ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورد بده‌ینه‌وه، كه له‌ڕێی شیعر و گێڕانه‌وه و كتێبه‌كانه‌وه بۆمان ماوه‌ته‌وه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ئێمه‌ش وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك ژنی ههڵكهوتووین كه له‌بواره جیاجیاكاندا شوێن ده‌ستیان دیاره. ئه‌م ژنانه، سه‌ره‌ڕای رێگر و به‌ربه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، هه‌وڵیانداوه له داهێنان و بڕیار و دروستكردنی به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه‌دا بهشداریبكهن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ لای ئێمه بۆته مایه‌ی سه‌رسامی ئه‌وه‌یه كه بۆچی مێژوونووسان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، زۆر كه‌م باسی ئه‌م ژنانه ده‌كه‌ن؟ ته‌نانه‌ت ئه‌و كاتانه‌ش كه باسیان ده‌كه‌ن زۆر به‌كورتی باسێكی سه‌رپێیی ژیانیان ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له كۆڵ خۆیانی بكه‌نه‌وه. جگه له‌وه‌ش باسكردنی ژن له مێژوودا زۆربه‌ی كات به‌نسیبی ئه‌و ژنانه بووه كه له ده‌سته‌ڵاتدا وجوودیان هه‌بووه یان خاوه‌ن بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناوداربوون! به‌ڵام ئه‌وانیش هه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ئێجگار كورت و ساكار باسیان لێوه‌كراوه و زیاتر باسی بنه‌ماڵه‌كه‌یان كراوه وه‌ك له باسی خۆیان. یه‌كێك له‌م جۆره ژنانه‌ش مه‌ستووره‌ی كوردستانیه.
مه‌ستووره‌ی كوردستانی خاوه‌ن توانایه‌كی ئه‌ده‌بی له ڕاده به‌ده‌ر بوو. ئه‌و به‌زمانی فارسی و كوردی ده‌ینووسی. له‌و سه‌رده‌مه‌وه بگره تاكو ئێستاش كه‌م ژنی نووسه‌ر هه‌ن بتوانن شان له‌شانی بده‌ن. له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا ئه‌م خانمه شاعیره به به‌هره و زه‌وقێكی هونه‌ری جوانه‌وه كۆمه‌ڵێك یادگاری به‌نرخی له‌پاش به‌جێماوه. به‌ڵام سه‌د مه‌خابن ئه‌و له‌به‌ر(ژن)بوونی سه‌رده‌مانێكی زۆر له په‌راوێزدا مایه‌وه!. بێگومان گه‌ر مه‌ستووره له‌ڕه‌گه‌زی نێر،واته(پیاو) بووایه كه‌سایه‌تیه‌كی ناسراو تر و ناوبانگێكی تری ده‌بوو وه‌كو "نالی" كه هه‌ر له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا ژیاوه و ئه‌و هه‌موو گرنگیه‌ی پێدراوه. به‌ڵام بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رهه‌مه‌كانی مه‌ستووره پشتگوێ خراون و زۆریشیان له‌ناوچوون. سه‌ره‌نجام، پاش سه‌ده‌یه‌ك بێده‌نگی، ئه‌و شیعرانه‌ی لهناونهچووبوون چاپ كران و ناوی هاته گۆڕێ.
ماه شه‌رف خانم كه نازناوه‌كه‌ی مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵانی بوو یه‌كه‌م ژن بوه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كه مێژووی نووسیه‌وه. مه‌ستووره نووسه‌رێكی بوێر و شاعیرێكی پڕ به‌رهه‌م بوو. له‌سه‌رده‌می ژیانی خۆیدا ده‌ستنووسی شیعره‌كانی ده‌ستاوده‌ست ده‌خوێنرانه‌وه. له ساڵی ١٩٢٦دا واته(٧٨ ساڵ پاش مردنی) بۆیه‌كه‌مجار دیوانه شیعرییه‌كه‌ی له‌ژێرنێوی(دیوانی ماه شه‌ره‌ف خانم كوردستانی- مه‌ستووره)دا چاپكرا. ئه‌م دیوانهنزیكهی دوو ههزاربهیته به‌زمانی فارسی كه‌له (١٩٢٦)ز له‌سنه به هه‌وڵ و كۆششی" حاج شیخ یحی معرفت"كردستانییهوه له سنه چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه. ساڵی ( ١٩٨٣ز) له تاران (نشرما) له‌لایه‌ن احمد كرمی یه‌وه بۆجاری دووه‌م چاپكرایه‌وه، ساڵی (١٩٩)ز بۆجاری سێیه‌م له‌تاران ( انتشارات امیر بهادر) له‌لایه‌ن ێدیق سه‌فی زاده(بۆره‌كه‌یی)یه‌وه .له‌ژێر نێوی (دیوانی ماه شه‌ره‌ف خانم كوردستانی ـ مه‌ستووره) له‌چاپ درایه‌وه*.
مه‌ستووره سه‌ڕه‌ڕای نووسینی ئه‌ده‌بییش ئه‌و به ئازایه‌تی و باوه‌ڕ به‌خۆبوونێكی بێوێنه‌وه میژووی ئه‌ماره‌تی ئه‌رده‌ڵانی نووسیه‌وه. بێگومان له سه‌رده‌می ئه‌ودا و تا هه‌نووكه‌ش میژوونووسین ته‌نها كاری پیاوانه. به وته‌ی خانمه ڕۆژهه‌ڵاتناسی ڕووسی "واسیلیویا":(مه‌ستووره خانم شوێنێكی تایبه‌تی لههیستوگرافی ئه‌رده‌ڵان(به‌شێك له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌یه.). ده‌ستنووسه‌كه‌ی ماه شه‌ره‌ف خانم له‌ساڵی(١٩٤٦ز)دا له‌سنه چاپكراوه و هه‌ر هه‌مان ڕۆژهه‌ڵاتناس كتێبه‌كه‌ی وه‌رگه‌ڕاندۆته سه‌ر زمانی ڕووسی و له‌ساڵی( ١٩٩٠) له‌مۆسكۆ بڵاو كراوه‌ته‌وه. ئه‌و له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا تاكه ژنه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كه له بواری میژوو و عه‌قاید)ا كتێبی نووسیوه.
د. تۆسنێ ڕه‌شید سه‌باره‌ت به‌شوێنگه‌ی مه‌ستووره ده‌ڵێ:" بوونی ژنێكی وه‌ك مه‌ستووره‌ی كوردستانی له‌و سه‌رده‌مه له‌نێو كورددا به‌ڕاستی مایه‌ی سه‌ر بڵندیی میلله‌تی كورده و نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا زۆر پێشكه‌وتوو بووه. ئێمه له ئه‌رمه‌نستان هه‌میشه گوێمان له‌وه ده‌بوو كه كورد مێللهتێكی كۆچه‌ری بێدهوڵهمهندین، به‌ڵام ئه‌مه ڕاست نییه و كورد خاوه‌ن كلتوورێكی زۆر مه‌زنه و پێویسته خاوه‌نداریه‌تی له‌و كلتوور و مێژووه بكه‌ین و، من وای ده‌بینم كه مه‌ستووره‌ی كوردستانی، نیشانه و سیمبۆڵێكی ئه‌و كلتوور و سهربڵندییهی میلله‌تی كورده". *٦.
