كاتژمێر یازده‌ونیوی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 10 ى حوزه‌یرانى 2018 ، به بیانووی هه‌بوونی باره‌گاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا به چڕی گونده‌كانی سه‌ر به ناحیه‌ی وه‌رتێ له سنووری قه‌زای رواندز و دۆڵی باڵه‌ییانی سه‌ر به ناحیه‌ی قه‌سرێ له سنووری قه‌زای چۆمان بۆردومان كرد.
له‌مباره‌یه‌وه موسلیح زرار، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی وه‌رتێ، به كوردستان تی ڤی راگه‌یاند: بۆردومانه‌كه زۆر به چڕی نزیك گونده‌كانی بۆكریسكان و گه‌لی به‌دران و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی له سنووری بناری قه‌ندیل گرتۆته‌وه، ئه‌مه‌ش ترس و دڵه‌ڕاوكێی زۆری بۆ دانیشتووانی ناوچه‌كه و گوندنشینان دروستكردووه و هه‌ندێك گوندنشین به‌هۆی ئه‌م بۆردومانه ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتوه.
هاوكات جه‌بار وسو، به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی قه‌سرێی پارتی دیموكراتی كوردستان به كوردستان تی ڤی راگه‌یاند، له سنووری شاره‌دێی قه‌سرێ بۆردومانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كان دۆڵی باڵه‌ییانی گرتۆته‌وه و ئه‌مجاره زۆر به سه‌ختی ناوچه‌كانی (بوران، سێكانیان، قه‌ڵاتی باڵه‌ییان، كه‌پڕێ)ـی كردۆته ئامانج و تا ئێستا زیانی گیانی بۆ سه‌ر هاووڵاتییانی سڤیلی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه، به‌ڵام بۆ زیانه مادییه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه رێگری ده‌كه‌ن، زیانه‌كان نه‌زاندراون و به‌پێی قسه‌ی هاووڵاتیانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش فڕۆكه‌ی چاودێری تا كاتژمێر 2ـی دوای نیوه‌ڕۆ به‌سه‌ر ئاسمانی ناوچه‌كه ده‌سوڕێته‌وه.
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه به بیانووی هه‌بوونی بنكه و باره‌گاكانی په‌كه‌كه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا ناوچه‌كه به چڕی بۆردومانده‌كات، تا ئێستاش ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتی مه‌ده‌نی بوونه‌ته قوربانی كه دوا قوربانی شه‌هیدكردنی سێ گه‌نج بوو له دۆڵی باڵه‌ییانی سه‌ر به شاره‌دێی قه‌سرێ، كه به‌مه‌به‌ستی گه‌شت و سه‌یران روویان له گوندی سه‌ركانی ئه‌و ناوچه‌یه كردبوو، به‌ڵام به‌هۆی بۆردومانه‌كانی توركیا شه‌هید بوون..
كه‌ریم سمكۆ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.