Erbil 20°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 13:10

عه‌بدوڵای کوێخا موباره‌ک: 60 بۆ 70 هه‌مه‌ڕی دژه‌ تیرۆری یه‌کێتی هه‌ڵیانکوتاوه‌ته‌ سه‌ر 20 پێشمه‌رگه‌

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك راستی رووداوه‌كانی گرتووخانه‌ی فیدراڵی چه‌مچه‌ماڵ
عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: 60 بۆ 70 هه‌مه‌ڕی دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر 20 پێشمه‌رگه‌
کوردستان TV
100%


دوای ئه‌وه‌ی هێزێكی دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر به‌ندینخانه‌ی فیدڕاڵی چه‌مچه‌ماڵ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ره‌ش ئه‌فسه‌رێكی پێشمه‌رگه‌ كوژراو چه‌ندانی تریش برینداربوون، له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ش، عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك هاته‌ ده‌نگ.

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك باژێڕوانی مه‌كۆی گۆڕان له‌ چه‌مچه‌ماڵ له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كیدا له‌ په‌ڕه‌ی فه‌رمی له‌ فه‌یس بووك، خۆی راستی رووداوه‌كانی گرتووخانه‌ی فیدراڵی چه‌مچه‌ماڵ باس ده‌كات و ده‌ڵێت:

كورت وپوختی بابه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قه‌رزێكی گه‌وره‌مان لای ته‌واوی بنه‌ماڵه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی و دژه‌ تیرۆری یه‌كێتیه‌.

دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی بۆ گواستنه‌وه‌ی به‌ندكراوان نه‌چووبوون، به‌ڵكو بۆ داگیركردنی گرتوخانه‌كه‌ بوو به‌ ته‌واوی مه‌خزه‌ن و كه‌لوپه‌لی رێستورانت و حانوتی كۆمپانیای خۆراكی گرتووخانه‌كه‌شه‌وه‌، كه‌ هی برا وخزمه‌كانی منه‌، ئه‌گینا ئه‌و گرتوخانه‌یه‌ 3000 به‌ندكراوی تێدابووه‌ و له‌ چه‌ند مانگی ڕابردودا 2500 به‌ندكراو گواستراونه‌ته‌وه‌ به‌بێ چاودێری دژه‌ تیرۆر وهیچ كه‌سیش ڕێگری لێ نه‌كردون.

ده‌شڵێت: 60 بۆ 70 هه‌مه‌ر وباجه‌ری دژه‌ تیرۆر هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر 20 پێشمه‌رگه‌ی لیوای تایبه‌تی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی كه‌ برا وئامۆزا وخزمی منن.

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك ده‌شڵێت: برا و ئامۆزاكانی من چه‌ته‌ و ڕێگر وچه‌كداری كۆمپانیا نین، هه‌روه‌ها بۆ ڕێگری له‌ گواستنه‌وه‌ی به‌ندكراوه‌كان له‌وێ نه‌بوونه‌، ئه‌وان ئه‌فسه‌ر وپێشمه‌رگه‌ن له‌ لیوای تایبه‌تی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، ڕێگری ئه‌وان له‌ دژه‌ تیرۆر بۆ دوو هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

یه‌كه‌میان بۆ پاراستنی كه‌لوپه‌لی كۆمپانیاكه‌یان، دووه‌میش پێ ده‌چێت ململانێی ناوخۆیی یه‌كێتی تێكه‌ڵ به‌م كێشه‌یه‌ كرابێت، چونكه‌ ئه‌وان ده‌ڵێن سه‌رووی خۆمان ئاگادار بووه‌ له‌ چوونی ئێمه‌ بۆ گرتوخانه‌كه‌.

له‌ به‌شێكی تری بڵاوكراوه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: به‌ نیسبه‌ت منه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و گرتوخانه‌یه‌ و ڕووداوه‌كه‌ من نزیكه‌ی 5 مانگه‌ ده‌ستبه‌رداری پشك و كۆپانیای خۆراك و گرتوخانه‌ی فیدراڵی چه‌مچه‌ماڵ بوومه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی برا وخزمه‌كانم گله‌یی ئه‌وه‌یان لێم هه‌بوو كه‌ من زۆربه‌ی پاره‌ی ئه‌و ئیشه‌ به‌ هه‌ده‌ر ئه‌ده‌م و ئه‌وان ته‌نها ماندوبوونه‌كه‌یان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌، منیش وه‌كو سزادانێكى خۆم و قه‌ره‌بوویه‌كی ئه‌وان ده‌ست به‌رداری ئیشه‌كه‌ بووم.

سه‌باره‌ت به‌ ڕوداوه‌كه‌ش، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ نه‌بووه‌ و من یه‌ك كاتژمێر پێشتر ئاگادار كرام و داوام له‌ برا و خزمه‌كانم كرد كه‌ ئه‌و شوێنه‌ جێبێڵن با كێشه‌ دروست نه‌بێت، به‌ڵام به‌ قسه‌یان نه‌كردم و به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ لایه‌نێكی ترن و سه‌رووی خۆیان ئاگاداره‌ كه‌ له‌وێن بۆیه‌ ناتوانن بكشێنه‌وه‌.

به‌ڵام ئێستا كه‌ ئامۆزایه‌كی خۆشه‌ویستم و كوڕی شه‌هیدێكی سه‌ركرده‌مان شه‌هید كراوه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك و له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر په‌یوه‌ندیدارم به‌و كێشه‌یه‌وه‌.

هه‌روه‌ها عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك ده‌شڵێت: كورت و پوختی بابه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قه‌رزێكی گه‌وره‌مان لای ته‌واوی بنه‌ماڵه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی و دژه‌ تیرۆری یه‌كێتیه‌.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.