ڕه‌زا قولیخانی هیدایه‌تیش له‌م ڕووه‌وه نوسیویه: "مه‌ستووره له‌و ژنه نه‌جیب و به‌ناوبانگانه‌یه كه‌سه‌ره‌ڕای خۆشنووسی و دهستڕهنگینی، ژنێكی جوان وشۆخ و داوێن پاك و ڕه‌وشت مه‌ردانه‌یه، بێجگه له مانه پێنجه‌م كه‌سه له مێژوونووسان كه‌له‌پاش شه‌ره‌فخان ومحه‌مه‌د شه‌ریف و محه‌ممه‌د ئیبراهیمی ئه‌رده‌ڵان و خه‌سره‌و به‌گی ئه‌رده‌ڵان، مێژووی ئه‌رده‌ڵانی نووسیوه."
ئه‌م قسه‌یه گه‌رچی دانپیانان و مه‌تح و سه‌نایه‌كی زۆری تێدایه بۆ مه‌ستووره به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا پیشانمان ده‌دات كه خه‌سڵه‌ته ژنانه‌كان چه‌ند گرنگن له كۆمه‌ڵگایه‌كی پیاوسالاری وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌دا. به بڕوای نووسه‌ر مه‌ستووره خاوه‌نی ئه‌م خه‌سڵه‌ته ژنانه‌بووه: 'نه‌جیب' و 'جوان' و 'شۆخ' و 'داوێن پاك'، ده‌نا ره‌نگه ئه‌و كه‌مه گرنگیهشی پێنه‌درایه كه پێی دراوه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه پێمان ده‌ڵێ كه ئه‌و سیفه‌تێكی تری گرنگی هه‌بووه كه ئه‌ویش 'ره‌وشت مه‌ردانه'ـ بوونه. ئێمه لێره‌دا دڵنیانین نووسه‌ر مه‌به‌ستی چیه به‌ڵام ئه‌وه‌نده ده‌زانین كه مهردانهبوون كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی باش ده‌گرێته‌وه كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به خه‌سڵه‌تی پیاوانه ده‌زانرێن ره‌نگه هه‌ندێكیان ئه‌مانه بن: ئازایه‌تی، زیره‌كی، به‌توانایی، مهنتیقیبوون، هتد.
ژیاننامه‌ی مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵان...
"ماه شه‌ره‌ف خانم كه نازناوه‌كه‌ی 'مه‌ستووره' یه ساڵی (١٨٠٤ز) له بنه‌ماڵه‌ی قادرییهكانی شاری سنه به‌دنیا هاتووه و ساڵی(١٨٤٨ز) كۆچی دوایی كردووه. له مێژووی ناودارانا هاتووه كه مه‌ستووره كچی ئه‌وله‌سه‌ن به‌گ، كوڕهزایی موحه‌ممه‌د ئاغای نازری كوردستانی، برازای میرزا عه‌بدوڵڵای ڕه‌ونه‌ق، خاوه‌نی ژین نامه‌ی "حدیقه امان الله‌ی " و هاوسه‌ری خه‌سره‌و خانی ناكام، واته والی ئه‌رده‌ڵان بووه. بنه‌ماڵه‌ی بهقادری ناسراون و باپیری خه‌زنه‌داری والیانی ئه‌رده‌ڵان و بابی له‌پیاو ماقوڵانی ئه‌و ده‌ورانه بووه".
مه‌ستووره هه‌ر له‌سه‌رده‌می منداڵییه‌وه له ماڵه باوانیدا كه خانه‌واده‌یه‌كی ڕۆشنبیر و ئه‌ده‌بدۆست بوون، خولیای خوێندنه‌وه‌ی كتێبی هه‌بووه له‌گشت بواره‌كاندا و به تایبه‌تیش ئاره‌زووی خوێندنه‌وه‌ی كتێبی مێژووی كردووه. به‌وته‌ی خۆی: "كه ده‌ستم خامه‌ی ئاشنایی گرت... مه‌یلی سرووشتیم و ئاره‌زووی زگماكم، به موتاڵای كتێبان ده‌بزووت. "
ئاشكرایه له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا ته‌نها كوڕان ده‌خرانه به‌ر خوێندن له حوجره‌ی مزگه‌وته‌كاندا، ئه‌ویش به‌شێوه‌یه‌كی سنووردار و ته‌نها ئه‌و كوڕانه ده‌یانتوانی بخوێنن كه سه‌ر به بنه‌ماڵه‌یه‌كی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و ده‌ست ڕۆیشتووبوون. به‌ڵام (ئه‌وله‌سه‌ن به‌گ)ی باوكی مه‌ستووره جۆره په‌روه‌رده‌كردنێكی جیای له په‌روه‌رده‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بۆ منداڵه‌كانی هه‌ڵبژاردبوو. ئه‌وسا وا باو بوو كه كچان فێری گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕكێ و ته‌ون و چنین بكرێن، به‌ڵام باوكی مه‌ستووره منداڵه‌كانی بۆ خوێندن هاندا و له‌و بواره‌شدا زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه. ئه‌وه‌تا مه‌ستووره بوو به شاعیر و مێژوونووس و ده‌ستێكی باڵاشی هه‌بووه له خه‌ت خۆشی‌دا. جگه له‌وه‌ی كه خانمێكی ئێجگار جوان و شۆخ و شه‌نگ بووه، مه‌ستووره مرۆڤێكی هه‌ست ناسك و میهره‌بان بووه، كه زۆر به‌ته‌نگ هه‌ژاران و لێقه‌وماوانه‌وه چووه.
باوكی مه‌ستووره گرنگیه‌كی زۆری به‌كچه‌كه‌ی داوه بێگوێدانه داب و نه‌ریتی باوی ئه‌وسه‌رده‌مه مامۆستای تایبه‌تی بۆگرتوه له ڕووی په‌روه‌رده و فێركردندا قسووری لێنه‌كردوه. به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه مه‌ستووره له سه‌رده‌می منداڵی‌دا و له‌ژێر ده‌ستی مامۆستای شاره‌زادا فێری زمانی كوردی و فارسی و عه‌ره‌بی بوو. هه‌ر له‌به‌ر زیره‌كی و وریایی خۆشیه‌وه كه‌وته خوێندنه‌وه‌ی شیعری كلاسیك و به‌رهه‌می نووسه‌رانی سه‌رده‌می خۆی و هه‌روه‌ها قورئان و (فقه) و ئاینه جیاكان. له هه‌مان كاتدا ئاشنایی له‌گه‌ڵ میتۆلۆژی كولتوره‌كانی تردا په‌یداكردوه.
