Erbil 32°C شەممە 21 ئەیلوول 12:53

تورکیا 8 لاوى هه‌رێمی کوردستان راده‌ستی سوپای سووریای ئازاد ده‌کات

فیدراسیۆنی په‌نابه‌ران لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكاتەوە
کوردستان TV
100%

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی فیدراسیۆنی په‌نابه‌ران،‌ كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان تیڤی، كه‌وتووه‌، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 21-4-2018، هه‌شت گه‌نجى  كوردی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیاوه‌ راده‌ستی ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كراون، كه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ پشتگیری ده‌كرێن و ناویان له‌خۆناوه‌ "سوپای سووریای ئازاد".

وه‌ك له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا دهاتووه‌، شێرزاد كه‌ریم ئه‌حمه‌د كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و 8 په‌نابه‌ره‌ كورده‌، به‌ فیدراسیۆنی په‌نابه‌رانی راگه‌یاندووه‌، "له‌ 15ی ئه‌م مانگه‌‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی گومرگی ئیسته‌مبوڵه‌وه‌ ده‌ستگیركراوین و دوای 8 شەو مانەوەمان لەگرتوخانەكانی توركیا و، پاش ئاشكراكردن و پێدانی كۆپیەكی پاسپۆرتەكانمان، كە ئێمە هاووڵاتی عێراقین و دانیشتوی هەرێمی كوردستانین، بەڵام بێ گوێدانە ناسنامەی ئێمە بەشێوەی زۆرەملی بەیانی ئەمڕۆ 21ی نیسان كاتژمێر 10:00ى به‌یانى له‌ خاڵی سنووری "بابل الهوای" ڕادەستی هیزەكانی سوپای ئازاد كراین".

ئه‌و هاووڵاتییه‌ كورده‌ له‌ ڕێگه‌ی فیدراسیۆنی په‌نابه‌رانه‌وه‌ داواشی له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌، هاوكاریان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ‌ هه‌رێمی كوردستان.

به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، "بەمەبەستی پاراستنی ژیانی ئەو پەنابەرە كوردانه‌، فیدراسیۆنی په‌نابه‌ران دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە سوریا و هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكاتەوە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان".

ناوی ئەو پەنابەرانەی كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی توركیاوه‌ راده‌ستی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كراون:-

1- ئەلەند رەزا محەمەد ئەمین / لەدایكبووی 1997 پارێزگای سلێمانی.

2- ئالان دڵشاد ڕەئووف / لەدایكبووی 1995 پارێزگای سلێمانی.

3- شێرزاد كەریم ئەحمەد / لەدایكبووی 1992 پارێزگای سلێمانی.

4- بەشدار قادر حەمە / لەدایكبووی 1995 پارێزگای سلێمانی.

5- محەمەد ساڵح حەمەرەشید / لەدایكبووی 1999 پارێزگای سلێمانی.

6- بەشیر سابر غەفوور / لەدایكبووی 1995 پارێزگای هەولێر.

7- سیداد ئەحمەد سەعید / لەدایكبووی 1997 پارێزگای هەولێر.

8- ڕێبین مستەفا عومەر / لەدایكبووی 1989  پارێزگای هەولێر.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.