Erbil 4°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 08:05

نێچیرڤان بارزانی: به‌هیواین گفتوگۆکانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا له‌ خزمه‌تی هاووڵاتیان کۆتایی پێ بێ

لیژنه‌ و تیم له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێكهێنراون
کوردستان TV
100%

دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17/1/2018ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌ هه‌فتانه‌كه‌یدا‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ ناوچه‌كه‌ و عێراق و بارودۆخی هه‌رێمی كوردستانى كرد.

سه‌ره‌تا به‌ڕێزیان له‌ وته‌یه‌كدا گوتی "هه‌روه‌ك ئاگادارن كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌م ڕۆژانه‌ی ڕابردووی نیوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق، له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێك ده‌ستیان پێكردووه‌. پێشتر شاندێكی هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز كه‌ریم شه‌نگالی وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدای كردبوو و له‌وێ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ دانیشتنیان ئه‌نجام دابوو، دواتریش شاندێك له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز مه‌هدی عه‌لاق ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد. له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌نێوان هه‌ردوولادا تیم بۆ بابه‌ته‌كانی فڕۆكه‌خانه و خاڵه‌ سنوورییه‌كان و ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆوه‌ هه‌یه‌، دروست كران. وه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆمان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ماندا باسمان كرد، هه‌ڵسه‌نگاندێكی ئه‌رێنیمان هه‌یه‌ و له‌و بڕوایه‌داین كه‌ ده‌ستپێكردنێكی زۆر باشه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵدا هه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا. ئێمه‌ به‌م دانیشتنانه‌ خۆشحاڵین و هیوادارین بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێكی باش كه‌ له‌ خزمه‌تی هه‌موو هاووڵاتیانی كوردستان و عێراقدا بێت و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێمه‌ و به‌غدا ئاسایی ببێته‌وه‌ و هه‌موو شته‌كان زۆر له‌ جاران باشتر بكرێن. ئه‌مه‌ هیوای ئێمه‌یه‌ و بڕیار وایه‌ كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ش به‌دوای ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌دا بێت".

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند "هه‌روه‌ك ئاگادارن به‌غدا داوای لیستی مووچه‌خۆرانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌ و لیسته‌كانمان ناردۆته‌ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌ و ئه‌مڕۆش كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌یه‌، به ‌هیوای ئه‌وه‌ی له‌مڕووه‌وه‌ بگه‌نه‌ ئه‌نجامێكی باش".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ داوه‌تكردنیان له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌لیم جبووری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوینه‌رانی عێراقه‌وه‌ بۆ به‌شداریكرن له‌ كۆنفراسێكی ئاشته‌وایی له‌ به‌غدا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرای كرد "داوه‌ته‌كه‌ بۆ ئێمه‌ هاتووه‌، به‌ڵام ئایا من خۆم ئاماده‌ ده‌بم یان نا؟ هێشتا بڕیارمان نه‌داوه‌ و له‌وانه‌یه‌ ئه‌و كاته‌ وا هه‌ڵكه‌وێت كه‌ ئێمه‌ لێره‌ نه‌بین و له‌ كۆنفرانسی داڤۆس بین".

سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری كشانه‌ى یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له‌ حكوومه‌ت، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "پێمان وایه‌ ئه‌م بڕیاره‌ نه‌ كاته‌كه‌ی گونجاو بوو و نه‌ له‌ به‌رژوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستاندایه‌ و نه‌ له‌ به‌رژوه‌ندییی یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانیشدا بوو. كاته‌كه‌ی گونجاو نه‌بوو و به‌ بڕوای ئێمه‌ بڕیارێكی دروستیش نه‌بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و پیشاندانی یه‌كڕیزیی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م بڕیاره‌ ئێمه‌ی زۆر نیگه‌ران كرد و پێمان ناخۆش بوو. ئه‌و وه‌زیرانه‌شیان كه‌ تا ئێستا كاریان كردووه‌ سوپاسیان ده‌كه‌م، له‌ ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ده‌ستیان به‌كار كردووه‌ له‌م كابینه‌یه‌، پابه‌ندی ئه‌و سوێنده‌ یاساییه‌ بوون كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان خواردوویانه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ توانایاندا بووه‌ بۆ خزمه‌تی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامیان داوه‌. ئێمه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، هه‌م كاك قوباد و هه‌م به‌نده‌ له‌ ڕێز و خۆشه‌ویستی و سوپاس بۆ ئه‌و براده‌رانه‌ هیچی دیكه‌مان نییه‌ بیڵێین".