پاش شووكردنیشی به خه‌سره‌و خانی والی ئه‌رده‌ڵان، كه ئه‌ویش پیاوێكی ڕۆشنبیر و ئه‌هلی خوێندنه‌وه و شاعیر و ئه‌دیب بوو، مه‌ستووره ده‌رفه‌تی زیاتری بۆ ڕه‌خساوه. ئه‌و دوو په‌ڕتووكخانه‌ی گه‌وره و ده‌وڵه‌مه‌ندی له به‌رده‌ستدابوو، (كتێبخانه‌ی قادریی و كتێبخانه‌ی ئه‌رده‌ڵان) و زۆربه‌ی كاته‌كانی به‌خوێندنه‌وه‌وه به‌سه‌رده‌برد. له نووسینه‌كانیدا مه‌ستووره ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه ئه‌رده‌ڵانیه‌كان زوڵم وسته‌میان ده‌رهه‌ق به خێڵه‌كه‌ی ئه‌مان (قادری) كردووه و به‌داخه‌وه له‌م نێوه‌نده‌شدا زۆرجار كچان بوونه‌ته قوربانی. واته ئه‌رده‌ڵانیه‌كان بۆ ئاشتبوونه‌وه و سوڵحكردن كچیان لێسه‌ندوون! ئه‌وه‌تا مه‌ستووره‌ی نازداری باوكی بۆ مهسڵهحهتكردنی نێوانیان زوڵمی لێكراوه و دراوه‌ته خه‌سره‌و خانی والی كه‌پێشتر ژن و منداڵی هه‌بووه. هه‌رچه‌نده تاكۆتای ته‌مه‌نی خه‌سره‌و خان پشتی مه‌ستووره‌ی به‌رنه‌داوه و هه‌میشه ڕێز و حورمه‌تی زۆری لێناوه و زۆریشی خۆشویستووه به‌ڵام له (مێژووی والیه‌كانی ئه‌رده‌ڵان)دا هاتووه كه پێشتر خه‌سره‌و خان ڕقی له خانه‌وه‌داكه‌ی مه‌ستووره هه‌ڵگرتووه و ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوون و له‌دوایدا بۆ ئاشتكردنه‌وه مه‌ستووره‌ی لێ خواستوون..
مه‌ستووره له كتێبه‌كه‌یدا سه‌باره‌ت به مێژووی ئه‌رده‌ڵان مێژووی ئه‌م ناكۆكیه ده‌گێڕیته‌وه (كه تیایدا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر پاكانه بۆ خه‌سره‌وخان ده‌كات) و به‌م شێویه باس له شووكردنه‌كه‌ی خۆی ده‌كات:
"له‌به‌رایی فه‌رمانڕه‌واییدا(مه‌به‌ست فه‌رماڕه‌وایی خه‌سره‌و خانه) له‌به‌ر كه‌م ئه‌زموونی، توشی چه‌ند هه‌ڵه‌یێ هات؛ باپیر و باوك و مامه‌كانی نوسیاری ئه‌م كتێبه‌ی (مه‌به‌ستی خۆیه‌تی) به‌بێ تاوان كۆت و زنجیر كرد و زۆر به‌بێ به‌زه‌ییانه و ڕه‌فتارێكی دزێوه‌وه سێ هه‌زار تمه‌نی به‌ناوی باجه‌وه لێسه‌ندن. سه‌رئه‌نجام خودا كردی به‌دنیهادی و دڵپیسی به‌دكارانی بۆ ئاشكرا بوو، له دووی ناردن و به‌خه‌ڵاتی گرانبایی و شایان سه‌ربه‌رزی كردن.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حوسهینقولیخان زۆربه‌ی سامان و نهختینهكانی له‌كن بنه‌ماڵه‌ی منی كه‌مینه دانابوو، نێوبراو سه‌باره‌ت به‌وه كه لهباوكهوه پورزایشم بوو، كاربه‌ده‌ستانی والی بۆباوكمیان تێچاند بوو له داستانهكهیانهوه وه‌رداو له‌و كارهكهوهیان گلاند و ئه‌وه‌یان كرد به‌بیانو، ئه‌و سامان و نهختینهیهیش كه‌هه‌مان بو لێمان داگیركه‌ن وئه‌ویش بخه‌نه سه‌ر گه‌نجینه. به‌م مه‌به‌سته حوسهینقولیخانیان فریودا و به‌ڵێنی فه‌رمانڕه‌وایی ئیسفهندئابادیان دایێ و ئه‌میش كه‌هێشتا ساردی و گه‌رمی و تاڵی و سوێری ژیانی بۆكه‌س تا سهرنهماوی نهچێژتبو، به‌ته‌ماحی فه‌رمان ڕه‌واییه‌وه پشتی له‌مافی خاڵۆ و خوارزایی هه‌ڵكرد و پاشان به‌بیانوی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی یه‌كێ له ئامۆزاكانمان كه‌نه‌خۆش كه‌وت بو له‌دوای باوكمی نارد‌و هه‌ركه باوكم گه‌یشته ئه‌وێ، حوسهینقولیخان كۆڕێكی به‌ست و له‌دژی والی ده‌ستیان به‌وتووێژ كرد، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه ،چه‌ند كه‌سێكی له‌پشت په‌رده‌وه لێ ڕاگرتبوون، گوێ یان له‌هه‌موو كه‌ین و بهینهكه گرتبو، ئه‌و شه‌وه بۆ سبه‌ینێ محه‌مه‌د به‌گ و مسته‌فا به‌گ كوڕانی فه‌تح عه‌لی به‌گی وه‌كیل و ئه‌كبه‌ر به‌گ كهببو به مایه‌ی ئه‌م هه‌نگامه‌یه و سوڵتانی كوڕی نه‌زه‌ر عه‌لی به‌گ وئهبول حه‌سه‌ن به‌گ، باوكی ئه‌م كه‌مینه‌یه و مام و ئامۆزاكانی دیكه‌ی سه‌رله‌به‌ر فه‌رمانی كۆت و زنجیر كردن و زیندان كردنیان درا و هه‌موویان گیران و به‌كۆت و زنجبركراوییهوه زیندان كران. پاش چهنانێ فه‌تحعه‌لی به‌گ وسوڵتانیان له‌قه‌ڵای قه‌سڵاندا كوشت. ئه‌كبه‌ریش به‌هه‌زار ته‌ڵه‌كه‌و ده‌هۆ، ساههر چۆنێ بو، سه‌ری خۆی ڕزگار كرد. مامی ئه‌م كه‌مینه‌یه‌ش، چونكه هیچ تاوانێكی نه‌بو، ئازاد كرا‌و به به‌زه‌یی و دڵاواییهكی زۆره‌وه خه‌ڵات كرا و ئه‌وه بو بۆ پته‌وكردن و چه‌سپاندنی نێوان ته‌بایی و نێوان كۆكی له‌ئه‌نجامدا به‌ند و به‌نده‌واری هاوسه‌ریم له‌گه‌ڵ خه‌سره‌و خاندا سه‌روبه‌ر نراو به‌وپه‌ڕی شان و شكۆوه پێم هاویشته حه‌رام سه‌راوه.*
