه‌ته‌وه بۆ له‌ناوبردنی پاشماوه‌كانی تیرۆرستانی داعش له خاكی سووریا‌و نزیك سنووره‌كانی عێراق.
ھه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌شدا، مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا پشتیوانییه‌كانی واشنتۆنی بۆ عیراقێكی به‌ھێزو سه‌قامگیرو سه‌ركه‌وتوو به‌پێی رێككه‌وتنی ستراتیجی نێوان ھه‌ردوو وڵات دووپاتكرده‌وه.
له لایه‌كى تره‌وه هیزه‌ر ناوێرت وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ناوه‌رۆكی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی نێوان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاشكرا كرد‌و رایگه‌یاند كه هه‌ردوولا بارودۆخی سیاسی عێراق و په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدایان تاوتوێكردووه .
هه‌روه‌ها مایك پۆمپیۆ جه‌ختی له پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێى عێراق كردووته‌وه‌و رایگه‌یاندوه، كه پێویسته له عێراق حكوومه‌تێك بێته كایه‌وه كه ره‌نگدانه‌وه‌ی خواستی هه‌موو ده‌نگده‌ران بێت و هیواشی خواستووه، له داهاتوودا حكوومه‌تێكی به‌هێز دروست بكرێت، كه هه‌موو پێكهاته‌كان له خۆ بگرێت و خزمه‌ت به ته‌واوی گه‌لی عێراق بكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.