ده‌رباره‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "هه‌ڵبژاردن، بابه‌تێك نه‌بووه‌ كه‌ ئێمه‌ پێمان ناخۆش بێت ئه‌نجام بدرێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ من پێش زیاتر له‌ مانگ و نیوێك نامه‌م بۆ په‌رله‌مانی كوردستان نووسیوه‌ و داوام كردووه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت و له‌مباره‌یه‌وه‌ یه‌ك دوو جار له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش دانیشتووین تاكو ڕێكاری چۆنیه‌تیی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ین و هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان ئه‌نجام بدرێت. ئێستاش وه‌ك حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان و كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان داده‌نیشین كه‌ بڕیاری پێشتری ئێمه‌ بووه‌، بۆ دیاریكردنی واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان، وه‌ك حكوومه‌تیش له‌سه‌ر ئه‌مه‌ به‌رده‌وام ده‌بین".

ده‌رباره‌ی شوێنگرتنه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامی و كردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێگایانه‌ی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا به‌ داخراوی ماونه‌ته‌وه‌، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "پرسی بڕیاری یه‌كگرتووی ئیسلامی وه‌ك حزبێكی سیاسی بابه‌تێكه‌ و بابه‌تی وه‌زیره‌كانیشیان بابه‌تێكی دیكه‌یه‌، ده‌بێت وه‌زیره‌كانیان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن و تا سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان ئیمزا ده‌كات، ده‌بێت له‌ ئه‌ركی خۆیان به‌رده‌وام بن. هیوادارم تا ده‌ستنیشانكردنی وه‌زیری دیكه‌ له‌ كاره‌كانیان به‌رده‌وام بن.

له‌ وه‌ڵامێكى پرسیارێكى دیكه‌دا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌رى كرنه‌وه‌ى ڕێگه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراق، كوتى "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌موو ڕێگاكان بكرێنه‌وه‌ و هاووڵاتیانی هه‌موو ناوچه‌كانی عێراق زۆر به‌ ئاسانی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌. له‌ هه‌ندێك شوێن ڕێگاكان كرانه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی لایه‌نی ئه‌منی و سه‌ربازی وابوو‌ كه‌ كێشه‌یه‌ك نییه‌ و ده‌توانرێت بكرێنه‌وه‌، له‌و شوێنانه‌ی كه‌ تا ئێستا به‌داخه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان گرژییه‌ك هه‌یه،‌ ڕامانگرتووه‌. له‌و باوه‌ڕه‌دام له‌و كۆبوونه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌مانه‌، هه‌موو ئه‌و ڕێگایانه‌ ده‌كرێنه‌وه‌ و هاتوچۆ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق ئاسایی ده‌بێت".

سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ی خزمه‌ت كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا خرایه‌ ڕوو، به‌ڕێزیان گوتی "ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ هه‌ڵسه‌نگاندێكه‌ و چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا ده‌ستی پێكردووه‌، ئه‌و كاته‌ی كه‌ كاك قوباد جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌ فه‌رمانگه‌ی به‌دواداچوون كاری ده‌كرد، هه‌ڵسه‌نگاندێكیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ چ شێوه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌درێن. له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌دا ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ هه‌ندێك وه‌زاره‌تدا كۆمه‌ڵێك ڕێكار و هه‌نگاو هه‌یه‌ بۆ خزمه‌تگه‌یاندن به‌ هاووڵاتیان كه‌ پرۆسه‌كه‌ زۆر زه‌حمه‌ت ده‌كات، یان زۆر درێژخایه‌ن ده‌بێت. به ‌سوپاسه‌وه‌ بۆ ئه‌م كاره‌ی كراوه‌ له‌م بواره‌دا، ئه‌مڕۆ ڕاپۆرتی خۆیان پێشكه‌ش كرد و درایه‌ هه‌موو وه‌زیره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك كه‌ وه‌زاره‌ته‌كان ده‌توانن هه‌ڵیگرن، كارئاسانی بكرێت بۆ ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه‌ پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیان ده‌كرێت. به‌ بڕوای ئێمه‌ له‌ بواری چاكسازیدا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وانه‌ی كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكردووه‌ چ له‌ بابه‌تی شه‌فافیه‌ت له‌ نه‌وت و ڕێكخستنه‌وی كاروباری وه‌زاره‌تی دارایی، چ ئه‌م كاره‌ی كه‌ ئه‌مڕۆش كرا كه‌ لێره‌ ده‌مه‌وێ سوپاسی هه‌م به‌ڕێز جێگری سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ خۆی سه‌رپه‌رشتیی ئه‌م پرۆگرامه‌ی كردووه‌ و هه‌م ئه‌و ستافه‌ی كه‌ كاریان له‌گه‌ڵی كردووه‌ و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كاریان كردووه، بكه‌م‌. به‌یه‌كه‌وه‌ كارێكی گرنگیان ئه‌نجام داوه‌ و هیوادارم له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ببینه‌ شاهیدی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ كه‌متر بكرێنه‌وه‌ و كاری هاووڵاتیان و خزمه‌تگه‌یاندن به‌ هاووڵاتیان ئاسانتر ببیت".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ڕێز ئه‌مانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان هه‌ردوو به‌ڕێزان سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵدا ڕێك بخات، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "ئاگاداری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ نیم. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵین ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێمه‌ و به‌غدا، به‌ڵام هیچ پلانێك بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌وها نییه‌. ئێمه‌ سه‌ردانی داڤۆس ده‌كه‌ین و كۆمه‌ڵێك دیداریشمان له‌گه‌ڵ به‌شدارانی كۆنفرانسی داڤۆس ده‌بێت به‌پێی به‌رنامه‌ و ئه‌جێنداكانیان".

سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ریی كۆبوونه‌وه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئاستی باڵا و بڕیاردان بۆ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا و كۆماری ئیسلامیی ئێران، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "په‌یوه‌ندی له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدا هه‌یه‌ و بڕواشم وایه‌ له‌م نزیكانه‌دا ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌گشتی و به‌تایبه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق زیاتر ببێت و هیوادارم له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش به‌ هه‌مان شێوه‌. په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ توركیا و ئێرانیش ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ مانگێك له‌مه‌وبه‌ر به‌راوردی بكه‌ین، ڕێگه‌یه‌كی دوورمان بڕیوه‌ و زۆر به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات و له‌و باوه‌ڕه‌دام به‌م نزیكانه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ باشتریش ببن و ده‌توانم به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بڵێم كه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌یه‌كین بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران. سه‌باره‌ت به‌ فڕۆكه‌خانه‌كان، كۆنووسی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌ واژۆ كراوه‌ و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین سه‌رۆك وه‌زیران له‌ به‌غدا كۆنووسی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ببینێت. هه‌ندێك بابه‌تی ته‌كنیكی هه‌یه‌ و سیسته‌مێك هه‌یه‌ ده‌بێت پێیه‌وه‌ گرێبدرێت له‌نێوان ئێره‌ و به‌غدا گه‌ر‌ ته‌واو ببێت، له‌و باوه‌ڕه‌دام دواتر له‌سه‌ر بڕیاری سیاسی ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان، ئه‌گه‌ر نا ئه‌و داوكارییانه‌ی كه‌ هه‌یانبووه‌ هه‌مووی جێبه‌جێ كراوه‌".

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی گوایه‌ حكوومه‌تی عێراق پاره‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانی خستۆته‌ سه‌ر حسابێكی بانكی و به‌رده‌وامی له‌ پێدانی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و داوای هه‌رێمی كوردستان له‌ چاوشئۆغڵو بۆ نێوه‌ندگیریكردن له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڕێزیان گوتی "به‌پێی ئه‌و داهاته‌ی كه‌ هه‌مانه‌ له‌سه‌ر دابه‌شكردنی مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بین. به‌ فه‌رمی كه‌س ئاگاداری نه‌كردوینه‌ته‌وه‌ كه‌ حسابێك له‌ بانك بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت. سوپاسی هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك ده‌كه‌ین كه‌ یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێمه‌ و به‌غدا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی شتێك به‌ ئێمه‌ گوترابێت؟ ئه‌وا نه‌خێر هیچ شتێك به‌ فه‌رمی به‌ ئێمه‌ نه‌گوتراوه‌".

سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عێراق و گله‌ییی هه‌رێمى كوردستان له‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عێراق ڕوونه‌، هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت له‌ بودجه‌ی عێراقدا ئه‌وه‌ی كه‌ پشكی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دادوه‌رانه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه‌ هه‌یه‌ دابه‌ش بكرێت. ئێمه‌ داوای مافی خۆمان ده‌كه‌ین ئه‌وه‌ی كه‌ موسته‌حه‌قاتی ئێمه‌یه‌ نه‌ زیاتر و نه‌ كه‌متر. له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تیشدا (ئای ئێم ئێف) جه‌خت له‌سه‌ر به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته‌وه‌ و به‌ به‌غداش گوتراوه‌ كه‌ ده‌بێت بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ چ شێوه‌یه‌ك بێت. داواكاریی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ جێبه‌جێ بكرێت.
سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانى ڤاتیكانیش، به‌ڕێزیان گوتى "ئێمه‌ سه‌ردانی ڤاتیكانمان كرد و ئه‌وان به‌ گرنگییه‌وه‌ له‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ ده‌ڕوانن و تێگه‌یشتنی ته‌واویان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كوردستان به‌پێی ده‌ستووری عێراق و له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا. ئه‌وان ئاگاداری ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ن و داوا ده‌كه‌ن ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو پێكهاته‌كانی دیكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بێت و ده‌ڵێن ئێمه‌ شانازی ده‌كه‌ین كه‌ له‌ وڵاتێكدا ئه‌و هه‌موو پێكهاته‌یه‌ موسڵمان، كرستیان توركمان و ئێزدى به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ژین و نزای خێری ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پێكه‌وه‌ژیانه‌ و سه‌قامگیری و ئارامی له‌ كوردستان و هه‌موو عێراق به‌رده‌وام بێت".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ڕۆژنامه‌كاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ گوایه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دوو ملیۆن دۆلاری داوه‌ته‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان و ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی كه‌ 8000 چه‌كداری سه‌ر به‌ ئه‌نه‌كه‌سه‌ به‌ ناوی زێره‌ڤانییه‌وه‌ مووچه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گرن، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "هه‌ردوو هه‌واڵه‌كه‌ ڕاست نین و هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌، ئه‌نه‌كه‌سه‌ و یه‌كێتی هیچ پاره‌یه‌ك له‌ ئێمه‌ وه‌رناگرن".

له‌ وه‌ڵامی پرسێارێكى دیكه‌دا سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و گفتوگۆكانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌ردوولا، به‌ڕێزیان گوتی "هه‌ڵسه‌نگاندنی من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستپێكردنێكی باشه‌، ناتوانم بڵێم چه‌ند له‌ سه‌دی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵام به‌ بڕوای من ڕێگه‌یه‌كی دروسته‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ندێك له‌و كێشانه‌ی كه‌ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵیدا هه‌یه‌. ده‌ستپێكردنێكی باشه‌ و هیوادارم ئێمه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ببات كه‌ چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌كان بكه‌ین و وه‌ك پێشتریش دووپاتمان كردۆته‌وه،‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراق و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراقی".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری نه‌ناردنی مووچه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ و توانای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دابینكردنی مووچه‌دا، به‌ڕێزیان گوتی "هه‌روه‌ك پێشتر باسم كرد، به‌پێی داهاتی خۆمان مووچه‌ دابین ده‌كه‌ین و ئه‌و مووچه‌یه‌ی كه‌ تا ئێستا داومانه،‌ به‌رده‌وام ده‌بێت".

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌وه‌ی گوایه‌ به‌غدا 450 ملیار دیناری خستۆته‌ سه‌ر حسابی هه‌رێمی كوردستان له‌ بانك و ڕێكاره‌كانی هێنانی ئه‌و پاره‌یه‌، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرای كرد "وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌م دایه‌وه‌، من خۆم ئاگادار نیم و هیچ پاره‌یه‌كیش نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر حسابی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئێمه‌ هه‌ر هیچ حسابێكمان له‌وێ نییه‌ تا پاره‌ی بخرێته‌ سه‌ر و ئاگاداریش نین".

كۆتا پرسیار سه‌باره‌ت به‌وه‌ بوو كه‌ به‌غدا به‌ڵێنی داوه‌ مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی لیستی مووچه‌خۆران بۆ به‌غدا، به‌ڕێزیان گوتی "به‌م شێوه‌یه‌ نییه‌، ئێمه‌ دوو لیژنه‌مان ناردووه‌، لیژنه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و لیژنه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی چوون و لیسته‌كانیشیان له‌گه‌ڵ خۆیان بردوون له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و بایۆمه‌ترییه‌ی كه‌ هه‌یه‌، له‌م پێناوه‌شدا ئێمه‌ هه‌موو ئاسانكاری و هاوكارییه‌ك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بن كه‌ شه‌فافییه‌ت له‌م لیستانه‌دا هه‌یه‌ و كێشه‌ی تێدا نییه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای بایۆمه‌تری بووه‌. هیوادارین بگاته‌ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی ئه‌م دوو وه‌زاره‌ته‌ دابین بكرێت. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات، به‌ڵام ئه‌مه‌ ده‌ستپێكردنێكی باشه‌ و له‌و بڕوایه‌داین كه‌ ناردنی مووچه‌ی ئه‌م دوو وه‌زاره‌ته‌ هه‌نگاوێكی باشه‌ و خۆشحاڵ ده‌بین گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ بدرێت".

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.