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه مه‌ستووره بۆ "پته‌وكردن و چه‌سپاندنی نێوان ته‌بایی و نێوان كۆكی" دراوه‌ته خه‌سره‌وخان و سه‌ر به هه‌وێ شووی كردووه پێده‌چێت له هاوسه‌رێتیدا به‌خته‌وه‌ر بووبێت، گه‌رچی ئه‌م پێكهوهژیانهش ته‌مه‌ن كورت بوو. خه‌سره‌و خانی ناكام زۆر به گه‌نجی كۆچی دوایی كرد و ده‌سه‌ڵات و سه‌رو سامانی هه‌ره‌سیان هانی. ئه‌مه‌ش كوشتن و بڕین و تاڵانی و ئاواره‌بوونی به‌دوادا هات. له‌م نێوه‌نده‌دا ژیانی مه‌ستووره‌ش وه‌ك هه‌ریه‌ك له ئه‌ندامانی تری ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه كه‌وته مه‌ترسیه‌وه و ئه‌وه بوو به‌ره‌و سلێمانی و( میری بابان) كه‌وته ڕێ. سه‌ره‌نجام به تاسه‌باری و له ته‌مه‌نی ٤٤ ساڵیدا، له شاری سلێمانی و به نه‌خۆشی تاعوون كۆچی دوایی كرد، هه‌ر له‌وێش، له گردی سه‌یوان به‌خاك سپێردرا. به‌م ته‌مه‌نه كورتهشهوه مه‌ستووره توانی چه‌ندین كتێب له‌پاش خۆی به‌جێ بهێڵێ له بواری(فقه)، ئه‌ده‌ب و مێژوودا. لێره‌دا به كورتی باسی گرنگترین به‌رهه‌مه‌كانی ده‌كه‌ین:
یه‌كه‌م: شیعر: جگه له شیعره فارسیه‌كانی كه‌له دیوانه‌كه‌یدا چاپكراون مهستوورهبهكوردیش شعری نووسیوه. وه‌ك ده‌ركه‌وتووه ژماره‌ی هۆنراوه كوردییه‌كانی مه‌ستووره زۆر كه‌من! تا ئێستاش به‌باشی نه‌زانراوه كه ئایا مه‌ستووره هۆنراوه‌ی به‌كوردی كه‌م گوتوه یاخود گوتوویه‌تی و له‌ناو چوون؟ له‌سه‌رده‌می خۆیدا له كوردستان هۆنراوه‌كانی مه‌ستووره له‌به‌ر مانای جوان و زمانی ئه‌ده‌بی و بیر و هه‌ستی ناسك، ده‌ستاو ده‌ستیان پێكراوه. كه‌وایه بۆچی ده‌بێ بفه‌وتێن؟ ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ داڕمانی فهرمانڕووایی ئه‌رده‌ڵاندا و به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆیی و ناكۆكی میرنشینه‌كانه‌وه ئه‌م شیعرانه‌ش به‌ر شاڵاوی سوتان و فه‌وتان هاتبن.
دووه‌م: مێژوو: مه‌ستووره خاوه‌نی كتێبی مێژووی ئه‌رده‌ڵانه كه نزیكه‌ی ١٠٠ ساڵ پاش مه‌رگی خۆی، له‌ساڵی ١٩٤٦دا له‌لایه‌ن" ناێری ئازاد بور"ه‌وه له ئێران چاپكرا. له‌م كتێبه‌یدا ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنجی نووسینه‌كانی بده‌ین ده‌بینین مه‌ستووره تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك نووسینه‌كانی ڕڕست و دروستن و چه‌ند به ده‌ستپاكیه‌وه رووداوه‌كانی تۆمار كردووه.
سێه‌م: بیۆگرافی: كتێبی مجمع الادباو بیۆگرافی كۆمه‌ڵێ شاعیره بۆناساندنی شاعیران و ئه‌دیبانی كورد به‌ڵام هێشتا چاپ نه‌كراوه هه‌ر بیسه‌ر و شوێنه.
چواره‌م: بیر‌ورا: كتێبی عه‌قاید له‌ساڵی ١٩٩٨ دا له‌لایه‌ن عه‌بدوڵڵا مه‌ردۆخی له‌سوید چاپ كراوه.*
مه‌ستووره‌ی شاعیر.
به‌داخه‌وه به‌رهه‌م و ده‌ستنووسه‌كانی مه‌ستووره چ له‌ژیانیدا و چ له‌دوای مردنی گرنگی ئه‌وتۆیان پێنه‌درا بۆیه زۆری فه‌وتاون و كۆنه‌كراونه‌ته‌وه. خۆشبه‌ختانه ئه‌و كاته‌ی "شێخ یه‌حیای مه‌عریفه‌تی كوردستانی" ده‌ستی به لێكۆڵینه‌وه‌ی ژیان و به‌رهه‌می شاعیره كلاسیكیه‌كان كرد ، به‌هه‌ڵكه‌وت چه‌ند پارچه شیعرێكی مه‌ستووره‌ی به‌ر ده‌ست كه‌وت. له‌ساڵی ١٩٢٦دا چاپیكردن و ئه‌و ده‌بێژێ تائه‌و كاته ناوبانگی مه‌ستووره له‌كوردستاندا نه‌زانراوه. تا ئێستاش ژماره‌یه‌كی كه‌م له شیعره‌كانی چاویان به‌دنیای ڕوون هه‌ڵهێناوه و چاپكراون و زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی وه‌كو خۆی جوانه‌مه‌رگ بوون و له‌ناو چوون. ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستیه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێ كه‌چه‌نده ئه‌م خانمه مه‌زنه بێكه‌س بووها!
