فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤیێتی پێشوو، له ڕاگهیێندراوێكدا وێڕای خستنهژێر پرسیاری كۆمهڵگای نێودهوڵهتی و زلهێزان لهبارهی دۆخی باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان، داوا له حزبه سیاسییهكانی كوردستان دهكات، بە زووترین کات بەرەیەکی یەکگرتووی سەربازی-سیاسی (بەرەی ڕزگاریخوازی کوردستان) ساز بكهن. بە سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو، هێزێکی یەکگرتوو، ستراتیژیەتێکی یەکگرتوو کە ئامانجی بەدستهێنانی سەربەخۆیی بێت بۆ گەلی کورد.
دهقی ڕاگهیێندراوی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤیێتی پێشوو:
بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و گشت پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان، بۆ گشت کوردانی سەرتاسەری جیهان هاونەتەوەیانی بهرێز..
ڕووداوەکانی کەرکوک و عەفرین دڵنیای کردین کە جیهان هیچ بەشدارییەکی نییە لە چارەنووسی گەلەماندا. کوردەکان، ئەوانەی کە ڕۆڵی سەرهکییان هەبوو لە تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و ژیانی هەزاران کچ و لاوی کردە قوربانی بۆ پاراستن و بەرگریی گشت جیهانی شارستانی لە تاریکپەرستانی سەدەکانی ناوەڕاست، ئەمڕۆ کەوتۆتە بەر هێرشی ئەوانەی کە کاتێک کورد لە شەڕێکی سەختدا بوو لە گەڵ تیرۆریستانی داعش، ئەو لایەنانە بێدەنگ بوون و لە ژێرەوە بە هەموو چەشنێک پشتگیری و یارمەتیی داعشیان ئەکرد. ئەیانەوێت قەناعەت بە ئێمە بێنن کە ئێمە مافی چارەی خۆنووسینمان نییە و بۆ ئەوە هێشتا پێنەگەیشتوین. بە بۆچوونی وڵاتە زلهێزەکانش، ئەبێ کوردەکان بە چارەنووسیان ڕازی بن و بەندەئاسا و وەک هاووڵاتی پلەدوو لە عێراق، سووریا، تورکیا و ئیران درێژە بە ژیانیان بدەن.
جێی داخە کاتێ ئەبینین ئێمەیان بە کارهێنا (وەک قەڵغانی زیندوو) و کە کاریان پێمان نەما فڕێیان دان. بەڵام گەلی کورد بە مێژووی هەزار ساڵەی، بە تێکۆشینی دلێرانەی سەلماندی، کە هەستی نەتەوەیی و ویستی سەربەخۆیی لەبن نایەت. هیچ هێزێک لە جیهاندا نییە کە بتوانی ویستی سەربەخۆییی گەلەکەمان کپ بکات. هەروەک لە سروودی نیشتیمانیی(ئەی ڕەقیب)دا هاتووە- با کەس هزر نەکات کە کورد مردووە، کورد زیندووە و هەر زیندوو ئەبن و ئاڵای نەتەوەییمان لە لووتکەی گشت چیاکانی کوردستانی ئازاددا هەڵ ئەکەن.
ئێمە، کوردانی یەکێتیی سۆڤیێتی پێشوو، بە دڵێکی پڕ لە ژانەوە ئەڕوانینە ئەو ڕووداوە تڕاژیدیایانەی کە لە زێدی باب و پاپیرانمان ڕوو ئەدەن. ئێمە زۆر غەمگینین بەو خیانەتەی کەرکووک و چەوساندنەوەی هاونەتەوەکانمان لە باشووری کوردستان لە لایەن بەغداوە، کە تەنیا هۆکار دەربڕینی ویستی سەربەخۆیی بوو بۆ گشت جیهان، لە پرۆسەیەکی دێمۆکراتیانەدا. ئێمە زۆر دڵگرانین بە بارودۆخی عەفرین، کە بە بیانووی شەڕ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، سەرکردایەتیی تورکیا شەڕ لەگەڵ گەلی کورد ئەکات و لە ئەنجامدا هاووڵاتیانی سڤیل، پیر و منداڵ ئەبنە قوربانی.
لای ئێمە ئاشکرایە کە ئامانج لەو ئۆپێراسیۆنە گۆڕینی دێمۆگرافیای ناوچەکەیە و نەهێشتنی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەوەش بە بەرچاوی هەموو جیهان ڕوو ئەدات، ئەو جیهانەی کە بەر لە ئێستا پەسنی کچ و کوڕە جەنگاوەرەکانی کوردیان ئەدا، کە ئازایانە ئەجەنگان لە دژی تیرۆریستانی داعش. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی سەرەوە، هەروەها بە ئەو بێدەنگییە نامۆڕاڵی و تاواناوییەی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لەهەمبەر ئەو زۆری و تاوانانەی لە گەلەکەمان ئەکریت، کە بەپێی دەستووری خۆیان، ئەوان بەرپرسیارن لە ڕاگرتنی ئاشتی لە سەرتاسەری جیهاندا، ئێمە داواکارین لە هەموو پارتە سیاسییەکانی کوردستان، لە گشت گەلی کورد، کە هاودەنگ و یەکگر بن. ئێمە دڵنیا بووین لەوەی کە جگە لە خۆمان هیچ کەسێکی تر هاوکارمان نییە. پەرتەوازەیی و نەبوونی یەکڕیزی لە نێوانماندا، سوودگەیاندنە بە دوژمنانی گەلەکەمان. هەر بۆیە ئێمە داوا لە گشت تاکێکی کورد ئەکەین، کە جیاوازییە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکانتان وەلانێن، کینەکانتان لە بیر بکەن و بە زووترین کات هەڵسن بە سازدانی بەرەیەکی یەکگرتووی سەربازی-سیاسی(بەرەی ڕزگاریخوازی کوردستان). بە سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو، هێزێکی یەکگرتوو، ستراتیژیەتێکی یەکگرتوو کە ئامانجی بەدستهێنانی سەربەخۆیی بێت بۆ گەلی کورد.
لەو ئان و ساتەدا زیاتر لە هەر کاتێک دروشمی بارزانیی نەمر لە جێگای خۆیەتی کە ئەفەرموێت (یان کوردستان یان نەمان). ڕێگای سەربەخۆبوونمان تەنیا لە یەکبوونماندایە. ئێمە داوا لە گەلی کورد ئەکەین هەڵسەنگاندن بۆ خائینان بکەن و لە هەمبەر خیانەتەکانیان لە گەلی کورد، هەڵوێست وەرگرن و کردەوە پڕ شەرمەزارەکانیان ئیدانە بکەن و بە سزای گەلیان بگەیەنن.
بژی گەلی کورد.. بژی کوردستان.. بژی یەکڕیزی..
سەرۆکایەتیی فدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکانی وڵاتانی سۆڤیێتی پێشوو و
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.