Erbil 29°C شەممە 05 تشرینی یەکەم 10:26

نازم دەباغ: ئێران بەنداوی بۆ ئەوە دروست نەکردووە ھەوای تێبکات

ڕەتی دەکاتەوە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک بە فشاری ئێران بێت
کوردستان TV
100%

بەرپرسیکی یەکێتی نیشتیمانى كوردستان ، ڕایدەگەیەنێت، ئێران بەنداوی بۆ ئەوە درووست نەکردووە کە هەوای تێبکات، بەڵکو بۆ ئاویەتی و ڕەتی دەکاتەوە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک پەیوەندی بە فشاری ئێرانەوە هەبێت.

نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە تاران له‌سه‌ر پشكى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان، لەبارەی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە باسنیوزی ڕاگەیاند" دوای ئەوەی جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیری کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان پەیوەندییان بە کونسوڵی ئێران لە ھەولێرەوە کرد، ئێمەش وەک نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستبەکار بووین بۆ پەیوەندیکردن لەگەل لایەنە تایبەتەکان، بەڵام پێویست دەکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەم کێشەیە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا چارەسەر بکات، چونکە ئەمە کێشەی ھەردوولایە و کێشە دەوڵەتییەکان کە پەیوەندی بە بەغدا و ئێرانەوە ھەیە، ئێستا عێراق ھەمان کێشەی بەھۆی گرتنەوەی ئاوی دیجلە لەگەڵ تورکیا ھەیە، بەڵام ئەو ئاوە زیاتر بۆ ناوچە عەرەبییەکانە نەک کوردییەکان".

لەبارەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنی ئێرانی و ئەگەری کردنەوەی ئاوەکان، ئاشکرای کرد، ئەوان لە هەوڵدان، بەڵام ”ناتوانین بچینە سەر وردەکارییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کێشانە کاتی دەوێ و ئەم ھەفتەیەش تا ڕۆژی شەممەی داھاتوو، لە ئێران پشووی فەرمییە، لەلایەکی دیکەوە ئەم بابەتە زیاتر بە سیاسەتی دەرەوەی عێراق لەگەڵ ئێران بەستراوە، بەڵام لایەنی ئێرانی دەڵێن، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕەچاوکردنی دراوسێیەتی، ھەوڵ دەدەین ئەوەی پێمان بکرێ، بیکەین".

بە بڕوای نازم دەباغ، گرتنەوەی ئاوەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە فشار نییە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و عێراق و دەشڵێت" ئەمە فشار نییە و ڕاستییە، بۆ نموونە ئەگەر ھەرێمی کوردستان تووشی وشکەساڵی بێت، بەنداو دروست دەکات، ئایا بەو ھۆیەشەوە ئاوی خوارووی عێراق کەم دەکات.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی کە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەکات، ئێران ھیچ مەبەستێکی لە گرتنەوەی ئاو نییە و نایەوێ لە ڕێگەی ئاوەوە فشار بخاتە سەر عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەڵکو ئەمە پەیوەندیی بە سیاسیەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراقەوە ھەیە، کە چۆن پێش بە وشکەساڵی و گرتنەوەی ئەو ئاوانە دەگرن. 

ناوبراو گوتیشی" ئێران بەنداوی بۆ ئەوە دروست نەکردووە ھەوای تێبکات، بۆ ئەوە دروستی کردووە کە ئاوی تێ بکات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.