مه‌ستووره ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه له هۆنینه‌وه‌ی هۆنراوه‌دا. به‌پێی "حه‌دیقه‌ی ناسری، میرزا عه‌لی اكبهری مونشیباشی" ژماره‌ی هه‌ڵبه‌سته‌كانی مه‌ستووره بیست هه‌زار به‌یته به‌ڵام ته‌نها دوو هه‌زار به‌یتی ماوه و چاپكراون، شیعره‌كانی تری فه‌وتاون. ئه‌و سه‌باره‌ت به جوانی سروشت، جوانی ژن، خۆشه‌ویستی و نیشتیمانپه‌روه‌ری شیعری نووسیوه. هه‌ندێك له غه‌زه‌له‌كانی هه‌ر وه‌ك پیاوه شاعیره‌كانی سه‌رده‌می خۆی باسی عه‌شق و جوانی ژن ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی پیاوێك بێت و عاشقی ژنێك بووبێت، بۆ نموونه:
گرفتارم به نازی چاوه‌كانی مه‌ستی فه‌تتانت
بریندارم به تیری سینه ﺳﯚزی نێشی موژگانت
به زوڵف و په‌رچه‌م و ئهگریجهكانت غاره‌تت كردم
دڵێكم بوو ئه‌ویشت خسته ناو چاهی زه‌نه‌خدانت
یان:
ڕووته كه ڕووته یا شه‌به‌حی مانگی ئاسمان
قه‌دو خه‌رامی تۆیه یا سه‌روی بۆستان
نه‌مدیوه مانگ كه‌ڵاوی له‌سه‌ر بێت غه‌یری تۆ نه‌بێ
مه‌عشوق و نه‌وجه‌وانی و ناوی گوڵستان
ره‌نگه مه‌ستووره ویستبێتی توانا و سه‌لیقه‌ی خۆی بسه‌لمێنێ له نووسینی ئه‌م جۆره شیعرانه‌دا و پێمان بڵێ كه ده‌توانێت كێبڕكێ له‌گه‌ڵ ئه‌و شاعیره پیاوانه‌دا بكات كه غه‌زه‌لیان نووسیوه. له‌لایه‌كی تره‌وه، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه له‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه بۆمان جێماوه هیچ به‌دی ناكه‌ین كه باسی چه‌وسانه‌وه‌ی ژن بكات. پێده‌چیت ماه شه‌ره‌ف خان گرنگی نه‌دابێت به‌م بابه‌ته یانیش هوشیاری نه‌بووبێت به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی كه ژنانی تر چۆن ده‌چه‌پێنرێن. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكوو پێده‌چێت هه‌ندێجار لووتبه‌رزیش بووبێت به‌رامبه‌ر به ژنانی تر وه‌ك له‌م شیعره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت:
من ێن زنم كه به ملك عفاف ێدر گزینم ز خیل پردگیان نیست در زمانه قرینم
به زیر مقنعه ما را سری است لایق افسر ولی چه سود كه دوران نموده خوار چنینم
مرا ز ملك سلیمان بسی است ننگ همیدون كه هست كشور عفت همه به زیر نگنیم
به معشر نسوان مر سپاس و حمد خدا را همی سزد كه بگویم منم كه فخر زمینم
ز تاج و تخت جم و كی مراست عار ولیكن به ێستان ولایت كمینه خاك نشینم
علی عالی اعلی امیر ێفدر حیدر كه هست راهنمای یقین و رهبر دینم
كمینهوار چو «مستوره» دل بدو بسپردم هزار بنده به درگه ستاده همچو نگینم
به‌پێی وه‌رگێڕانی.... چه‌ند دێڕی یه‌كه‌م ده‌كاته:
من ئه‌و ژنه‌م كهبهپاكی له‌سه‌رووی هه‌مووانم له‌هه‌موو خێڵی ژناندا نییه كه‌س هاوشانم
له ژێری سهروێنهكهمدا سه‌رێكه هێژای تاج به‌ڵام له‌زه‌بری زه‌مان وا قه‌تیسی ده‌ورانم
له كۆپله‌ی یه‌كه‌مدا مه‌ستووره شانازی به پاكیزهبوونی خۆیه‌وه ده‌كات و ده‌ڵێت كه كه‌س هاوشانی نیه. ئه‌مه بێگومان قبووڵكردنی به‌هاكانی كۆمه‌ڵگای باوكسالاریه كه پاكیزه‌یی بۆ ژن به شتێكی گرنگ و جێی شانازی ده‌زانێت. پاكیزهبوونی مه‌ستووره هه‌م خۆی له‌م شیعره‌دا و هه‌م كه‌سانی تریش هێمایان پێداوه. له‌كاتێكدا ئێمه هه‌رگیز پیاوێك نادۆزینه‌وه شانازی به‌خۆیه‌وه بكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاكیزه‌یه. ره‌نگه هه‌وڵیش بدات كه بیشارێته‌وه چونكه ئه‌مه شتێگی به‌به‌ها نیه بۆ پیاو.
هه‌روه‌ها له كۆپله‌ی چواره‌مدا مه‌ستووره فه‌خر به‌سه‌ر مه‌عشه‌ری ژنانی تردا ده‌كات و پێیان ده‌ڵێ: منم فه‌خری زه‌مینم. پێده‌چێت مه‌ستووره له‌بیری نه‌بێت كه زۆربه‌ی ژنه‌كانی سه‌رده‌می خۆی نه‌ك هه‌ر ده‌رفه‌تی نووسین و كاریان بۆ نه‌ڕه‌خسا به‌ڵكوو بۆشیان نه‌بوو فێری خوێنده‌واری ببن. بێگومان لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه نیه كه نكۆڵی له توانا و زیره‌كی و به‌هره‌كانی مه‌ستووره بكه‌ین به‌ڵكوو ته‌نها ده‌مانه‌وێت ئاماژه به‌وه بده‌ین پێده‌چێت زۆر بیری له‌و نایه‌كسانه كۆمه‌ڵایه‌تیانه نه‌كردبێته‌وه كه به‌بۆنه‌ی ره‌گه‌زه‌وه له كۆمه‌ڵگای كوردی و ئێرانی‌دا به‌ربڵاوبوون. له‌وانه‌شه نه‌یوێرابێت هه‌رگیز باس له كێشه‌كانی ژن‌بوون بكات. چونكه ئه‌وه كارێكی سه‌خت و بڤه‌یه بۆ ژنێك له كۆمه‌ڵگایه‌كی دواكه‌وتوودا بێته گۆڕێ و باس له زوڵم و سته‌م بكات كه ده‌رهه‌ق به ژنان كراون و ده‌كرێن. له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ش كارێكی هه‌روا سانا نیه، ئه‌و سه‌رده‌مه ژنانی كورد له مافه سهرهتایییهكانی مرۆڤ بێبه‌ش و بێ ئاگا بوون، ئه‌وان كۆیله‌ی ناو مال و خێزان و ژیر ده‌سه‌ی باوك و براو پاشانیش مێرده‌كانیان بوون.
گومان له وهدانیه كه مه‌ستووره له‌سه‌رده‌می خۆیدا هه‌وڵی زۆریداوه، به‌جورئه‌ته‌وه هه‌نگاوی ناوه چه‌ندین كتێبی له‌بواره جیا جیاكاندا نوسیوه. ئه‌و هه‌ر به‌وجودی خۆی توانیوێتی بۆ میلله‌ته‌كه‌ی خۆی بسه‌لمێنێ كه‌وا ژنیش وه‌كو پیاو به‌توانایه. ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ پیاو ڕه‌خساوه بۆ ژنیش بڕه‌خسێ، ئه‌وا ئه‌ویش ده‌توانێ وه‌كو پیاو بنووسێت و بخوێنێته‌وه، خۆی ڕۆشنبیر بكات و ببێته شاعیر و نووسه‌ر.
