Erbil 31°C چوارشەممە 02 تشرینی یەکەم 15:35

نەجیبە نەجیب: ژماره‌ حیسابیه‌که‌ بۆ هه‌رێم ته‌رخانکراوه‌ ده‌خاته‌ڕوو

بڕی 450 ملیار دینار لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە خراوەتە سەر ژمارە حیسابێکی هەرێم
کوردستان TV
#7
100%


دوای ئەوەی بڵاوکرایەوە کە حکوومەتی عێراق بڕی 450 ملیار دیناری خستووەتە سەر حیسابی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ پێدانی مووچە بە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، ئەندامێکی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، کردنەوەی حیسابێک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ پێدانی مووچە لەئارا دایە، بەڵام وردەکاریی 450 ملیار دینارەکەیان لا ڕوون نەبووەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نەجیبە نەجیب، ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان  ڕایگەیاند:  لەڕاستیدا کردنەوەی حیسابێک بۆ ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لەئارا دایە، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی کە باسی لێوە دەکرێت کە خرابێتە سەر ئەو حیسابە، ڕاستییەکەی تا ئێستا بۆمان ڕوون نەبووەتەوە کە چەندە؟ ئێمە ئێستا سەرقاڵی بەدواداچوونین لە سەر ئەوەی کە بەڕاستی ئەو بڕە پارەیە چووەتە سەر ئەو حیسابە یاخود نا.

ئاماژەشی بەوە کرد: بابەتی ناردنی مووچەی ھەردوو وەزارەتی تەندرووستی و پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، یەکلا نەبووەتەوە، تاکو بنێردرێت.

پێشتر دەنگۆی ئەوە بڵاو کراوەتەوە کە بڕی 450 ملیار دینار لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە خراوەتە سەر ژمارە حیسابێکی هەرێمی کوردستان، بەڵام نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا بێئاگایی خۆی لەم بابەتە ڕاگەیاند.

شایه‌نی باسه‌ بەپێی نووسراوێک، بانکی ناوەندی عێراق لە رێککەوتی 7-ی کانوونی دووەمی 2018، نووسراوێکی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق/ نووسینگەی وەزیر کردووە کە ئاماژە بە کردنەوەی هەژمارێکی بانکی دەکات تایبەت بە هەرێمی کوردستان ،

لەبارەی کردنەوەی هەژمارەکە لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئاماژە بە نووسراوتان ژمارە 29840 لە 30-12-2017دا، هەژمارێکی بانکی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە بە ژمارە 200000 بۆ جۆری 229، کە گرێدراوە بە کۆدی 853، وەزارەتەکەتان پارە بۆ ئەو ژمارە بانکییە دابین دەکات بە هەژماری بانکی ژمارە 70009 تان، کە بڕی پارەکەش (450) ملیار دینارە لە 3-1-2018دا. بەپێی نووسراوەکە ، مافی جوڵاندنی پارەکەش تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.