مه‌ستووره له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌شاعیرانی كورد و فارسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا شیعریان گۆڕیوه‌ته‌وه. له‌وانه مه‌وله‌وی، نالی، یغمای جندقی. شایه‌نی باسه له‌گه‌ڵ خاتوو (حسنی جیهان بان‌و كچی فه‌تح عه‌لی شای قه‌جه‌ر)كه نازناوی شیعری "والیه" و ژنی پێشووی خه‌سره‌وخان بووه، ئه‌ویش ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه له ئه‌ده‌بیاتدا و له حوكمهتیشدا ژنێكی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بووه، زۆرجار پێشبڕكێی شیعری‌یان كردووه كه‌ئه‌مه نمونهیهكێتی:
والیه:
والیه، یار به اغیار چو یار است و ندیم
رو بسوز از غم و با دا‌غ دل خویش بساز
مستوره:
اغیار جمله محرم و ولی من ز روی تو
محروم من كه به‌ره ندارد به جز فسوس
والیه:
وێال توست نێیب وقیب و من از فراقت
چرا ز غێه ننالیم؟ چرا ز غم نخروشم؟
مستوره:
رقیب همدم و "مستوره" دور است ز دلبر
فلك نگون شوی، ێ‌خر سزاست روز چنینم؟
* * * *
ئاشكرایه له شه‌ڕه‌شیعری نێوان( نالی) و مه‌ستووره‌دا نالی مه‌به‌ستی پیاهه‌ڵدان و ستایشكردنی ژنێكی ده‌گمه‌نی نووسه‌ر نیه كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه! به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نابه‌جێ له‌هۆنراوه‌كانیدا هێرشی كردۆته سه‌ر ئه‌م خانمه مه‌زنه و بچوكی كردۆته‌وه بۆ بابه‌تێك كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا و ئێستاش باسكردنی ده‌كرێت ببێته مایه‌ی ئابرووبردنی ژنێك. من نازانم چ شتێك پاڵی به نالییه‌وه ناوه به‌و شێوه‌یه هێرش بكاته سه‌ر كه‌سایه‌تی مه‌ستووره؟ به‌ڵام ده‌ڵێم بریا نالی هه‌رگیز ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ی به‌سه‌ر مه‌ستووره‌دا هه‌ڵنه‌دایه. هه‌ر هیچ نه‌بێ له‌به‌ر خاتری خودی خۆی چونكه ئه‌و به‌م هۆنراوه‌یه له پله‌و پایه‌ی خۆی كه‌م كرده‌وه و كه‌سایه‌تی خۆی پێ ڕووشاند. ئه‌م كاره‌شی به‌رامبه‌ر ژنه شاعیرێكی بێوێنه و شایسته كردووه كه له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناوداری ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌ركه‌وتووه. ده‌بێت له خۆمان بپرسین: نالی كاری وای بۆكرد؟! بۆچی ده‌بێت ئه‌دیبێكی گه‌وره بیه‌وێ وێنه‌ی ژنێكی نووسه‌ری به‌توانا له‌ناو به‌رێ؟! ئاخۆ دوای ئه‌و شیعره خه‌ڵكی چۆنی ڕوانیویانه‌ته مه‌ستووره؟ ئاخر ئه‌وكاته ئه‌و كچێكی تازه‌لاوی ناسك خه‌یاڵ بوو. كێ ده‌ڵێ كاریگه‌ری ئه‌و شیعره نه‌بووه مه‌ستووره‌ی له نووسینی شیعر به‌زمانی كوردی ئیفلیج كردبێت؟!
مامۆستا هه‌ژار له‌كتێبه وهرگێراوهكهیدا بۆ سۆرانی (مێژووی ئه‌رده‌ڵان، ل ١٤) ده‌ڵێ: "نالی نه‌مر، پێغه‌مبه‌ری وێژه‌ی كوردی، ئه‌گه‌ر سوورنهیزانیبایه مه‌ستووره بۆ ئه‌وه ده‌بێ خۆبهرێته ڕێزی نالی، كه‌لله‌ی لهكهللهی نه‌ده‌دا. دیاره شێرێكی وه‌ك نالی په‌لامار ناداته ڕێوی: غه‌نیمی ئه‌شێ پڵنگ بێ. پیاو به وردی له‌و شیعره فڕنامه‌ی نالی وردبێته‌وه، تێده‌گا كه له‌م باره‌وه چه‌ندی خۆی ماندوو كردووه: ئه‌م هه‌موو كه‌ره‌سته جوانه و ئه‌م هه‌موو وشه ڕه‌قانه‌ی هه‌ربۆیه ده‌كار هێناوه، كه ئه‌و خانمه وێژهوانهی خۆی له‌و به كه‌متر نازانێ، بترسێنێ و بیبه‌زێنێ و خۆی بنوێنێ كه"منی خاوه‌نی دیوان، جوانێكی وا وێژه‌وانی ده‌م پاراویشم بۆڕداوه".*٧
ده‌بێ ئاماژه به‌وه‌ش بده‌ین؛ دیاره له‌و زه‌مه‌نه‌دا له ناو كۆمه‌ڵگایه‌كی داخراوی وه‌ك ئێمه‌دا خه‌ڵكی نه‌یان توانیوه ژنێكی ئه‌وها لێهاتوو قه‌بووڵ بكه‌ن و مافی خۆی پێبده‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌و قه‌بوڵ كردهنهش لای شاعیرێكی گه‌وره‌ی وه‌كی نالیش كارێكی سه‌خت بووه، هه‌ر بۆیه ویستوویه‌تی بیبه‌زێنێ و به‌و وشه ناشرین و ڕووخێنه‌رانه سه‌ركوتی بكات و بیچه‌وسێنێته‌وه. به‌لام مه‌ستووره نه‌ك نهبهزاوه به‌ڵكو نیشانی داون به‌ڵێ، ژن ده‌توانێ بێته مه‌یدانی نووسین و هه‌ر بۆارێكی تری ژیان گهربیانهوێ تا شوێن پێیان دیار بێت.
خۆشبه‌ختانه مه‌وله‌وی به پێچه‌وانه‌ی نالیه‌وه، كه له‌نزیكه‌وه مه‌ستووره‌ی ناسیوه و هامشۆی باره‌گای ئهردهڵانییهكانی كردووه، هه‌میشه پاڵ پشتی مه‌ستووره‌ی كردووه و ته‌نانه‌ت له‌شیعرێكدا ستایشی كردووه، وه‌ك له‌م دوو به‌یته دا ده‌ڵێ:
خورشیدهكهی ناز، ئه‌وجی بوورجی سه‌ور
سه‌رتوغرای ده‌فته‌ر مه‌حبووبان جهدهور
ها له خانه‌كه‌ی بورجی شه‌ره‌فدا
نوور فشانیشهن وه‌هه‌ر ته‌ره‌فدا.
مه‌ستووره زۆربه‌ی هۆنراوه‌كانی له‌پاش شووكردنی به(خه‌سره‌وخانی والی سنه) هۆنیوه‌ته‌وه. وه‌ك لهنووسینهكانیدا ده‌رده‌كه‌وێ خه‌سره‌وخان زۆر مه‌ستووره‌ی به‌دڵ بووه و له‌ژنه‌كانی تری زیاتر ڕێزی لێگرتووه. ته‌نها مه‌ستووره ئه‌و پایه‌ی هه‌بووه كه له‌یه‌ك لۆژدا له‌ته‌ك میرده‌كه‌ی ڕڕوهستێ و شه‌و و ڕۆژ مافی هاموشۆ و دیتنی مێرده‌كه‌ی هه‌بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌سره‌وخان ده‌ستی هۆنراوه‌ی هه‌بووه زۆر جار له‌گه‌ڵ مه‌ستووره‌دا شیعری‌یان به‌یه‌كتردا هه‌ڵگوتوه:
از سریر شهی و دولت جاوید، مرا
سایه مرحمت خسرو عادل خوشتر
چند مستوره، ز بیداد فلك ناله كنی؟
در غم چرخ ستمكار، تحمل خوشتر
شكر ایزد،كه به كوری رقیبان، سوی من
نامه خسرو جمشید نشان می اید
هركه بنهاد چو مستوره قدم در ره عیشق
كار فرمان كران تا به كران می ێ‌ید
* * * *
به‌پێی هۆنراواكانیان ئه‌م ژن و مێرده زۆر یه‌كتریان خۆشویستووه. به‌ڵام والیه هه‌میشه به‌دوای پیلانێك‌دا ده‌گه‌ڕا بۆ تێكدانی نێوانی ئه‌م دووه، ئه‌وه بوو سه‌رئه‌نجام توانی نێوانیان تێكبدات و به‌م هۆیه‌وه بۆ ماوه‌ی دووساڵ لێك داببڕێن. پاشان خه‌سره‌وخان له‌م كاره‌ی په‌شیمان ده‌بێته‌وه و جارێكی تر له‌گه‌ڵ مه‌ستووره‌دا یه‌ك ده‌گرنه‌وه و هه‌روه‌كی جاران ژیانێكی پڕ له عیشق و خۆشه‌ویستی ده‌ست پێ ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش زۆری نه‌برد و پاش دووساڵ، ئه‌مجاره مه‌رگ بۆهه‌میشه لێكی كردن. خه‌سره خان به‌ناكامی له‌ته‌مه‌نی ٢٩ ساڵیدا ماڵئاوای له‌دنیا كرد. جوانه‌مه‌رگ بوونی میر له‌ساڵی (١٨٣٥ز) كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر ژیان و دواڕۆژی مه‌ستووره، بوو به یه‌كێك له‌و هۆیانه‌ی به‌هره‌ی شیعری‌یان به‌ته‌واوی لا ته‌قانده‌وه و ژماره‌یه‌كی زۆری شیعره‌كانی بۆ دووری و مه‌رگی خه‌سره‌وخان گوتوه:
خه‌سره‌و وههارهن، خه‌سره‌و وههارهن
كۆربام جه‌دیده، فهێڵی وههارهن
مه‌وسم جلوس گوڵ و گوڵزارهن
واده‌ی ته‌ماشای سه‌یر و شكارهن
یه وه‌قت ته‌فریح قه‌لب و دهماغهن
فهێڵ ئاره‌زووی گوڵ گه‌شت و باخه‌ن.
* * * *
به وته‌ی اوگینا واسیلی ێوا ؛*٨ "له نێوان میلله‌تانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دوور‌و نزیك، كه‌سێكی تری وه‌ك مه‌ستووره كه شاعیرێكی به‌توانا و هه‌م مێژوو نووسێكی به‌رجه‌سته بێت ده‌رنه‌كه‌وتووه. له‌ڕاستیدا سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م ژنێكی ڕۆشنبیری تری وه‌ك مه‌ستووره‌ی به‌خۆوه نه‌دیووه ". هه‌رچه‌نده مه‌ستووره هۆنراوه‌ی كه‌م گوتوه به‌ڵام باڵادهستیهكی چاكی له‌و كه‌مه‌شدا دیاره و كورد وته‌نی (مشتێ نمونه‌ی خه‌روارێكه).
مه‌ستووره‌ی نووسه‌ر و میژوونووس
مه‌ستووره‌ی كوردستانی له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا -لا١٤ میژووی ئه‌رده‌ڵان- به‌م شێوه‌یه باسی چۆنیه‌تی نووسینی كتێبه مێژووییه‌كه‌ی ده‌كا "منی وا بێ نرخ و هه‌ژار مه‌ستووره ناو-كه كیژی ئه‌وله‌سه‌ن به‌گ و نه‌وه‌ی خوا بهخشیو حه‌ماغای كوردستانیم-چونكه باوكم زۆر حه‌زی له خوێندن بووه و منیش كیژی نۆبه‌ره‌ی بووم، خۆشی ویستوم و پێی خوێندوم، زۆرم خوو دابووه سه‌ر كتێب، هه‌موو جۆره كتێبێكم ده‌خوێنده‌وه، له‌ناویاندا زۆر له تاریخ خۆشم ده‌هات. تاڕۆژێكیان چاوم بهنووسراوێ كه‌وت ده‌رباره‌ی كوردستان ده‌دوا، هه‌رچه‌ند فرهیشی تیا چووبوو، به‌ڵام هێشتا كه‌م و كوڕییه‌كی هه‌ر مابوو. كه‌وته سه‌رم منیش گهوێك بخه‌مه سه‌ر ئه‌و زنجیره‌ی سه‌ربهوردی ئه‌رده‌ڵانی، به‌تایبه‌تی كه خۆمنانخۆری ئه‌وانم و شانازی به به‌ختم ده‌كه‌م كه ئێستا ته‌واو خزمیانم. بۆ ئه‌م كاره‌ش ڕوانیومهته زۆر كتێبان و پرسیاریشم له پیره پیاوان كردووه و ئه‌م تاریخهم لێ سازداوه. تكامه له خوێنه‌ره‌وان به نزا له‌بیرم نه‌كه‌ن".
ماه شه‌ره‌ف خانم ته‌نها هه‌ر شاعیرهیهك نه‌بووه به‌ڵكو مێژوونووسێكی لێهاتووش بووه. ئه‌و تادواین ساته‌كانی ژیانی، تا ئه‌و كاته‌ی بۆهه‌میشه چاوه‌كانی لێكنا سه‌رقاڵی نووسینی كتێبه مێژووییه‌كه‌ی بووه هه‌رچه‌نده به‌داخه‌وه مه‌رگ مه‌ودای پێ نه‌داوه كه ته‌واوی بكات. له‌دوا لاپه‌ڕه‌ی كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت:
"من مه‌ستووره‌ی كۆچه‌ریش له‌دووریی ئه‌و ئازیزه خۆشه‌ویسته(كه‌مه‌به‌ست قولیخان والیزادهیه) دوو، سێ ڕۆژه له‌ش و گیانم له‌ئازار و ناخۆشیدایه و یاو دایگرتووه ،تاخوا چی بوێت. ".
میرزا عه‌لی ئه‌كبه‌ر مونشی كه‌ئه‌ویش ئامۆزای مه‌ستووره خانم بووه نووسیویه‌تی: "به‌گوێره‌ی زانست و به‌رزی فیكر و ژیری و جوان نووسین و شیعرێ كه له مه‌ستووره‌دا بووه، پێویسته مێژوونووسانی جیهان له‌لاپه‌ڕه‌كانی خۆیاندا ناوی ئه‌و بۆ بیره‌وه‌ری بنووسن و بیهێڵنه‌وه".
پرسیار له‌وه‌دایه كه ئاخۆ مهستوورهیهك كه تا هه‌نووكه‌ش له‌ناو كورددا ناوبانگێكی ئه‌وتۆی نیه و زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی نه‌پارێزراون، زۆرێك له ورده‌كارییه‌كانی ژیانی پێ نه‌زانراون ، گرنگیه‌كی ئه و تۆ به‌نووسراوه‌كانی نه‌دراوه، چۆن ده‌توانرێت له مێژووی جیهانیدا بناسرێت؟ هه‌رچه‌نده یه‌كه‌م ژنه له‌مێژووی میلله‌تی كوردا كهتوانیوویهتی ئه‌و ڕێچكه‌یه بشكێنێ، بوێرانه به‌ڕاشكاوی میژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی بنووسیته‌وه، ئه‌ویش به‌زمانێكی پاراوو ره‌وان، سه‌لیقه و به‌هره‌یه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر. به‌ڵام ئایا بۆ باس له‌وه ناكرێ بۆچی ئه‌و هه‌موو ساڵه مه‌ستووره په‌راوێزخرا و ناوی نه‌هاته ئاراوه ؟! بۆچی وا به‌و شێوه‌یه ساڵانێكی زۆر به‌رهه‌مه‌كانی بێ‌ناز مانه‌وه و كۆنهكرانهوه تا ئه‌م دواییانه‌ش ناوبانگێكی ئه‌و تۆی په‌یدا نه‌كردوه؟! ئایا ئه‌و هه‌موو ساڵه مانای ئه‌و خۆگبلكردن و خۆدزینه‌وه‌ی ئه‌دیبان و نوسه‌رانی میلله‌ته‌كه‌مان له‌مه‌ڕ ئه‌م شاژنه چیبوه؟
گومان له‌وه‌دا نیه كه ژنان له‌هه‌موو سه‌رده‌مێكدا به‌كه‌م سه‌یركراون، به‌جۆرێك ئه‌مڕۆ كه له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا ده‌ژین، هێشتاش ده‌بینین سه‌ره‌ڕای زۆر ده‌ستكه‌وتی به‌رچاو و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه له زۆر ڕوه‌وه، كه‌چی هێشتا یه‌كسانی (جینده‌ری) نه‌هاتۆته‌دی! ئیدی له‌كوێ له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، لهكۆمهلگایهكی باوكسالاری وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌دا، ماف به ژنێكی نووسه‌ر و ئهدیبهیهكی هه‌ست ناسكی وه‌ك مهستووه خانم ده‌درێ و له‌كاتی خۆیدا ناوبانگێكی جیهانی وه‌رده‌گرێ؟! ئاساری زۆربه‌ی به‌رهه‌می ئه‌دیبان و نووسه‌ران له‌كۆندا له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه كۆكراونه‌ته‌وه و پارێزراون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژمارهیهگی كه‌م له ژنان خوێنده‌واریان هه‌بووه، هه‌ربۆیه به‌لای به‌رهه‌م و نووسراودا نه‌چوون. كه‌سێك نه‌توانێ بخوێنێته‌وه و بنوسێ، له‌كوێ له به‌های نووسراوه‌كان تێده‌گات؟ بۆیه ژنان بیریان له پاراستنی به‌رهه‌مه‌كانی مه‌ستووره و هیچ نوسه‌رێكی دی نه‌كردۆته‌وه!! ڕه‌نگه گه‌ر ژنیش به ئه‌ندازه‌ی پیاوان له‌و سه‌رده‌مه‌دا مافی فێركردن و خوێنده‌وه‌یان هه‌بووبا ئێستا ئه‌وانیش چه‌ندین نووسراوی تری مه‌ستووره‌یان بپاراستایه و كه‌مترین به‌رهه‌می لهناوچووبایه و ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ش په‌راوێز نه‌خرایه. له‌وانه‌ش بوو ئێستا ئێمه‌ش خاوه‌نی چه‌ندین ژنه نووسه‌ری تر بووینایه....
خۆشبه‌ختانه ئه‌مڕۆ پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه په‌راوێزی و دابڕانی ناوی مه‌ستووره له‌جیهانی نووسیندا،واناوی هاتۆته‌وه كایه، كۆمه‌ڵێكی زۆر له ئه‌دیب و ڕۆشنبیر و نووسه‌ران به‌جدی ئاوڕیان له‌به‌رهه‌مه‌كانی داوه‌ته‌وه و ژماره‌ی ئه‌م نووسه‌رانه‌ش به‌رده‌وام له‌زیادبووندایه كه هه‌ستاون به لێكۆڵینه‌وه و وتارگه‌لێكی زۆر و چه‌ندین كتێبیان ده‌رباره‌ی ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م خانمه گهشبیره نوسیوه‌ته‌وه، ئه‌م كاره‌ش مایه‌ی دڵخۆشیه.
ده‌بێت ئه‌وه‌ش بوترێ له‌م سه‌رده‌مه‌شدا هێشتا ژنان به‌ده‌ست ئه‌و جیاوازیه زۆره‌وه كه له‌نێوان دوو ره‌گه‌زی نێر‌و مێدا هه‌یه ده‌ناڵێنن. تاهه‌نووكه‌ش ژنان نه‌بوونه‌ته خاوه‌نی ده‌زگاو چاپ و په‌خش و میدیایه‌كی سه‌ربه‌خۆ و تایبه‌ت به خۆیان، هێشتاش به‌شێوه‌یكی دادپه‌روه‌رانه نووسینی ژنان وه‌كو نووسینی پیاوان ته‌ماشا ناكرێت. له‌كۆتایدا من پێم وایه بۆ دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره كارانه له‌میژوودا پێویسته ژنان خۆیان بێنه مه‌یدان، به‌شێوه‌یه‌كی مۆدێرن و سه‌رده‌میانه بكۆشن تا مافه ڕه‌واكانی خۆیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن و چیدی وه‌ك ڕه‌گه‌زی دووه‌م ته‌ماشا نه‌كرێن و له په‌راوێزدا نه‌مێننه‌وه.
سه‌رچاوه/جام كوردی
كوردستان تیڤی/ كامران حاجی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.